دۆخی سیاسی هەرێم، دوای هەڵبژاردنەکان!… عەبدوڵا مەحمود

0

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، وەکو چالاکی و نمایشی هێزەکانی بۆرژوازی عێراقی لە زەمینەی یاسایی و دەستوریییدا، بەڕێوە چوو. ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەموو هەڵبژاردنەکانی تر لە بنەرەتدا  لەلایەکەوە بۆ رتوشکردن و شاردنەوەی باڵادەستی و هەژموونی هێزگەلی میلیشییایی قەومی و دینی و تایفی و نیشاندانی عیراق وەکو کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵی دیموکراسی و لەلایەکی تریشەوە بۆ بەخشینەوەی رەوایەتی دەسەڵاتی سیاسی بە هیزەکانی بۆرژوای بوو بەسەر خەڵکی عێراق و کوردستاندا.

لەو چوارچێوەیەدا بۆرژوازی کورد، وەکو بەشێک و باڵێک لە بۆرژوازی عێراقی، بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد و بە بانگەشەی بەهێزبوونی کورد لە بەغدا زامنی پاراستنی دەسکەوتە یاسایی و دەستورییەکانی!! خەڵکی کوردستانە، خۆی نیشاندا. بەشداری بۆرژوای کورد و هێزەکانی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ رەوایەتی وەرگرتنەوەی یاسایی و دەستوری دەسەڵات بوو بەسەر  خەڵکی کوردستاندا.

بەپێچەوانەی بانگەشەو ویستی بۆرژوای کورد، هەڵبژاردن لە جێگای ئەوەی پێگەی یاسایی و دەستوری هەرێم و بۆرژوازی کورد بەهێز بکات و ژمارەی کورسیەکانی لەم کایە “دیموکراسی”یەدا، زیاد بکات، بە پێچەوانەوە ئەگەر رێژەی دەنگەکانیشی زیاد بوو بێت، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، کەم بۆوە. تەنانەت لە قەڵای بەرامبەرکێی و کێبەرکێی مەیدانی نێوان بۆرژوازی کورد و عەرەبدا کە کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکانن، ژمارەی کورسیەکانیان کەمی کرد.

جیا لەوانە لە کاتێکدا بۆرژوازی کورد بۆ خۆ دەرخستنتی وەکو “هیزی دیموکراسی” دریغی نەکرد لە ستایشی کردن و  گرنگی نیشاندانی ئەم هەڵبژاردنە، کەچی دوای تیپەڕبوونی زیاتر لە ساڵیک بەسەر هەڵبژاردنەکانی کوردستان و دووساڵ زیاتر بە سەر مردارەبوونی پەرلەمانی کوردستاندا، ئاسەوارێک بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان دیار نییە و خودی دیموکراسی بۆرژوایی بۆتە تەیریکی قەڵب لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی ومیلیشییاییدا.

ئەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی عێراقدا، پاشەکشەی بە بزوتنەوە و بۆرژوازی کورد کرد لەبەرامبەر بە بۆرژوازی عێراقدا، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا، پیگەی بزوتنەوەی کوردی لاوازتر نیشاندا، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جیگاو ڕێگای بەغدا و بۆرژوازی عێراق، لە چاو پێگەی بۆرژوازی کورد رەسمی تر و وەکو خاوەن پێگەیەکی بە‌هێزتر خستەوە روو.

بۆرژوای کورد کە چاوی لەوە بوو لەم هەڵبژاردنەدا، لە پێگەیەکی باشتر بەهرەمەند بێت و هیزی خۆی لە بەرامبەر بە گوشارەکانی بەغدا و دادگای فیدرالی و نیشان بدات، بە پێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەدا دەسەڵاتی بەکردەوەی وەکو خۆی لە هەرێمدا مایەوە، بەڵام لەسەر ئاستی فەرمی و یاسایی و دەستوری!! و ئاکامی هەڵبژاردنەکان، رەوەندێکی روو لە لێژیی لە هەلومەرجێکی تازەدا دەپێوێت.

لە پەیوەند بە کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە، لە عێراقدا پرسی کورد بەرەو کەم رەنگ بوونەوەیەکی یەکجار بەرجەستە، هەنگاو دەنێت، ئەوە لەدڵی بەرجەستەبوونەوەی پرسی کورد لەناوچەکەدا، گەورەترین گوزە لە ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا، کە پێگرتن و مانەوە و تەمەنی خۆی بەو پرسەوە گرێداوە.

لە پەیوەند بە پرس و کێشەکانی تر لەوانە نەوت و غاز، داهات و داهاتی نانەوتی، بودجە، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، پیشمەرگە، کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکان، سنور و پرسی ئەمنی… تا دەگاتە پرسی دەستورو فیدرالیزم، هەموویان لە ژێر رەحمەتی زۆرتری بەغداد دا دەبن و بۆرژوازی کورد ناچارە، ئاستی داخوازییەکانی بێنێتە خوارەوەو مل بە بریار گوشارەکانی بەغدا بدات. بەتایبەتی لە پرسی دەرهێنان و داهاتی نەوت و فرۆشتن و تەنانەت داهاتی نانەوتی ناچارەو ناچار دەکرێت مل بەبەغدا و بریارەکانی دادگای فیدرالی بدات. بوار بۆ خۆدزینەوە و فرۆشتنی نەوت و غاز بە قاچاغ و لەدەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراقدا، زۆر بەرتەسکتر دەبێتەوە.

 لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، سەرجەم بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی کورد بەتایبەت پارتی و یەکێتی، چ لە هەڵبژاردنەکان و چ لەدەرەوەی کایەی هەڵبژاردنەکان، رووبەروون لەگەڵ نارەزایەتیەکی قوڵی جەماوەری. قڵشتی نیوان هیزەکانی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ چینی کریکار و خەڵکی کوردستان بە جێگایەک گەیشتووە، کە ڕیگای گەرانەوەی نییە. خۆشباوەری بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بەڵێنەکانیان، تەنانەت بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، هێندە رەویوەتەوە ناتوانن هیچ مایەکی لەسەر دابنێن.

لە پەیوەند بە خزمەتگوزاری و ئازادی و مافە فەردی  و مەدەنییەکان، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد نەک هیچ چاوەروانییەکی باشی لێناکرێت، بەڵکو بە کردەوە لە چوارچێوەی خۆبەستنەوە و مل کەچ بوونی کوێرانەی بە سیاسەتی نیولیبرالیزم، خەریکە ئاسەوارێک لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان ناهێڵێتەوە. هیچ بوارێک نەماوە حزب و کۆمپانیاکانی دەستیان لە گەرووی گیر نەکردبێت و بەرەو خنکانیان نەبردبێت.

لە پەیوەند بە ئازادییە سیاسییەکانەوە لە ئازادی هەڵسوارانی سیاسی حزب و لایەنە سیاسیەکان تا دەگاتە ئازادی کاری رۆژنامەگەری، کە لە بنەرەتدا هەر ئاستێک لەو پەراوێزی ئازادییە بەرهەمی قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵاتی رەهای لایەنە سیاسیەکان و ناکۆکی نێوانیانە، ئاستی سەرکوت و پیشلکاری بەرامبەر بەو کەشە نیمچەکراوەیە کە بڕیک ئازادی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەخێرایەکی زۆر دەچێتە پیشەوە و کەشی نیمچەکراوەی سیاسی و ئازادی رۆژنامەگەری لە ژێر چەکمەی سەرکوت و داپلۆسیندایە، هێرش بۆسەر کۆبونەوەی نارەزایەتی و جەماوەری، دەستگیرکردن و سیناریۆ بۆ داتاشین، کەیس ئامادەکردن بۆ نەیارانی سیاسی، تا دەگاتە کەیسی لالەزار و لاجان… کە دوو نموونەی بەرجەستەی ئەم چەند مانگەن، نیشان دەدات کە ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و مامەڵە لەگەڵ نەیارانی سیاسی، و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری توندتر و سەرکوت بەرینتر و زبرتر دەبێت…

تائەو جێگایەی بە مافە فەردی و مەدەنی و سەرەتاییەکان دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی سیاسی و هیزە کۆنەپەرستەکان بە پاساوی بەرگری لە پیرۆزییەکان و کەلتور و نەریت و موقەدەساتە قەومی و دینییەکان، دەیانەوێت هەموو دەنگێکی ئازادیخوازنەو مۆدێرن، هەر نەریت و شێوازێکی نوێی ژیان، سنورداتر بکەن و ڕیگەی لێبگرن… ملدانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە تیکەڵکردنی دین لە ژیانی سیاسی و وەکو سەرچاوەیەکی یاسادانان و هاوکات ملدانی ئەم دەسەڵات و بزوتنەوەیە بە یاسای جەعفەری کە دەستی سەرۆک هۆز و خێل و واڵا دەکات لە دەرەوەی یاسا وبەپێی یاسا، باڵادەستی و هەژموونی بەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریدا بکەن و ڕێگەدەدات بە زەواجی مناڵانی ٩ ساڵە بە زەواج، دوا پلەی هیرشە بۆسەر مافە زۆر سادەو مەدەنییەکان لە ژیانی خێزان و کەسیدا…

بەکورتی دۆخی گشتی خەڵکی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکان… لەگەڵ ئەوەدا دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردی بەرامبەر بە بۆرژازی عێراقی لاوازتر کردووە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی بەهیزی خۆیەوە بەسەر خەڵی کوردستاندا هێشتۆتەوە. زۆری چەک و دەسەڵاتی حزبی جێگای هەموو دامەزراوەیەکی بەناو یاسایی وەکو “حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری” گرتۆتەوە، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و شپرزەیی ناو خێزانی بۆرژوازی کوردی، وەکو هەمیشە قورسایی لەسەر دۆخی سیاسی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت… ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ موچە و موچەی شیاو، بۆ دەستراگەیشتن بەهەلی کار و سەلامەتی شوێنی کار سەختر دەبێت… خزمەتگوزارییەکان بەرەو نابودی تەواوەتی دەبرێن و دۆخی هاولاتیان بەرەوە سەختی زۆتر دەبات. ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان دەکەونە بەردەم هیرشی سیستماتیک تر و زبرتر و بەرینترەوە… هەموو ئەو دۆخە ئەگەری هاتنە مەیدانی شەپۆلێکی تری نارەزایەتی جەماوەری و گورێنی نارەزایەتی جەماوەری بە نارەزایەتی گەورەو سەراسەری و توڕەتر و زبرتر، دەخاتە ڕوو. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە کوردستاندا لە دەوری موچە و خزمەتگوزارییەکان و بۆ ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان، بزوتنەوەیەکە بەری پێناگیرێت، ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکە بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەران و ئازادی، لە بەرامبەر بەهیرشی بەردەوامی دەسەڵات و کۆمپانیاکان…

دۆخی دوای هەڵبژاردنەکان و ئێستای خەڵکی کوردستان، بەتایبەت خراپی و سەختی ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و خەڵکی کەم دەرامەت، رابەرانی کریکاریی لەپاڵ رابەرانی بزوتنەوە نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەلایەتییەکانی تر، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتیەکی گرنگ و چارەنووساز بۆ نەبەردەکانی داهاتوو کە لە بنەرەتدا ریشەی لە ململانێیەکی نەپساوەو بەردەوامی چینایەتیدایە.

ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.