دەربارەی یەک هەڵوێست و یەک گوتاری کوردی لە بەغدا!… عەبدوڵا مەحمود
سەرجەم سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، تا دەگاتە کەسایەتیییە سەربەخۆ و هونەرمەند و ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووسانی ناسیونالیزمی کورد، پێداگری لەسەر گرنگی یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی کورد دەکەن لە بەغدا. ئەو یەک هەڵوێستییە بە رێگاو دەرەتانێک دەزانن بۆ بەهیزبوونی “پێگەی کورد” “بەرگری لە مافە یاسایی و دەستورییەکان”.، لە بەرامبەر بە هیزە سیاسییەکانی بەغدا و رەوت و ئاراستەکانی شۆڤینزمی عەرەبی.
لەو نێوەدا سەرانی پارتی لە هەموو لایەنەکانی تر زیاتر پێداگری لەسەر یەکگرتوویی و یەک هەلوێستی و یەک وتاری هاوبەش لە بەرامبەر بەغدا دەکەنەوە. ئەو پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەو یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستییە لە بەرامبەر بەغدادا لە بنەرەتدا بۆ شاردنەوە و شان خاڵی کردنەوەی خۆیەتی لەو ناتەبایی و گرژیی و ناکۆکیانەی لە هەرێمدا لەگەڵ هیزو لایەنەکانی تر هەیەتی و ئامادەنییە، دەست لەهیچ کام لە پاوانکردنی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی و سەڕچاوە گرنگ و سەرەکیەکانی داهات، هەڵبگرێت و بەشداری بەکردەوە بە هێزو لایەنەکانی تر بکات. پارتی هێنانی دەنگ و زۆربوونی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا وەکو سەرکەوتنێک وێنا دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربوونی دەنگەکانی پارتی، هێندەی پەیوەندی بۆ گۆرانی باڵانسی هێزەوە هەیە لە ڕێگای پشت بەستن بە هێزە دەرەکیەکان و ” دوژمنانی کورد” نیو ئەوەندە بەرهەمی هەڵبژاردن و لێهاتوویی و نزیک بوونەوەو خۆشەویستی لەناو خەڵکی کوردستاندا نییە. هیچ ئاڵوگۆرێکی بناغەیی لە پەیوەندی نیوان پارتی و یەکێتی و لەنیوان بەغدا و هەرێمدا، بەرهەمی هەڵبژاردن و فاکتەرە ناوخۆییەکانی نییە، بەڵکو راستەوخۆ ئاکامی جەنگی ناوخۆی دەسەڵات و دەور و نەخشی هیزە دەرەکیەکان و ململانێکانیانە لە دەرەوەی پرۆسیسی هەڵبژاردن و دۆخی ئاسایی مکملانێکاندا… ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو راستیانەن.
بانگەشەی یەک ریزی و یەک هەڵوێستی” کورد” لە بەرامبەر بە بەغدا، خۆراکێکە لەلایەن هیزەکانی بۆرژوای کوردەوە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و راگرتنی هیزەکانیان، هاوکات بۆ شاردنەوە و داپۆشینی جەنگیکی ساردە، لەسەر دابەشکردنی داهات و دزینی سامان و دەسترەنجی چینی کریکار و خەڵکی بەش لەنێوان خۆیاندا. پارتی و یەکێتی سامان و داهاتی ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیان لە نەوت و غاز و تا دەگاتە سەرچاوەکانی تری داهات، بە موڵکی حزبی و بنەماڵەیی خۆیان دەزانن، نەک موڵکی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیان، بۆیە سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی هەرێـمیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، سەرچاوەکانی داهاتی زۆنی زەرد لەژێر دەستی پارتی و بنەماڵەکەیان و کۆمپانیاکانی خۆیان و سەڕچاوەکانی زۆنی سەوز لە ژێر هەژموونی یەکێتی و کۆمپانیاکانی خۆیان و بنەماڵەکەیاندایە… بۆیە لە کاتی گرژییەکان و توندبوونەوەی ململانێ سیاسیەکانیاندا، هەرەشەی بڕین و راگرتنی بەرامبەر بەیەکتری دەکەن
جیا لەوانە هیز و لایەنەکانی بۆرژوازی کورد بەتایبەت پارتی و یەکێتی، ئەگەر لە ئاستی هەرێمدا، نەتوانن لانی کەمی یەک ریزی و هاو هەڵوێستی گشتی و یەک دەنگی لەسەر کۆمەڵیک پرسی سیاسی و گرنگ و چارەنووسازیان لەگەڵ یەکتری هەبێت، چۆن دەتوانن لە بەرامبەر بە بەغدادا، بانگەشەی گرنگی و پیداویستی یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی بکەن. پارتی و یەکێتی جگە لە دزی و تاڵانی و سەرکوت و کۆنەپەرستی دژی هاوڵاتی بوون و بزوتنەوەی نارەزایەتی، لەسەر هیچ پرسێکی چارەنووساز کە ئاییندەی خەڵکی کوردستانی پێوە بەند بێت و شکۆی هاوڵاتی بپارێزێت، و ژیان و گوزەرانی هاولاتیان باش بکات، کۆک و تەبا نین.
هاوڵاتی لە ژیر سایەی دەسەڵاتی دوو زۆنی سەوزو زەردی بە حزبیکراودا، بەهۆی هەژموونیان بەسەر زۆنەکانی خۆیاندا، لەڕیگای بەستنەوەی کار و دامەزراندن و قوتی هاوڵاتیان بە خۆیانەوە، ناسنامەی حزبی دەخەنە بری ناسنامەی سروشتی هاوڵاتی بوون… ئەم فۆرمە لەدەسەڵات، لە ئاستی دنیادا روو لە ناوچوونی یەکجارەکییە، لە هەڕیم و لەژیر سایەی یەکێتی و پارتیدا، ئەگەر لە هەرەتی لاوی خۆیشیدا نەبێت، ماوەتەوە و دەمەزەرد دەکرێتەوە.
لە دۆخێکی ئاوادا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پیادەی دەکات، باسی یەک گوتاری و یەک هەڵوێستئ” کورد” لە بەرامبەر بەغدا، مەبەست لەوەیە پارتی و یەکێتی، بێ گوێدانە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتری لە هەرێم و هاوئاهەنگی و هاوهەڵوێستیان لەسەر پرسە گرنگ و گشتیەکان، لە بەغدا یەک قسەو یەک هەڵوێست و یەک گوتار بن، ئەوە لەکاتێکدایە کە هەردوو لایەن لە بەغداش بەو هۆیەوە کە دابەشی سەر قەوارە سیاسیەکان و لایەنە دەرەکیەکانی پشتییانن، دوبارە ناتوانن یەک هەڵوێست و یەک گوتار بن و مانەوەشیان بەو سەنگ و پیگەی ئیستایانەوە هیندەی بەندە بە ناکۆکی نێوانیان، وابەستە بە تەبایی و یەک بوونیان نییە. پارتی و یەکێتی ئەگەر باز بدەن بەسەر ناکۆکیەکانیان و ناتەبایەکانیاندا، دەکرێت بەرەو توانەوە و یەکتر خۆرکێ بچن و لایەنێکیان لەو یارییەدا، رەوتی لاوازبوونی زیاتر بپێوێت.
یەکێک لە پایەکانی مانەوەی پارتی و یەکێتی بەو هاوسەنگییەی ئێستاوە، راگرتن و دەست گرتنە بە ناتەبایی و ناکۆکی نێوانیانەوە،. ناکۆکی و ناتەباییەیەکی حزبی و بەرژەوەندخوازی بنەماڵەیی و دابەش بوون بەسەر جەمسەرە ناوچەییەکان، پیویستی مانەوەیانە. تەنانەت لایەنێکی سەرەکی لە خۆراکی راگرتنی هیزی جەماوەر و لایەنگرەکانیان، دەستگرتنە بەو ناکۆکی و جیاوازیانەوە.
پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی بۆرژوازی کورد، بەو فۆرمە لە سیاسەت کردن و بەو ئەلگۆیە لە دەسەڵاتدارێتی و بەو شیوازە لە دابەشکاری بەسەر هیزە دەرەکیەکاندا، ناتوانن لە بەرامبەر بە بەغدا و بۆرژوازی عیراقیدا، یەک هەلوێست و یەک گوتار بن. یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی نەک لە قازانجیان نییە، بەڵکو بە زیان بۆیان تەواو دەبێت. بۆیە هەر کەس و لایەنێک مایەی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە، کە یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی بۆرژوازی کورد، “پیگەی کورد” بەهیز دەکات، لە ژێر کەلاوەیەکی نیوە روخاودا چاوەروانی روخانی نیوەکەی تریەتی و باجی ئەو وەهمە دەدات.