تێکەڵاوبوونی بیر و کردار کاڕڵ مارکسی دروست کرد!…وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری

0

کاڕڵ مارکس زۆر جار وەک تیۆریزانێکی وشک وێنا دەکرێت کە ڕۆژەکانی بە نووسینی کتێبی ئاڵۆز بەسەر دەبرد، بەڵام هاوڕێی نزیکی مارکس، فرێدریک ئەنگڵس بە ڕاستی وتی: “مارکس پێش هەر شتێک شۆڕشگێڕ بوو.”

پێش مارکس گەلێک سۆشیالیست هەبوون کە دژی چەوساندنەوە و ستەم وەستانەوە. بەڵام ئەوەی مارکسیزم جیادەکاتەوە ئەوەیە کە بریتییە لە تیۆری و کرداری “ڕزگارکردنی” چینی کرێکار. ئەوە ئەو بیرۆکەیەیە کە دەڵێت، لە ڕێگەی خەباتی دەستەجەمعی خۆیانەوە، خەڵکی چینی کرێکار دەتوانن سیستمەکە بڕوخێنن و کۆمەڵگەیەکی جیاواز بونیاد بنێن کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەڕێوە دەبرێت.

کەواتە چی بوو وای لە مارکس کرد بگاتە ئەو دەرەنجامانە؟ ئەو تێکەڵ بە بیر و کرداری ڕادیکاڵ بوو بۆ ڕوونکردنەوەی باشترین ستراتیجییەکان بۆ بەرگری.

وەک چالاکوانێک لە ڕاپەڕینی خوێندکارانی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٨٣٠، مارکس بە دوای بیرۆکەدا دەگەڕا کە بتوانێت ئەو کۆمەڵگە ستەمکارەی دەوروبەری شیبکاتەوە. ئەو و هاوڕێکانی بیرۆکە فەلسەفییەکانی ئەو سەردەمەیان بە شێوازێکی شۆڕشگێڕانە لێکدەدایەوە. ئەوان مرۆڤیان خستە چەقی جیهانەوە لە جیاتی خوا. لە هەمان کاتیشدا، جەنگیان دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە پاشایەتی و دەرەبەگەکان.

لەو کاتەدا، مارکس هاوپەیمانی سەرمایەدارە لیبراڵەکان بوو کە داوای چاکسازی دیموکراتییان دەکرد، بەڵام نەیاندەویست شۆڕشەکە زۆر دوور بڕوات. ئەو گەیشتە ئەو باوەڕەی کە زەویدارە کۆنەکان و سەرمایەدارە نوێیەکان بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەیە لە پاراستنی موڵکداری تایبەتدا. بۆیە دەستی کرد بە شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن پێکهاتە ئابوورییەکان سیاسەت و کۆمەڵگە دادەڕێژن.

کاتێک لە پاریس لە تاراوگە بوو، مارکس لەگەڵ کرێکارانی لایەنگری سۆشیالیستە سەرەتاییەکان، هێنری سەینت سیمۆن و چارڵز فۆریێ کۆبوویەوە. ئەوان ڕەخنەی توندیان هەبوو لەسەر کاریگەری موڵکداری تایبەت و کێبڕکێی سەرمایەداری لەسەر مرۆڤ و چاویان لە جیهانێک بوو پڕ لە ئازادی گشتگیر. بەداخەوە، هیچ بیرۆکەیەکیان نەبوو سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بەم ئایندەیە.

ئابووریناسە سیاسییەکانی بەریتانیاش کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوەی مارکس هەبوو. شیکردنەوەکانی ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ یارمەتییان دا کە ڕۆڵی کرێکاران لە بەرهەمهێنانی قازانج و ئەو ناکۆکییە نەبڕاوەیەی نێوان خاوەنکارەکان و کرێکاران دەستنیشان بکات.

ئەم تێڕوانینە ڕێگەی بە مارکس دا بگاتە ئەو ئەنجامەی کە خەباتی چینی کرێکاری نوێ، توانای گۆڕینی جیهانی هەیە. کرێکاران سامان بەرهەم دەهێنن و ئەو توانایەیان هەیە کە نەک تەنها سەرمایەداری بە چۆکدا بدەن، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیش لە شوێنی دابنێن.

مارکس بیرۆکەکانی لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ کرێکارە ڕادیکاڵەکان و فێربوون لێیانەوە پەرەپێدا. ئەو بەردەوام بە دوای ڕێگادا دەگەڕا بۆ هاندانی خەباتگێڕی و ڕێکخستنی سیاسی. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٤٠کان، مارکس سەرکردایەتی “کۆمەڵەی دادپەروەران” و پاشان “کۆمەڵەی کۆمۆنیست”ی دەکرد، کە “مانیفێستی کۆمۆنیست”ی بۆ نووسین.

ئەم مانیفێستە لە ساڵی ١٨٤٨ بڵاوکرایەوە کاتێک شۆڕشەکان لە سەرانسەری ئەوروپا هەڵگیرسان. مارکس بە پەلە گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردنی ڕاپەڕینەکە بە ڕۆژنامەیەکی شۆڕشگێڕی نوێ. هەتا مانگی مایسی ١٨٤٩، شۆڕشەکە سەرکوت کرا. مارکس دادگایی کرا بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە بەرپرسان” بەڵام کەیسەکەی گۆڕی بۆ دادگاییکردن و تۆمەتبارکردنی چینی سەرمایەدار و ئازاد کرا.

دەسەڵاتداران ڕۆژنامەکەیان قەدغە کرد. دواین ژمارە بە بەڵێنی مارکس کۆتایی هات کە داواکارییەکەی لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێکدا بریتی دەبێت لە “ڕزگارکردنی چینی کرێکار”.
هەتا هاوینی ١٨٥٠، مارکس لە چاوەڕوانی شەپۆلێکی نوێی شۆڕش بێهیوا بوو. بۆ ١٥ ساڵی داهاتوو، ئەو لە کتێبخانەی بەریتانیا خەریکی نووسینە ئابوورییەکانی بوو. “سەرمایە” (Capital) کارێکی زۆر قوڵ و داهێنەرانەیە، بەڵام مارکس بە تەنهایی نەینووسیوە.

لە ساڵی ١٨٦٤ ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە ڕێکخراوێکی نوێ، “کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پیاوانی کرێکار” (ئینتەرناسیۆنال). لە ڕێگەی ئینتەرناسیۆنالەوە، مارکس تێکەڵی کرێکارە سۆشیالیستەکان و سەندیکاکاران بوو. ئەزموونەکانیان و هەڵمەتەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چاکسازی وەک کاری هەشت-کاتژمێری، ڕوح دەدەن بە لاپەڕەکانی کتێبی “سەرمایە”.

کاتێک شۆڕشێکی نوێ لە پاریس لە ساڵی ١٨٧١ هەڵگیرسا، ئەوە کچەکانی مارکس بوون کە چالاکوان بوون. کۆمەڵکوژی حکومەت دژی “کۆمۆنەی پاریس” ئەو هەستەی مارکسی پشتڕاست کردەوە کە دەزگای دەوڵەت دەبێت تێکبشکێنرێت.

ئەو هەرگیز لە جەنگیدا بۆ پڕەنسیپە سەرەکییەکەی، ڕزگارکردنی چینی کرێکار، نەوەستا.

سەرچاوە:

https://socialistworker.co.uk/teach-yourself-marxism/the-combination-of-ideas-and-action-made-karl-marx/

 

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.