بەڵگەنامەی بەرگریی لە گوزەران و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان…
لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، کە هەرێمی کوردستانیان دابەش کردوە بە دوو ناوچەی دەسەڵات، بەردەوام ئازادییە سیاسییەکان، کە بەرهەمی خەبات و قوربانیی خەڵکی کوردستانە، بەرتەسك ئەکرێنەوە و، فشار بۆ سەر هێزە نەیارە سیاسییەکان زیاد ئەکرێت و ناو شارەکان ئەکرێنە مەیدانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیی. لەم سۆنگەیەوە، رێگرییەکان بۆ ناڕەزایەتییەکانی خەڵك توندتر ئەکرێنەوە، تەنانەت خۆپیشاندەران بە فیشەك وەڵام ئەدرێنەوە، ئازادیی رۆژنامەگەریی و راگەیاندن سەرکوت ئەکرێن، رێوشوێنە هەواڵگرییەکان بەسەر ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا ئەسەپێنرێت و … تاد. ئەمانەش دەرخەری ئەو راستییەن کە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی ئەیانەوێ کوردستان بکەنە زیندانێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییە نەیارەکانیان، هەر دەنگێكیش بە ئاوازی ئەوان نەخوێنێ، هەوڵی بێ دەنگکردنی ئەیەن.
ئەم سیاسەتی ترساندن و بێدەنگکردنە لەکاتێکدایە، کە دۆخێکی سەختی ئابوریی کەمەری خەڵکی کوردستانی شکاندوە، بەتایبەتی چیین و توێژە کەمدەرامەتەکانی. زۆرینەی خزمەتگوازاییە پزیشکیی و پەروەردەیی و خوێندنەکانە بە کەرتی تایبەت سپێرراوە، کە لە توانای خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستاندا نیە. خزمەتگوزارییەکانی تری وەکو کارەبا، ئاو و دابینکردنی سووتەمەنیی بە نرخێکە لە توانای بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییاندا نییە. مووچە، بووە بە سەردێری هەواڵەکان لەوکاتەی کە توانای کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە. لە هەمان کاتدا کەمیینەیەکی دەسەڵات و ئەو تۆڕە بەرژەوەندییانەی پێیانەوە گرێدراون، نا یاساییانە، سامانی خەیاڵییان لەسەر یەك کەڵەکە کردووە و ژیانی شاهانەیان بۆخۆیان و دەست و پێوەندەکانیان مسۆگەر کردووە.
ئێمە بەشداربووانی (کۆنفرانسی هەڵسووڕاوان لە پێناو نان و ئازادیی)، لە سۆنگەی دەربەستبوونمان بۆ ژیان و گوزەران و ئاسایش و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کوردستانەوە، کار بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە ئەکەین و، پەیام و داواکاریی گورج و جیدییمان ئاڕاستەی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و هەموو حزب و لایەنە سیاسیی و جەماوەرییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی … تاد، ئەکەین، تاوەکو پێکەوە بتوانین فشارێکی گشتیی جەماوەریی لەسەر هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی درووست بکەین و ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنیان:
١. دابینکردنی هێندی پێویستیی گوزەران بۆ هاوڵاتیانی کوردستان ئەرکی دەستبەجێی جێبجێکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. لەسەر ئەم بنەمایەش پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا بە مووچەخۆران و دوانەخستنی، گێڕانەوەی مووچە زەوتکراوەکان بەپێی بەرنامەیەك کە رەزامەندیی مووچەخۆرانی وەرگرتبێت، دابینکردنی هاوکاریی دارایی کۆمەڵایەتیی بۆ ئەوانەی بێکارن یاخود بەهۆی تەمەن و کێشەی تەندرووستیی و جەستەییەوە توانای کارکردنیان نیە.
٢/ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و شارستانییەکانی وەکو، تەندرووستیی، خوێندن، ئاو و کارەبا و سووتەمەنیی….تاد. بە نرخێک کە لەگەڵ ئاستی مووچەی گشت چیین و توێژەکاندا گونجاو بێت.
٣/ پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە ئازادیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، ئازادیی بیروڕاو چالاکی سیاسیی و ئازیادی رۆژنامەگەریی. هەڵگرتنی ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی بەسەر رێکخراوەکانەوە دانراون، قەدەغەکردنی هەرجۆرە دەستگیرکردن و دادگاییکردن و سزادانێك لەسەر چالاکی سیاسیی و رێکخراوەیی و رۆژنامەگەریی.
٤/ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دادگاکان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بۆ ئامانجی سیاسیی دژی هەر هاوڵاتییەك و هەر لایەنێکی سیاسیی .
٥/ قەدەغەکردن و بەتاواندانانی هەرجۆرە پەنابردنێكی حزبەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیی نێوان خۆیان لەرێگای چەکەوە.
ئێمە بەشداربووانی (کۆنفرانسی هەڵسوراوان لە پێناو نان و ئازادییدا)، هەماهەنگیی نێوان گرووپە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگە بە کۆڵەکەی سەرەکیی بەدیهێنانی ئامانجە ئاماژە بۆ کراوەکانی سەرەوە ئەزانین. لەو پێناوەشدا کاری پێکەوەیی مەدەنیی و یاسایی، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقی فێدڕاڵ و، پایتەختی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا سەرپێ ئەخەین.
کۆنفرانسی هەڵسووراوان لە پێناو نان و ئازادیی.
٢٩ / ١١/ ٢٠٢٥