کارەساتی سروشتی و جیاوازی نێوان ماف و بەخشین لە کوردستاندا… نووسینی: نەژاد عوسمان

0

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی قەیراناویدا تێدەپەڕێت کە تێیدا نیشانەکانی شکستی سیستەمی حوکمڕانی و گەندەڵی ئابووری و فەوزای کۆمەڵایەتی بە ڕوونی دەردەکەون. کارەساتی دوای کارەسات، بەتایبەت لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وەک قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش و هتد، ئاوێنەیەکە بۆ ئەو ڕاستییەی کە حکومەتی هەرێم لە ئەرکی سەرەکی خۆی دوورکەوتووەتەوە و زیاتر وەک لایەنێکی خێرخواز مامەڵە دەکات نەک دەسەڵاتێکی پابەند بە یاسا. 

گۆڕینی هاوڵاتی لە خاوەن مافەوە بۆ چاو لە دەست… 

ئەو دیاردەیەی سەریهەڵداوە کە بریتییە لە جێگرتنەوەی “ماف و قەرەبوو” بە “بەخشین و هاوکاری”، ڕێگەچارەی دروست نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەمچەماڵ و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکە. بەبۆچوونی من ڕەتکردنەوەی ئەم جۆرە هاوکارییانە، هەڵوێستێکە بۆ پاراستنی شکۆی تاک نەک ڕەتکردنەوەی مرۆڤایەتی. مەترسیی ئەم کولتوورە نوێیە لەوەدایە کاتێک هاوڵاتی بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانەوە توشی کارەساتێک ئەبنەوە، لە جیاتی ئەوەی خەڵک فێر بکرێت داوای مافی یاسایی و قەرەبووی شایستە بکات، ئاڕاستە دەکرێت بەرەو پاڕانەوە و چاوەڕوانی لە دەستی سەرمایەداران و ڕێکخراوەکان. ئەمە وا دەکات هاوڵاتی لە خاوەن مافەوە بگۆڕێت بۆ کەسێکی چاو لە دەست، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر شکۆی نەتەوەیی. 

غیابی سەروەری یاسا و نادیاری داهاتی گشتی 

دیارترین کێشە لە هەرێمدا، غیابی سەروەری یاسایە. پرسیارە جەوهەرییەکە لەسەر چارەنووسی ئەو ملیارات دینارانەیە کە لە ئێستادا بە ناوی پیتاک کۆکراوەتەوە ، لەوانەیە هەمان چارەنوسی ئەو ملیارات دۆلارانەی هەبێت کە کاتی خۆی بەناوی هەڵەبجەوە کۆکرایەوە لە وڵاتانی دەرەوە و دواتر خوورا. خۆتان ئەزانن هەڵەبجە ئێستاش سیمای ئاوەدانی سەردەمی نیە، گەر وابڕوات چارەنوسی ئەو ناوچە زیانلێکەوتوانەش لە ئەوێ باشتر نابێت. 

بەناوی کۆمەکەوە بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری، دەیان ملیار دینار کۆکراوەتەوە کە توانای دروستکردنی شارۆچکەیەکی نوێی هەیە، بەڵام کەس نازانێت ئەو پارەیە لەسەر چ بنەمایەک دابەش دەکرێت یان کێ سەرپەرشتی دابەشکردنی دەکات. لەم نێوەندەدا، پرسیاری گەورە لەسەر ڕۆڵی حکومەت دروست دەبێت: 

ئەی حکومەت ئیشی چییە؟ ئەرکی حکومەت قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتییانە وەک مافێکی سەرەکی، نەک بەخشینی خێرێک. 

نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی لە بەرپرسانی سەرەوە بەتایبەت سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە ماوەی یاساییان بەسەرچووە و بەرپرسی سەرەکین لەم ڕووداوانە، هۆکارێکی ترە لەبەردەوامی ئەم قەیرانانە. هاوڵاتی ئەبێت هۆشیاربێت بەرامبەر بەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخانە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سیستەمەکە پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە. 

 

بازرگانیکردن بە ئازار و چەواشەکاریی ڕاگەیاندن

بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان لە جیاتی هۆشیارکردنەوەی خەڵک بە مافەکانیان، دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ نمایش و خۆدەرخستن و وەک دیکۆراتێکی حیزبی یان بازرگانی دەردەکەون. ئەوان بە شێوازێک وێنەکە دەخەنە ڕوو کە گوایە هاوڵاتی دەبێت سوپاسگوزار بێت بۆ وەرگرتنی شتێک کە لە بنەڕەتدا مافی خۆیەتی. ئەم شێوازی هاوکارییە تەنها چارەسەرێکی کاتییە و دەکرێت وەک “دەرمانێکی ئازارشکێن ” بێت بۆ لەبیربردنەوەی ئازارە گەورەکە. 

هێنانی قوربانیان بۆ سەر شاشە و داواکردنی شتی بچووک وەک پیتزا و بیبسی و بەتانی ، شکۆی مرۆڤایەتیی زەلیل دەکات. ئەمە جۆرێکە لە سەرقاڵکردن و بەلاڕێبردنی ڕای گشتی بۆ ئەوەی پرسیارە جەوهەرییەکە نەکرێت: 

“بۆچی کارەساتەکە ڕوویدا و کێ بەرپرسە؟” 

هاوڵاتی پێویستە فێر بکرێت چۆن مافی خۆی بسەنێتەوە بێ ئەوەی منەتی کەسی بەسەرەوە بێت، نەک فێری پاڕانەوە بکرێت. 

بۆ دەرچوون لەم دۆخە، پێویستە سەروەری یاسا بچەسپێندرێت، شەفافیەت لە بەکارهێنانی پارەی گشتیدا هەبێت، و هاوڵاتیان هۆشیاریی تەواوی ماف و ئەرکەکانیان هەبێت. 

پێویستە هەرێمی کوردستان  لە دۆخی “قاوغە شقارتە” دەربچێت و ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن یاسا و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتی ، نەک بەردەوام بێت لەسەر بازرگانیکردن بە ئازاری هاوڵاتیانەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.