لە شێخ مەقسوودەوە تا تاران؛ مێژوو لە ساتە هەستیارەکاندا!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

لە شێخ مەقسوود، توخمەکانی کوشتوبڕی بزووتنەوەی تاوانکاری ئیسلامی سیاسی لە سوریا، کە بەم دواییانە وەکالەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی خەڵکیان لە ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە وەرگرتووە، بە هەموو توانایانەوە خەریکی تێکشکاندنی ئیرادەی ژنان و گەنجان و خەڵکی ئەو سووچە تا ڕادەیەک بچووکەی جوگرافیان.
ئەمە جەنگی بوونە؛ جەنگی تەسلیم نەبوونە بە کۆنەپەرستیی خوێن و فەتوای کوشتنی ژن و مرۆڤایەتی و مەدەنییەت. جەنگی ڕەتکردنەوەی نائومێدی و سەرشۆڕییە وەک لۆژیک و یاسای ژیان.
لە پشت هەر فیشەکێکەوە دەنگی “الله اکبر” و جیهادێکی چەپەڵ دێت، و لە پشت هەر فیشەکێکیش کە لە بەرامبەردا دەتەقێنرێت، دەنگی “بژی ئازادی” و ئیرادەی ئازادی مرۆڤی ئازاد دێت. دوو دەنگ کە یەکێکیان پوختەی دڕندەترین و دژەمرۆییترین بزووتنەوەی سیاسیی جیهانی ئەمڕۆیە، و ئەوی تریان دەنگی مرۆڤایەتی و ئیرادەی ئازادی مرۆڤی ئەمڕۆیە بۆ تەسلیم نەبوون بەم بەربەرییەتە.
ئەم جوگرافیایە هەرچەند بچووک بێت، بەڵام جەنگێکی بوونە و هیچ بژاردەیەکی تر لە ئارادا نییە؛ یان لەگەڵ ئەم کۆنەپەرستییەدا سازش دەکەیت و سەرت کز دەکەیت، یان بۆ بەرگریکردن لە مەدەنییەت و مرۆڤایەتیی خۆت، بۆ شکستپێهێنانی ئەم کۆنەپەرستییە دەجەنگیت.
هەرچەندە ئەم جەنگە ڕەوایەی خەڵک لە جوگرافیایەکی بچووکدا ڕوو دەدات، بەڵام بەشێکە لە ڕاپەڕینێکی گەورەتر و مێژووساز کە لە ناوچەکەدا بە هەموو هێزێکەوە لە گۆڕێدایە. بەشێکە لە بزووتنەوەی سەکۆلاری چینی کرێکار و ملیۆنان ژن و گەنجی ئێران کە هەر ئێستا لە نەبەردێکی مێژووسازدان بۆ ناشتنی دێوەزمەی ئیسلامی سیاسی و حکومەتی گڵاوی ئایدیۆلۆژیی فەتوا و کوشتن و سێدارە و دژەژیان. پێویستە ئەم ڕووداوانە لە چوارچێوەی (کۆنتێکستێکی) مێژوویی بەیەکەوەبەستراودا دابنرێن، کە تێیدا مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاریی خۆی خەریکی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیەتی لەگەڵ یەکێک لە کۆنەپەرستترین بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان. تاران و شێخ مەقسوود گۆشەیەکن لە یەکلاکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتیتر و مێژووییتر و تەنیا پەیوەندییان بەم دوو جوگرافیایەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندییان بە ژیانی هەموو ئەو مرۆڤایەتییەوە هەیە کە لەم جوگرافیایەی ناوی “ڕۆژهەڵات”ە دەژین.
ئەوەی کە ئێمە تا چەند لە ژیانی خۆماندا، لە دەربڕینی مرۆڤایەتیی خۆماندا لە داهاتوودا ئازاد یان نائومێد دەبین، تا چەند دەتوانین شانازی بە مرۆڤایەتیی خۆمانەوە بکەین یان ناچار دەبین مرۆڤایەتیمان وەلا بنێین و ئەرشیفی بکەین، بەستراوەتەوە بە چارەنووسی خەبات و سەرکەوتنی ئیرادەی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە لە هەردوو جوگرافیاکەدا و تەنانەت لە تەواوی پانتایی ڕۆژهەڵاتدا.
ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتی و مەدەنییەتی مرۆڤی ئەمڕۆ، نە لە یاوەبێژی و قسەی پووچ سەبارەت بە “ئیسلامی لێبوردە”، نە لە ئاستی دان بەخۆداگرتنی دیموکراسییانەی ئەم یان ئەو جەنەڕاڵی بۆینباخ لەملکراوی بازاڕ و بانکی جیهانی، بەڵکوو تەنیا لە هێز و ئیرادەی مرۆڤی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەمڕۆوە سەرچاوە دەگرێت.
یارمەتیدانی سەرکەوتنی ئەم خەبات و خۆڕاگرییەی ئەم خەڵکە و بەشداریکردن لەم کارزارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەدا، ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و هەر هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.