ترامب و ڕفاندنی مەدۆرۆ: دزینی نەوت لەژێر پەردەی دیموکراسیدا … توانا محەمەد نوری
ئەمریکا لە ئێستادا لەبەردەم قەیرانێکی دارایی زۆر گەورەدایە؛ قەرزە گشتییەکانی گەیشتووەتە لوتکە و زیاتر لە ٣٨ تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەم قەرزە خەیاڵییە هەڕەشە لە هەموو ئابووری جیهان دەکات. بۆیە هاتنە سەرکاری “دۆناڵد ترامب” ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو پێویستییەک بوو بۆ چینی سەرمایەداری ئەمریکا تا بە هەر نرخێک بێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکەن، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و وێرانکردنی وڵاتانی تریش بێت.
ترامب سیاسەتێکی توند و “فاشیستی” پەیڕەو دەکات. ئەو لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا، پشتیوانی ڕەهای لە کوشتنی دەیان هەزار ژن و منداڵ لە غەززە کرد و تەنانەت چاوی بڕیوەتە خاکی غەزەش بۆ پڕۆژە ئابوورییەکانی. بەڵام نوێترین و مەترسیدارترین هەنگاوی، ڕفاندنی “مادۆرۆ”ی سەرۆکی فەنزوێلا بوو. ئەم کارە نیشانەی مردنی “یاسای نێودەوڵەتی”یە و سەلماندی کە ئەمریکا تەنها زمانی هێز و ملهوڕی دەناسێت.
ئامانجی ترامپ لە فەنزوێلا دیموکراسی نییە، بەڵکو دەست بەسەرداگرتنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە. واشنتۆن دەیەوێت سەرۆکێکی ‘بووکەڵە’ لەو وڵاتە دابنێت کە تەنیا کارەکەی ڕادەستکردنی سامانی وڵاتەکەی بێت بە ئەمریکا.
بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی فەنزوێلا بەرەو هەڵدێر دەچێت، پێویستە سەیری ئەم ژمارانە بکەین:
١. هەژاری: پێش ئەم ئاڵۆزییانەش، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٨٢٪ی خەڵکی فەنزوێلا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژیان. بەم پشێوییە نوێیە، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بگاتە ٩٥٪.
٢. کۆچبەری: تا ئێستا زیاتر لە ٧.٧ ملیۆن فەنزوێلی وڵاتیان جێهێشتووە. ئەم هێرشە نوێیەی ئەمریکا دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچبەران کە ڕەنگە ٢ بۆ ٣ ملیۆن کەسی تری تێبکەوێت.
٣. داڕمانی دراو: بەهای “بۆلیڤار” (دراوی فەنزوێلا) لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بە شێوەیەکی خەیاڵی دابەزیوە، ئەمەش واتە نەمانی توانای کڕینی نان و دەرمان بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی.
٤. یەدەگی نەوت: فەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بەرهەمهێنان لە ٣ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە ٨٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە، کە ئەمەش سزایەکی ڕاستەوخۆی گەلە، نەک تەنها حکومەت.
لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەیکات، نە هێنانی ئازادییە و نە پاراستنی مافی مرۆڤ، بەڵکو جۆرێکی نوێیە لە “چەتەگەریی دەوڵەتی” و دزینی سامانی گەلان بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی خۆی. جیهان لە سایەی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا بەرەو نادیار و پشێویی زیاتر هەنگاو دەنێت.
٣/١/٢٠٢٦