موژدانەی تڕامپ، لە پەراوێزی ڕفاندنی مادورۆ…. نووسینی: ئیبراهیم حسێن
دوای ڕافاندنی مادوڕۆ سەرۆکی فەنزەویلا تڕامپ ئەم نوێنەرە سەرکەش و بێپەردەیەی بەڵتەجیەت و گانگەستەریزمی نێودەوڵەتی، موژدانە و نوقڵانەی ئەم هەنگاوەی بە نوێنەرانی کۆمپانیاکان و سەرمایەی گەورە ڕاگەیاند و وتی ئیتر لە ئێستاوە کۆمپانیاکانی نەوت دەتوانن خەیاڵیان ئاسودە بێت و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ فەنزویلا.
بەو پێیە ئەوەی کە دەیانوت گوایە تەواوی ئەو سوپایەی کە ماوەی بۆ نزیکەی سەدەیەکە و زیاتریش، دنیای لەوسەرەوە بۆ ئەو سەر کۆنتڕۆڵ کردوە بۆ ئەوە هاتوە تا لە دەریا و زەریا و وشکانیەوە بازرگانانی مادەی هۆشبەر بێنێتەوە هۆش خۆی، بە هەواداچوو. خۆیان وتیان و ڕایانگەیاند کە مەسەلەکە شتێکی ترە، مەسەلەکە کۆنتڕۆلکردنی موقدەراتی سیاسی و ئابوری چینی کرێکار و خەڵکی ئەو وڵاتەیە لە خزمەتی تەماح و هەوەسی سەرمایەی گەورە و کۆمپانیاکانی نەوت و گۆڕینی ئەو وڵاتە بە حەوزەیەکی تری کاری هەرزان و داسەپاندنی دیکتاتۆریەتێکی سیاسی ژێر پارێزبەندی ئەمریکایە.
هەڵبەتە ئەگەرچی ڕوویەک و لایەنێکی ئەم بەڵتەجیەتە ئاشکرا و بێپەردەیە هەمان ئەو تەماحەیە بۆ ئاوەڵاکردنی دەستی سەرمایەی گەورە لە کۆنتڕۆلکردنی موقەدەرراتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی ئەو وڵاتە و ئەم مانا ئابوریە ڕاستەوخۆیەی هەیە، بەڵام ئامانجی ئەم بەڵتەجیەتە ئاشکرایە سیاسیتر و ستراتیجیترە.
ئامانجە سیاسیتر و ستراتیجیترەکەی ئەم ملهوڕیە ئەوەیە کە هیچ ئابوریەک، هیچ ڕژێم و هیچ قەوارەیەکی سیاسی ئەگەر ئامادە نەبێ گوێڕایەڵ بێت و ئامادە نەبێت باج و سەرانە بدات و ئەگەر ئامادە نەبێت کار بەو شەرت و مەرجانەی ئەمریکا بکات، ناتوانێ لە ئەماندا بێت و دەکەوێتە بەرامبەر مەنتیقی زەبروزەنگ. بە مانایەکی تر مانا ستراتیجیترەکەی ئەوەیە، دنیا دەبێ ئەم کەڵەگاییە وەک شتێکی بەڵگەنەویست قبوڵ بکا، دنیا دەبێ دەسەڵاتی ئەم ژاندارمە وەکو یاسایەکی ناچاری قبوڵ بکا. ئەگەرنا ڕووبەڕووی جەنگ و ملیتاریزم دەبێتەوە، ئەگەرنا وێرانی دەبێتە بەشی، ئەگەرنا دەگۆڕێ بە مەیدانی تەراتێنی دەستە و باندی کەللەشەقی دژە کۆمەڵگە و مرۆڤ کوژ.
مرۆڤایەتی ناتوانێ تاسەر ئەم مەنتیقە ئاشکرایەی بەڵتەجیەت و گانگەستەریزم و مڵهوڕی و مروڤ ڕفاندنە ئاشکرایە وەک یاسای ژیانی خۆی قبوڵ بکات. ناتوانێ تاسەر لەگەڵ ئەم ڕاستڕەویە بێپەردەیە هەڵبکا. لە قوڵایی هەر ویژدانێکی زیندوی مرۆڤی سەر ئەم هەسارەیە ئاواتی ئەوە هەیە لەم مەنتیقە کوێرانەیەی چینی دەسەڵاتدار، لەم گانگەستەریزم و تاڵان و بڕۆ و وێرانی و کاولکاریە، لە کۆنەپەرەستیە سەرتاپاگیرە ئەخلاقی و لەوداوەشاویە مەعنەویە گەورەیە و لەو ڕەزالەتە سیاسی و ئابوریەی ئێستا ڕزگاری بێت.
ئەگەر ئەم هەموو دەستبردنە بۆ ڕاستڕەوی و کۆنەپەرەستی و ملهوری بۆ ئەوەیە کە توانا و وزەی چینی کرێکار و خەللاقیەتی ئەو چینە کە کار دەکا و سەروەت دەخوڵقێنێ لە کار بخەن و گەردەنی پێکەچ بکەن، ئەو کاتە ئەوە بەڵگە نەویستە کە تەنیا قودرەت و توانای ئەو چینەیە کە سەرەنحام دەتوانێ ئەم ملهوڕیەی سەرمایە و دەسەڵاتەکانی کۆنتڕۆڵ بکا و مرۆڤایەتی بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی نوێتەرایەتی بکات.