بە بۆنەی ١٦ی کانوونی دووەم، ڕۆژی ڕاکردنی شای ئێران… ئامادەکردنی: توانا محەمەد نوری

0

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٩، شا ناچار کرا وڵات بەجێبهێڵێت. ئەو لەبەر فشاری زۆری خەڵک و خۆپێشاندان و مانگرتنی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی و تایبەت، ئیتر نەیدەتوانی وەک پێشوو حوکم بکات. لەو کاتەدا خومەینی سواری شەپۆلی خەیاڵ و هیوای زۆربەی خەڵک و خوێندەوارانی کۆمەڵگە بوو. ئەو بەهۆی ئەوەی تۆڕێکی ڕێکخراوی لە ئاخوند و فەقێ و بازاڕییەکان لەدەستدا بوو، بوو بە بژاردەیەکی گونجاو؛ نەک تەنیا بۆ دەوڵەمەندەکان، بەڵکوو وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاواش پشتگیرییان لێ دەکرد.
خومەینی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە “مارکسیستەکان لە دەربڕینی بیروڕادا ئازادن”، بەڵام ئەم وتەیە تەنیا پەردەیەک بوو بۆ شاردنەوەی فێڵبازی و دووڕوویی خۆی و دەسەڵاتەکەی. ئەو و هاوکارە لیبراڵەکانی لە سەرەتادا هەموو جۆرە بەڵێنێکیان بە لایەنەکان دەدا تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگەی گەیشتن بە کورسیی دەسەڵات خۆش بکەن. هەر کە ڕژێمی ئایینی جێگیر بوو، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست؛ سەرەتا لەو ئەفسەرانەوە دەستی پێ کرد کە متمانەیان بە بەڵێنەکانی ئەو و ئەمریکا کردبوو، دواتریش هێرشی کردە سەر کوردستان و کۆمەڵکوژیی گەلی کوردی ئەنجام دا. ئەو مارکسیستانەی بڕیار بوو ئازاد بن، شانبەشانی هەزاران کەسی تر، بە تاوانی بێدینی و دەربڕینی بیروڕا ڕەوانەی بەرەو ڕووی سێدارە کران.
٤٧ ساڵ بەسەر ڕۆیشتنی شادا تێپەڕی، بەڵام هێشتا دۆخەکە وەک خۆیەتی و تەنیا جێگای ” ئاخوند” و “شا” گۆڕاوە. سیاسەتی سەرکوتکردن، کوشتنی خەڵک، چەوسانەوەی دڕندانەی کرێکاران، گەندەڵی و دزیی ماڵی گشتی بە شێوەی تر بەردەوامە. چونکە ڕابردوو دەبێتە چرا بۆ داهاتوو، دەبێت وانە لە شکستی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٨-٧٩ وەربگرین. گرینگترین وانە ئەوەیە کە تەنیا ڕووخانی دیکتاتۆرێک بە مانای گەیشتن بە ئازادی نایەت.
ئازادی، دیموکراسی، نان، کار و نەمانی جیاکاریی ئابووری و ڕەگەزی و نەتەوەیی، تەنیا بەوە دەبێت کە ڕەگی کێشەکان دەربهێندرێت. لە مێژووی کۆنەوە تا ئەمڕۆ، هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ئێران بەهۆی دەستوەردانی خاوەن زەوییە گەورەکان، سەرمایەداران و کۆنەپەرستانی ئایینی و دواتریش دەستدرێژی وڵاتانی دەرەوە، لە ڕێگای خۆیان لایان داوە و شکستیان خواردووە.
شۆڕشی داهاتووی ئێران کە بەهۆی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە خەریکە پێ دەگات، دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا دیموکراسییەکی تەواو بهێنێتە ئاراوە؛ واتە حکوومەتی کرێکاران و هەژارانی شار و گوند کە زۆرینەی خەڵکن. دەبێت حکوومەتی سەرمایەداران و ئاخوندەکان بە هێزی رێکخراو و چەکدارانەی خەڵک بڕووخێنرێت و ڕێگای گەڕانەوەی هەر جۆرە حکوومەتێکی هاوشێوەیان لێ بگیرێت. هەنگاوی دواتری شۆڕش دەبێت جێگیرکردنی سۆشیالیزم بێت؛ واتە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەموو شتێک هی خەڵک بێت و بەرهەمهێنان و کارگەکان لەلایەن خودی خەڵکەوە بەڕێوە ببرێن.

 

لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.

١٦/١/٢٠٢٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.