نەوەی نوێ و وەهمی ئەلتەرناتیڤ؛ کاتێک دەنگی خەڵک دەبێتە پردێک بۆ سەر مێزی نوخبەکان… ​نووسینی: هاوکار باهیر

0

شاسوار عەبدولواحید بە ناوی شکانەوەی سیستەمی باو و دروستکردنی هیوایەکی گەورە لە دڵی گەنجانی کوردستاندا هاتە مەیدان. خۆی وەک ئەلتەرناتیڤێکی پاک، ڕاستگۆ و دژە دەسەڵات ناساند، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، پاشەکشەیەکی ڕادیکاڵە لە تەواوی ئەو بەڵێن و دروشمانەی کە ڕۆژێک ناسنامەی ئەم جوڵانەوەیە بوون.

​ئەو کەسەی خۆی وەک جەمسەری دژە حیزبە تەقلیدییەکان نیشان دەدا، ئێستا لەگەڵ هەمان ئەو هێزانەدا لەسەر مێزی ڕێککەوتن دانیشتووە. ئەمە تەنها گۆڕانکاریی ته‌كتیكی نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی متمانەیە. کێشەکە تەنها لە خودی “ڕێککەوتن”دا نییە، چونکە سیاسەت بێ هاوپەیمانی ناکرێت؛ بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە ئەم بڕیارانە لە تاریکیدا و بەبێ ئاگاداریی ئەو جەماوەرە دراون کە دەنگیان وەک “ئامرازێک” بۆ قورسکردنی کێشی نوخبەکان بەکارهێنراوە.

​ئەم وەرچەرخانە تەنها هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو تایبەتمەندی ئۆپۆزسیۆنێک لەچوارچێوەی خەباتی پەرلەمانی کوردستانە. جوڵانەوەیەک کە بە ناوی شەفافیەت و ڕاستگۆیی!! دەنگی هێنا بێت، نابێت هەنگاوە چارەنووسسازەکانی لە ژوورە داخراوەکاندا ئەنجام بدات. «نەوەی نوێ» ئەگەر بەڕاستی نوێ بووایە، دەبوو سێ خاڵی سەرەکی پەیڕەو بکات:

١. ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی جەماوەر لە هەر جۆرە وەرچەرخانێکی سیاسی.

٢. ڕوونکردنەوەی لۆژیکی و شەفاف بۆ هۆکاری ڕێککەوتنەکان.

٣. وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو متمانەیەی کە خەڵک پێی بەخشیون.

​بەڵام ئەوەی بینرا، تەنها گۆڕانی هەڵوێست بوو بۆ گەیشتن بە مێزی دەسەڵات. ئەم جۆرە هەنگاوانە زیانێکی گەورە بە “باوەڕی خەڵک بە سیاسەت” دەگەیەنن. کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات دەنگەکەی تەنها کارتێکی فشارە بۆ بەرژەوەندیی نوخبەیەک، یان پشتی تێ دەکات یان بە ناڕەزاییەکی توند بێدەنگی دەشکێنێت.

​مێژوو بە وشە قسە ناکات، بەڵکو بە کردار حوکم دەدات. کردارەکانی ئێستا باس لە گۆڕانکاری ناکەن، بەڵکو باس لە دووبارەبوونەوەی هەمان مۆدێلی کۆن دەکەن. دەنگی خەڵک پەیمانە، نەک ئامراز؛ و کاتێک ئەو پەیمانە شکێنرا، هیچ ناوێکی جوان ناتوانێت دووبارە چاکی بکاتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.