بەشێک لە قوربانیانی و زیانەکانی لافاوەکەی هەرێم و چەمچەماڵ، ئاکامی بێدەربەستی دەسەڵاتە!
لافاوەکەی ئەم دوایەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و چەمچەماڵ بەتایبەتی، لەگەڵ ئەوەدا ڕوداوێکی سروشتییە و ساڵانە لە زۆر جێگاو شوێنی جیهاندا رودەدات، بەڵام ئاماری قوربانیانی ئەم ڕوداوە سروشتیانە، تەنها ئاکامی روداوەکە نییە، بەڵکو هاوکات رەنگدانەوە و ئاکامی مامەڵەی نیزامی سیاسییە لەگەڵیاندا. دەکرێت قوربانیانی ئەم ڕوداوە سروشتیانە تاڕادەی زۆر کەم و نەهیشتنی مەیسەر ببێت. زانستی سروشت ناسی و ژینگە و پێشبینییەکانی ئاو و هەوا هێندە چۆتە پێشەوە، کە دەکرێت زۆر پێش وەختە بزانرێت، ئەوەی کە سەرباری دەستراگەیشتن بە زانیاری پێش وەختە، روداوە سروشتیەکان ئەو هەموو زیانە گیانی و مادیی و وێرانییە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، راستەوخۆ ئاکامی چاوچنۆکی سەرمایەدارییە. سەرمایەداری و دەسەڵاتە چاوچنۆکەکانی لە پێناو دەستراگەیشتن بەسەرچاوەکانی سروشتدا، دەستیان بە قوڵایی زەوی و ئاسمان و کۆنترۆڵی فەزادا دەگات، بەڵام بۆ کەم کردنەوەی لێکەوتەکانی روداوە سروشتییەکان ئامادەنین بەشیکی ناچیز لە سەرمایەکەیان بەکاربهێنن و ڕیگە لەو خەسارەتە مالی و مادییە بگرن کە بەهۆی روداوە سروشتیەکانەوە ڕوودەدەن.
لافاوەکەی ئەمجارەش لە هەرێم و ناوچەی گەرمیان و چەمچەمال، دەکرا پێش وەختە ئامادەکاری و رێ وشوێنی پیویست بۆ رووبەرووبوونەوەی بگیرێتە بەر، لە زیادکردنی رێگاو دەوازەکانی رۆشتنی ئاو و زۆرکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەیی و تا ئاستی چۆڵکردنی هاوڵاتیان لەو جێگایانەی مەترسی گیانیان لەسەرە.
ئەو رادە و رێژەیە لە باران لە زۆر جێگای دنیا، کە دەسەڵات و نیزامی سیاسی کەمترین بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرێت، قوربانی لێ ناکەوێتەوە.
دەسەڵاتی سیاسی هەرێم چونکە هیچ بەرپرسیارییەتیەک و بەرپرسیاریەتی پێش وەختە بۆ روداوە سروشتیەکان ناگرێتە ئەستۆ، چ وشکەساڵی و گەرما و خۆڵباران و چ باران و زەمین لەرزە، دەبێتە هۆی گیان کیشانی زۆر و ناچاوەڕوانکراوی هاولاتیان و زەرەو زیانێکی زۆر بە شوێنی ژیان و کارو کەسابەتییان دەگەیەنێت. دوای روداوەکانیش لە جیاتی ئەوەی بەخێرایی بە فریای قوربانیانی روداوەکان بکەون و قەرەبووی هاوڵاتیان بکەنەوە، سفرەی سواڵ رادەخەن و ژمارەی حسابی رادەگەیەنن تا خێرخوازان، فریای قوربانیانی بکەون و ئەرکی قەرەبووگرتنەوە بگرنە ئەستۆ.
لەهەموو ئەو رووداوە سروشتیانەدا، ئەوەی دەبینرێت و بەرجەستەیە، هەستی ئینسان دۆستی و هاوکاریی نێوان هاوڵاتیانە، کە بەخیڕایی بەتەنگ خەڵکی زیان لێکەوتوو و قوربانیانییەوە دەچن و دەستی هاوکاری هەمەچەشنە بۆ هاوسێ و هاوکار و هاوگەرەک و هاوشاریی و هاوچارەنووسەکانیان… درێژ دەکەن.
ئەوە ئاستە لە بەرپرسیارییەتی کە هاوڵاتیان لەکاتی ئەو روداوە سروشتیانەدا نیشانی دەدەن، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم نیو ئەوەندە بەرپرسیاریەتی بگریتە ئەستۆ چ پێش رودانی کارەساتەکەو چ دوای رودانی قوربانیان و زیانەکانی تری زۆر کەمتر دەبنەوە.
لە روداوە سروشتیەکاندا، بێدەربەستی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە، هۆکارێکی سەرەکی ئەو ئامارە زۆرەی قوربانیانی گیانی و مادییە.
گۆرانی کەش و هەوا و ژینگە، کە دیاردەیەکی جیهانییە، پێوستی بە سیستەمی نوێی پارێزگاری و رێ وشوێنی تازە هەیە. ناکرێت بەدید و بەرنامەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ بکرێت… نە زەمین لەرزە و گرگان و نە وشکەساڵی و گەرما و لافاو، بە شێوە رابردوو ناتوانرێت بەریان پێ بگیرێت یان زیانەکانیان کەم بکرێتەوە، بەڵکو پیویستی بە بەرنامەو رێ وشوێنی تازە هەیە، کە ئەوەش پیویستی بە بودجەی تایبەت و ئامادەکاری پیش وەختەوە هەیە…. ئەوەی لە هەرێم و چەمچەمال روویدا، جارێکی تر نیشانیدا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە زەمینەی رووبەرووبوونەوەی کارەساتە سروشتیەکانیشدا، بودەڵەو ناکارا و بێ بەرنامەو چاوچنۆکە.
ئەوەی لە ئێستادا گرنگە، قەرەبوونی کردنەوەی قوربان و بەهاناوە چوونی زیان لێکەوتوان و بردنە سەری ئامادەییە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەگەری کارەساتی تر.
بەپێی چەندین لێدوان و سەڕچاوە، هۆکارێک بۆ ئەو کارەساتەی لە چەمچەماڵ رویداوێە، لەپێناو پارەو بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، رێرەوی ئاو گیراوە… ئەگەر ئەمە راست بێت، پویستە داواکاری گشتی لیپرسینەوەی یاسایی ئەنجامبدات و تۆمەتبارانی ئەم تاوانکارییە بداتە دادگا…
بۆپێشەوە