هونەرمەند و پەیامی هونەری… نەجم محەمەد
هونەرمەند دەروونناسی کۆمەڵگە و ڕەنگەکانی ژیانە. ئەو تەنیا دروستکەری بەرھەمی جوانی نییە، بەڵکو پەیامنێرێکی ھزر و ھۆشییە کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێی ھونەرەوە دەپێوێت. لەم وتارەدا، لە ڕەوشتی ھونەرمەند، پەیامی ھونەری و کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم پەیامە ڕوون دەکەینەوە کەدیارە هونەر بۆخۆی پەیامێکی فرە ڕەهەندی مرۆڤە
هونەرمەند کەسێکە کە بە تواناکانی بیرکردنەوە و دەستەکانی خەریکی دروستکردنی ھونەر یان بەرجەستەکردنی بیرۆکەیەک دەبێت. ئەم چالاکیە تەنیا پیشەیێک نییە، بەڵکو ڕێگایەکی ژیان و بیرکردنەوەیە، هونەرمەند جیھان بە چاوی خۆی دەبینێت و ڕووداوەکان قووڵتر دەبینێتەوە، بەرامبەر ڕووداوەکانی دەوروبەری ھەستێکی تیژ و ناسک ھەیە، زۆرجار ھونەرمەند ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگە ھەیە و ھونەری وەک ھەڵگری دەنگ و بیرۆکە بەکاردێنێت. هونەرمەند پەیامنێری ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە و هونەر زمانێکی جیهانییە بۆ گەیاندنی ئازار و هیواکانی مرۆڤە
پەیامی هونەری بیرۆکە و ھەستی نێوەکی هونەرمەندە کە لەڕێی کارە هونەرییەکەیەوە دەگاتە بینەر. ئەم پەیامە ھەمیشە ڕاستەوخۆ و ڕوون نییە، زۆرجار خەیاڵی بینەر دەخاتە کار…
پەیامی هونەری لە چەند قۆناغێکدا دروست دەبێت.
قۆناغی ئیلھام: هونەرمەند لە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، کێشەیەکی مرۆڤایەتی یان سۆزێکی کەسی ئیلھام وەردەگرێت.
قۆناغی وەرگێڕان: ئەو ئیلھامە بۆ زمانێکی هونەری وەردەگێڕدرێت، وەک ڕەنگ، دەنگ، ڕەوشت یان وشە
قۆناغی وەرگرتن: بینەر یان بیستەر پەیامەکە لە ڕێگەی ئەزموونی ھونەرییەوە وەردەگرێت و لەگەڵ بیر و باوەڕی خۆیدا تێکەڵی دەکات و هونەرمەند پەیامەکانی هونەر بەشێوەی راستەوخۆ وناڕاستەوخۆ دەگەیەنێت.
هونەرمەند ڕووناککەری ڕێی کۆمەڵگەیە. پەیامی هونەری تەنیا خۆشەویستی جوانی نییە، بەڵکو پێداگرییەک لەسەر گۆڕان و چاکسازییە. هونەرمەند ڕەنگی دەمارەکانی کۆمەڵگە دەبێت و دەنگی بێدەنگان دەبێت. ھونەر وەک زمانێکی جیھانی ئەم پەیام گەیاندنە ئەنجام دەدات
- بیرۆکەی جوان و ئایدیالەکانی وەک ماف و ئاشتی و ئازادی و یەکسانی وهتد بڵاودەکاتەوە هونەر هەربەتەنها ئیستاتیکایەکی ئەبستراکی وشک نییە، بەڵکو هونەر بەرپرسیاری و پەیامێکی قووڵی مرۆڤایەتییە و هونەرمەندان لە هەموو ئاستەکاندا دەبێت هەڵگری ئەم پەیامە بن و بیگەیەننە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە خوازراوەی کە بەدوایدا دەگەڕێت ڕووبدات. هونەرمەندی بەڕاستی مرۆڤدۆست ئەو کەسەیە کە خەم و خۆشی و ئازار و ئاواتەکانی خەڵک بەرجەستە دەکات و وێنایان دەکات بۆ هێنانی بەختەوەری و کاریگەری گۆڕانکاری. هونەر هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان نەکات و بە وردی ئاماژە بەوە نەکات کە پێویستە چی بگۆڕدرێت. هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر ڕەخنە لە کەموکوڕی و هەڵەکانی ناو کۆمەڵگە نەگرێت. ئەو هونەرەی تەنیا شوێن قەرەباڵغی دەکەوێت و پرسە کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ دەخات، بە هیچ شێوەیەک هونەر نییە، بەڵکو گاڵتەجاڕی و فریودان و شێواندنی ڕاستییە.
هونەر کاتێک دەبێتە پەیامێک کە یارمەتیدەر و بەشداری لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی مرۆڤەکاندا دەکات، کاتێک باس لە بەها بەرز و گەورەکان دەکات کە بەرەو باشتربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگە دەبەن،
مێژوو هونەری ئامانجدار و خوڵقێنەرانی تۆمار دەکات و لەبیری ناکات، هەروەک چۆن هونەری چەوت و بەکرێگیراوەکانی تۆمار دەکات.