بێکردەی لە ئاستی سەربڕینی هەستانی سکولار و ئازادیخوزای ئێران؛ خۆکوژیی سیاسییە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
مێژوو خەریکی تۆمارکردنی کارەساتێکە کە ڕەهەندەکانی لەرزە دەخاتە جەستەی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز. بەرپاکردنی قەسابخانەیەکی گەورە بە ئاماری سامناکی ١٢ هەزار قوربانی، ژمارەیەک نییە کە بتوانرێت بە ئاسانی بە تەنیشتیدا تێپەڕیت؛ ئەمە “کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرایە” کە لە یادگەی هیچ شۆڕشێکدا وێنەی نەبووە و هیچ شۆڕشێک هێندە قوربانی نەداوە.پێنۆشە چەندی کوشت لە شیلی، فڕاکۆ چەندی کوشت لە ئیتالیا و کوشتارەکانی ئەندۆنوسیا چەند بوون؟ قوربانیانی شۆڕشی بەلشەفیکی چەندبوون؟
لەم نێوەندەدا، پرسیارێکی بنەڕەتی و بەسوێ لەبەردەم چەپ و کۆمۆنیزمی ئێراندا ئەوەیە: ئەو چەپە و کۆمۆنیزمی ئێران لە کوێیە؟ ئەو چەپە لە کوێیە کە شەڕی پۆپۆلیزمی کرد، شەڕی بۆرژوازی میللی و خۆیی کرد و تەسلیمی لات و لوتی ئیسلامی نەبوو و بەرگری لە خۆی کرد؟
ناکۆکی و سەرەگێژەی ئیدئۆلۆژی، ململانێ سەکتی و فرقەییەکان و هەر کارێکتان لەگەڵ یەک کردوە هەر جیاوازیەکتان هەیە و هەبووە لەگەڵ یەکتر بە جێگەی خۆی، هەڵیگرن بۆ کاتی خۆی. بەڵام ئەمڕۆ کاتی بەرگریکردنە لە وجودی کۆمەڵگە و پاراستنی مافی ژیانی خەڵکێک کە لەژێر چەقۆی سەربڕین و کوشتارێکی بە کۆمەڵی بێدەنگە لێکراودان. لانیکەمی ئەرکی هەر کۆمۆنیزمێک و هەر چەپێک ئاشکراکردنی ئەم تاوانە و ڕیسواکردنی بکەرانی ئەم کوشتارەیە لە ئاستی جیهانی و لە بارەگای مرۆڤایەتی متەمەدیندا. ئەرکی ڕاستەقینەی سیاسی ئەوەیە کە ببنە نوێنەر و دەنگی ڕسواکردنی ئەم بێدەنگیە. ئەگەر ئەمڕۆ بۆ ڕاگرتنی ئەم ئامێری کوشتارە ڕانەپەڕن، ئەگەر لەرزە نەخەنە جەستەی میدیا ڕۆژئاواییەکان و ئەگەر شەقامەکانی ئەورووپا و پایتەختەکانی جیهان بە وێنەی قوربانیانی ئەم قەسابخانەی جانەوەرانی کۆماری خوێن و سێدارە داگیر نەکەن، ئیتر چ مانایەک بۆ “بوونی” خۆتان شک دەبەن؟
هێز و ئیرادەی ئەم کۆمۆنیزمە لە کوێیە کە ببێتە نوێنەری ئەوەی ڕێگە نەدا بۆرژوازی خوێڕی ئەم دنیایە ئەم کوشتارە بە بێدەنگی بخاتە ژێرخاک و دواتر بیانەوێ یان لەگەڵ هەمان دێوەزمە دا بسازێن یاخود دێوەزمەی دیکتاتۆریەتێکی تری بۆرژوایی سواری سەری ئەو مرۆڤایەتیە بکەن. دەبێ و پێویستە ڕێگە نەدرێ کە تاوانە، ئەم ناوانە و ئەو هەموو گیانە شەریفە وەک ئەوەی هەر نەبووبن، لە ساردخانەکانی ئەم دەسەڵاتە جەللادە و بە کۆمەکی بێدەنگی ئامانجداری میدیای خوێڕی و کریدۆرەکانی بۆرژوازی ئەم سەردەمە بە فەرامۆشی بسپێردرێن.
سادەترین کار ئەوەیە کە ئەم بێدەنگیە مەترسیدار و خەجاڵەتئاوارە بەسەر ئەو دنیایە دا بڕوخێنن.
ئەگەر تەنیا وێنەی ئەم هەزاران قوربانییە بەدەستەوە بگرن، ڕیزەکانتان تا کۆتایی هەموو شەقامە گەورەکانی دنیا درێژ دەبێتەوە. بێکردەیی ئەمڕۆ لە بەرامبەر ڕووداوێکی وەها گەورە دا بەسە بۆ ئەوەی فەلسەفە و زەروورەتی بوونی هەر هێزێکی سیاسی بخاتە ژێرپرسیاری جیددییەوە. هەستنەوە، پێش ئەوەی مێژوو ناوتان لە تەنیشت تەماشاکارە بێدەنگەکانی کارەساتەکەدا بنێژێت.