ئێرە ئێرانە، لە وەرزێکی گرنگی مێژوودا!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
کۆماری ئیسلامی، کۆماری سێدارە و قامچی، کۆماری ئامێری ئایدۆلۆژیی کوشتار و کپکردن و ئامێری جینۆسایدکردنی چەند نەوە، لە قەیرانێکی بێچارەسەردا گیری خواردووە و لەگەڵ چارەنووسی حەتمیی خۆی ڕووبەڕوە.
ئیتر سەردەمی هەر چەشنە سازانێکی ئەم ڕژێمە ئایدۆلۆژییە خوێناوی و وێرانکەرە ئایینییە لەگەڵ چینی کرێکار و کۆمەڵگەیەک کە بۆ ئازادیی خۆی و بۆ ڕزگاری لەم مۆتەکە سیاسییە هەستاوەتە سەرپێ، بە هەموو مانایەک کۆتایی پێ هاتووە.
دکتۆرینی کۆمارێکی مەلاکان، یان جۆرێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی کە بتوانێت مەرجەکانی وەرگرتن لەلایەن بۆرژوازیی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتیی دراوەوە جێبەجێ بکات و گوێڕایەڵی ئەوان بێت، بوو بە هەڵم. دیالۆگی شارستانییەتەکانی خاتەمی کە بڕیار بوو ببێتە پردی سازان بۆ گونجاندنی ئەم مۆتەکەیە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی ئەمڕۆیی، نەخشەکەی لەسەر ئاو نووسرا و پووچەڵ بووەوە.
ئیتر ململانێی ئەم کۆمەڵگە شارستانییە و ئەم بزووتنەوە سێکۆلارە گەیشتووەتە قۆناغێکی مێژووساز. ڕاستییەکانی گرژی و دژایەتیی ئەم کۆمارە خوێناوی و ئایینییەی سێدارە لەگەڵ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیەک کە بۆ ئازادی و بەختەوەریی خۆی ڕاپەڕیوە، ئەوەندە بوونیی و (وجودی) و بێچارەسەرە کە چیتر هیچ فێڵێکی ئایدۆلۆژی یان نائایدۆلۆژی سەبارەت بە چاکسازی، و هیچ ڕێگەیەکی “کەربەلاکردنەوە” لەپێناو دامەزراندنی شارستانییەتێکی ئیسلامی کە بتوانێت ئێران هەر بە دوورگەی سەرمایەداری و چەوسانەوە و کاری هەرزان بهێڵێتەوە، لە ئاسۆدا دیار نییە.
ئەوەی ماوەتەوە، تەنیا درێژەدانە بە کوشتاری خەڵک و گەنجان و کرێکاران تا ئەو شوێنەی لە توانایاندا بێت. بەڵام ڕاستییە قووڵەکانی وەرچەرخانی سیاسیی ئەمڕۆ نیشانی دەدەن کە ئەمەش تەنیا مەسەلەی ڕزگاربوون لەم کۆمارە خوێناوی و سێدارە و جینۆسایدە، بۆ ئەم خەڵک و کۆمەڵگەیە دەکاتە مەسەلەیەکی بوونیتر و چارەنووسسازتر.
هەر بۆیە سەرانی ئەم مۆتەکە ئیسلامییە پێویستییان بە یارمەتیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا هەیە؛ پێویستییان بە مووشەکی کرۆز و بۆمبەکانی “جیهانی دیموکراسی” هەیە تا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، پاساو و بیانوویەکی ئایدۆلۆژیی زیاتر پەیدا بکەن بۆ ئەوەی خوێن بڕێژن بەسەر بزووتنەوەی سێکۆلار و ئازادیخواز، بەسەر بزووتنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ ڕزگاری. ئەمە دوایین هیوای ئەوانە.
سیناریۆیەک کە تێیدا جیهانی دیموکراسی کۆمەڵگە لە ئاسمانەوە بۆردومان دەکات و شارستانییەت و ناوەندەکانی ژیان و ئابووری و ژێرخانەکانی کۆمەڵگە بە ناوی لێدانی ڕێژیم و پشتیوانیی خەڵکەوە وێران دەکات؛ لە خوارەوەش جەلادان و بکوژان و ئۆباشە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان لە سوپا و بەسیج، لە هیچ تاوانێک دژی خەڵک بە ناوی “خۆڕاگری لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا” و “بەرگریکردن لە چارەنووسی جیهانی ئیسلام”، درێغی ناکەن.