ئاوێزان بوونی دەسەڵات و ئایین بۆ ڕێگری لە ئازادییەکان… نووسینی: هاوکار باهیر

0

دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و داسەپاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئەحزاب و ڕێکخراوی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕابەری ئەمریکا، هەلومەرجی سیاسی لە گشت عێراق و ناوچەکەدا بواری دا بە باڵی ڕاستی بورژوازی کە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو نائینسانی خۆی دابسەپێنێ. ئیتر دەسەڵاتی سیاسی لەعێراق و کوردستان لەژێر سێبەری ئەمریکا درێژەی پێدرا، یەکێک لەداردەستەکانیان چەکی ئایین بوو بۆ ئەوەی لەلایەکەوە خەڵک گیرۆدەی دواکەوتووی و ئەفسانەی ئاینی و مەزهەبی و لەلایەکی ترەوە ناکۆکی قوڵی چینایەتی بشارنەوە.

 لە دوای ساڵانی 2000دا سیاسەتی سەرانی ئەحزابی دەسەڵاتی کوردی گۆڕا بۆ تاقیگەیەکی گونجاو بۆ تێکەڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداری مافیایی تاڵانکەر و ئایدیۆلۆژیای ئایینی. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، نە «هەڵەی کەلتووری»یە، نە «گۆڕانی خۆڕایی»؛ بەڵکو ئەمە ئەنجامی پلانێکی چینایەتییە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. هەردوو حزبی دەسەڵات مەلاو مینبەر و بانگخوازەکانیان بەردایە گیانی کۆمەڵگە و دەستکراوەیان کردن لە بێدەنگ کردنی خەڵکی ناڕازی بۆ شاردنەوەی دزی و تاڵانچێتی و ئەو تاوانانەی دژبەخەڵکی بەشمەینەت ئەنجامیان ئەدا، سەرانی ئەحزابی کوردی هەمیشە هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی چینە ژێردەستەکان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دوور بخەنەوە. لە هەرێمی کوردستان، ئەم ئەرکە نەدرا بە خوێندن و ئایدیۆلۆژیای ئازادی، بەڵکو سپێردرا بە مەلا و مینبەر و بانگخوازانی ئایینی. ئایین کرایە ئامراز، مەلا کرایە کارمەندی دەسەڵات و باوەڕ کرایە کەلوپەلی سیاسی. ئەم سیستەمە، بە فێڵێکی سادە کاری کرد: کرێکار بە موچەی نزم، ‌هێشتنەوەی گەنجان بە بێکاری، داهاتوو بکوژە پاشان بە وتاری «قەزا و قەدەر» دەمی خەڵکیان ئەبەست، ئەمە هەمان ئەوەیە کە مارکس ناوی نا: ئافیوونی گەل. ژن لەم سیستەمەدا، هاوڕێی خەبات نەبوو، بەڵکو وشەی ژن و مێینە بووبە «شەرم» و «نامووس». هونەر هۆشیاریی نییە، بەڵکو «کوفر»ە. پرسیار کردن و ڕەخنە لەدەسەڵات لەپای ئەو هەموو تاوان و تاڵانچێتیە ماف نییە …! بەڵکو (گومڕایی)ە. ئەبێ چ ناوێک لەم سیاسەتە بنرێت..!؟ بێدەنگ کردنی هۆشیاری چینەکان. فکری داعش لێرەدا لە ئاسمانەوە نەهات. داعش کۆتایی منطقی ئەم پڕۆسەیەیە. داعش و مەلاکان مەخلوقی دەرەوە نیین، بەڵکو ئەو ئایینە سیاسییە دروستکراوەن کە چەکیان پێ نەدراوە. ئەمە هەمووی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سیستەمی سەرمایەداری ناوخۆیی: سامان لە دەستی کەمینەیەکدایە، موچەی کەم و ژیاێکی پڕ نەهامەتی و نابەرابەری کۆمەڵگە و بێدەنگ کردنی کرێکاران. کەمینەیەکی مافیایی و ئایینی، چەترێکی ئەخلاقی بۆ تاڵان کردن و خواردنی قووتی کرێکاران دروست دەکات. ئەبێ کۆمەڵگای کوردی و خەڵکی ئازادیخواز و کرێکاران ئەوە بزانن هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ڕزگاری کۆمەڵگا لەدەست فکری بەداعش بوون جگە لە: شکاندنی یەکێتی دەسەڵات و ئایین، دابڕینی مەلا لە دەسەڵاتی سیاسی و هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکار و ڕێکخستنی گەنجان، ژنان و کرێکاران و تێکدانی سیستەمی کەمینەی ـ سەرمایەداری ـ ئایینی. هەر کات خەڵکی ئازادیخواز و کرێکاران دەنگ هەڵبڕن، ئەوا دەسەڵات قسە دەکات بە ناوی خواوە، هەر کات خەڵک هۆشیار بن، ئەوا هیچ خودایەک ناتوانێت تاڵان بکات. بۆیە داوا لەخەڵکی مەدەنی و ئازادیخواز و ژنان ئەکەم ڕێگربن لە بەردەم تەشەنە کردنی فکری دژبە ژیان و دژ بە مافەکانی ژنان، مەهێڵن هۆڵەکانی خوێندن و ناو مزگەوتەکان وەکو یەک وابن، مەهێڵن ئەم تاریکیە قوڵتر بێتەوە، بانەبینە تەماشاکەرێک لە کۆنترۆڵکردنی ژیان بە ئایینەوە، چونکە ئەگەر ڕاوەستین و تەماشا بکەین فکری داعش لەوەی ئیستا هەیە، بەرینتر دەبێتەوە و ئەبێتە یاسا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.