هەوساربەردانی  چەتە ئیسلامیستەکان؛ ئامرازێک بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆنەپەرستی لە ناوچەکە… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەوەی ئەمڕۆ لە خاکی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکان دەگوزەرێت، تەنیا شەڕێکی ناوخۆیی سادە نییە، بەڵکو تەقینەوەیەکی دووبارەی “فاشیزمی دینی و ئیسلامێکی سیاس”یە کە سەرچاوەکەی لە جبەخانە سیاسییەکانی ئەنقەرە و کریدۆرەکانی واشنتۆن و ڕۆژئاواوە دایە. چەتەکانی “جۆلانی” و ئەو بەکرێگیراوانەی فەرمان لە تورکیا وەردەگرن، تەنیا مۆرەی شەترەنجن لە کایەیەکی خوێناویدا؛ بۆ ڕێکخستنەوەیەکی کۆنەپەرەستانەی تەواوی ناوچەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتی فاشیستی تورکیا. کارەکتەرەکانی ئەم ڕێکخستنەوە خوێناوی و ڕەشەی ناوچەکە، جۆلانی و ئۆباشی لەهەوسار بەربووی جوڵانەوەی چنگ بە خوێنی ئیسلامی سیاسیە.

هەر بۆیە ئەم “قیامەتە گڵاوە ئیسلامییە” تەنیا ڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێڕەوانەیە کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕۆژئاوا کردوونیەتەوە. ئەو دەوڵەتەی خۆی بە میراتگری عوسمانی دادەنێت، لە ڕێگەی ناردنی ئەم دڕندە کێوییانەوە، نەک تەنیا هەوڵی سەرکوتکردنی ئیرادەی خەڵکی  کوردزمانی دانیشتوی ئەو ناچانە ، بەڵکو ئامانجی وێرانکردنی هەر شتێکە کە بۆنی شارستانییەت، ژیانێکی تەنانەت نیمچەئازادی لێ بێت.

ئیتر ناکۆکی سەرمایە و سەرمایەداری  لەگەڵ ژیانێکی متمدن و تەنانەت لەگەڵ مەدەنیەتی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە دا ئەوەندە قوڵ بۆتەوە، کە ئیتر جگە لە تڕامپ و جۆلانی و جگە لەو وەحشتە بێئەوپەڕە هیچی تر بەرهەم ناهێنێ.جگە لەم خوێن و کوشتار و وێرانکاریە  هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. جۆلانی و داعش و بەغدادی و علی قەرەداغی بە قەدەر تڕامپ و خامەنەئی و ئۆدوگان کوڕی شەرعی و بەرهەمی ناچاریی سەرمایەداری ئەمڕۆن.

پاڵپشتیی و سپۆنسۆری ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ئەم ڕەوتە تەکفیرییانە، ئەوە دوپات دەکاتەوە کە جگە لە مەرامە جیوسیاسیەکانیان  بۆ دابەشکردنەوەی سەرچاوەکانی سەروەت و نەوت و یەکلاکردنەوەی نفوز، لایەنێکی گرنگی ئەم ستراتیژە بەکارهێنانی  “کۆنەپەرستیی ئیسلامیە”  بۆ ڕێکخستنەوەیەکی کۆنەپەرەستانەتری سەرجەم سەرخانی سیاسی و فەرهەنگی و ئاسایشی  ناوچەکە و شێوە ژیانێک  کە بتوانێ دۆزەخی کاری هەرزان و بێمافی بگۆڕێ بە حاڵەتێکی درێژماوە بۆ ئەو مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمەتکێشە . ئەمە ئامانج و ڕۆڵی ئەم قیامەتە ڕەشەی ئیسلامیەیە لە ڕوانگەی ئەمریکا و ڕۆژئاوای دیموکراتەوە.

هەر بۆیە لە دڵی ئەم هێرشە دڕندانەیەدا، ئەم ڕاوەستانەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە دژی ئەم قیامەتە ئیسلامیە سپونسۆرکراوەی دنیای دیموکرات و ژێرپارێبەندی دەوڵەتی تورکیا  بە تەنێ بەرگری لە سنوورێکی جوغرافیایەکی دیاریکراو نیە و تەنیا پەیوەندی بە کێشەی میللیەوە نیە، بەڵکو لایەنێکی کرنگ کە لەم چرکە ساتەدا دەبێ ببینرێ ڕەتکردنەوەی قیامەتە ڕەشە ئیسلامیە کە هیچ سنورێک لە دەستدرێژی بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ ناناسێ. ئەو ژنەی لە کۆبانێ و عەفرین و منبج چەک هەڵدەگرێت، تەنیا دژی تیرۆری تەکفیری شەڕ ناکات، بەڵکو دژی لۆجیکی بە کۆیلە کردن دەجەنگێت. ئەو کرێکارەی پارێزگاری لە کارگەکەی و گەڕەکەکەی  دەکات و ئەو گەنجەی داهاتووی خۆی لە مەترسیدا دەبینێت و ئامادە نیە لۆجیکی سەرشۆڕی  قبوڵ بکات  لە ڕاستیدا خەریکە ئەم نەخشە شوومە بۆ مل پێکەچکردنی مەدەنیەت و مرۆڤایەتی پوچەڵ دەکاتەوە.

لە کاتێکدا کە قیامەتی گڵاوی ئیسلامی لە ئێران لە لێواری داڕماندایە و لە جەنگی  مان نەمان و ململانێیەکی چارەنووسسازدایە دژی مرۆڤایەتییەک کە بۆ وەرگرتنەوەی ئادەمییەت و شارستانییەتی خۆی دەجەنگێت و هەوڵی ناشتنی ئەم مۆتەکە گڵاوە دەدات؛ نابێت ڕێگە بە ڕۆژئاوا و ئەمریکا و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بدرێت قیامەتێکی گڵاوی ئیسلامی دیکە لە سووریا بەرپا بکەن.

تێکشکاندنی ئەم پڕۆژەیە و ئەم قیامەتە گڵاوەی کە بە خوێن و تیرۆر و تۆقاندنی ئیسلامی سوور کراوە و دژی شارستانییەت و مرۆڤایەتییە، ئەرکی هەر بزووتنەوەیەکی بەرپرسیار و هەر مرۆڤێکی ئازادە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.