بۆ ئەوەی بە جلی خەوەوە دەستگیرت نەکەن و هەردەم پاشای وڵاتی خۆت بیت ئەوا ئەبێت بەردەوام وەک گای شیردەر وابیت!…نەژاد عوسمان
با خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین، ئەمریکا کێشەی لەگەڵ دیکتاتۆریەت نییە. لە دیدی سیاسەتی تڕەمپیانەدا، گرنگ نییە چەندە دژی گەلی خۆتیت، گرنگ ئەوەیە تا چەند لە چوارچێوەی نەخشەی بەرژەوەندییەکانی ئەودایت. لەم نێوەندەدا بۆ دووربوون لەم توڕەییە بەرپرسانی کورد توانیویانە یارییەکی زیرەکانە بکەن:
نەوتەکە بە هەرزان دەدەنە دەرەوە.
بازاڕەکە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکەنەوە.
پارەکان دەبەنەوە بۆ وڵاتانی ئەوان.
خەڵکی خۆیان برسی ئەکەن تا هەمیشە پاشابن.
کاتێک باس لە دۆناڵد تڕەمپ دەکرێت، باس لە پیاوێک دەکرێت کە جیهان وەک کۆمپانیا دەبینێت. بۆ ئەو، دیموکراسی و مافی مرۆڤ تەنها پەڕۆیەکی کۆنن بۆ پاککردنەوەی مێزی بازرگانییەکان.
مادۆرۆ تاوانبار بوو، بەڵام تاوانەکەی ئەوە نەبوو کە سامانی گەلەکەی دەخوات، بەڵکو ئەوە بوو کە تەنها بۆ خۆی دەیخوارد. مادۆرۆ بەشە سەرانەی واشنتۆنی نەدەدا. بەڵام لای خۆمان، دەسەڵاتدارانی باشوور فێری وانەیەکی مێژوویی بوون لە سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە : ببە بە گای شیردەر، تا هەردەم پاشا بیت!
تڕەمپ بە ئاشکرا بە سعودییەکانی دەگوت ئێمە نەبین، ئێوە دوو هەفتە خۆتان ڕاناگرن، کەواتە دەبێت پارە بدەن. سعودیەش بە کڕینی چەکی ملیار دۆلاری و پڕکردنی بانکەکانی ئەمریکا، گەرەنتی مانەوەی خۆی کرد.
کاتێک تۆ سەروەتی نیشتیمانیت دەکەی بە دیاری بۆ کۆشکە سپییەکە، تڕەمپ نەک هەر ناتڕوخێنێت، بەڵکو وەک هاوپەیمانی ئازا ناوت دەبات. مادۆرۆ ویستی نیشتیمانی بێت لە دزیندا، بۆیە تیاچوو؛ بەڵام ئەمان نێودەوڵەتین لە دزیندا، بۆیە دەمێننەوە.
جلی خەو بۆ کەسانی وەک مادۆرە کە بەشی شێر نادەن بە ئەمریکا نەک بۆ ئەو بەرپرسە کوردانەی کە داهاتی هاوڵاتیانیان بڕیوە و خەڵکیان خستۆتە سەر ساجی عەلی و لە واشنتۆن وەک “پیاوی دەوڵەت” پێشوازییان لێ دەکرێت. بۆچی؟ چونکە ئەو پارەیەی لێرە لە دەمی هاوڵاتی کوردی دەگرنەوە، لەوێ
دەیکەنە وەبەرهێنان.
ئەوە ڕاستیەکی ڕووتە کە تڕەمپ سزای ئەو دیکتاتۆرە نادات کە میللەتەکەی دەکوژێت و برسی دەکات ، بەڵکو سزای ئەو دیکتاتۆرە دەدات کە پشکی ئەمریکا ناخاتە سەر مێزەکە.
ئەمەوێت بڵێم بەرپرسانی باشوور لە مادۆرۆ خراپترن، بەڵام ئەمانەی لای خۆمان بۆ ئەوەی تڕەمپ بە جلی خەوەوە وێنەیان بڵاو نەکاتەوە، ئامادەن هەموو خاک و ژێرخاکی ئەم وڵاتە بکەنە قوربانی.
بۆیە چاوەڕێی ویژدانی ئەمریکا مەبن ڕزگارتان بکات ؛ تڕەمپ تەنها ئەو دزە دەستگیر دەکات کە لەگەڵ خۆی شەریك نەبێت!
ئەبێت خەڵک تێبگات کە ڕزگارکەری دەرەکی تەنها بازرگانێکی تینووی دۆلارە نەک دۆستی گەلێکی ستەمدیدە.
بۆیە تا دەسەڵاتی کوردی ئەو گا شیردەرەبن هەرگیز چاوەڕوانی کەوتنیان مەبن لەلایەن دونیای بەرژەوەندخوازی دەرەوە، بۆیە ئەبێت لەناوخۆوە قۆڵی خۆمانی لێ هەڵماڵین.