پرسی ڕۆژ سەبارەت بە ”لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەمال“ زیانە گیانی و مادییەکانی، هۆکار و لێکەوتەکانی! هاوڕێ سەردار عەبدوڵا حەمە وەڵامی پرسی رۆژی داوەتەوە…
پرسی رۆژ: لێکەوتە و زەرەر وزیانی بارانبارین و پاشان لافاوکەوتنەوە لە کوردستان؟
٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ شەپۆلێکی بارانبارینی زۆر هەرێمی کوردستان بەگشتی وناوچەی گەرمیان (کەلار وچەمچەماڵ) ی گرتەوە، و لەئەنجامدا بەهۆکاری لافاوەوە زەرەر وزیانی گیانی وماڵی زۆر بەرئەو شارۆچکانە کەوت.
پرسیار: جگەلەوەی ئەو کارەساتەی لەئەنجامی لافاو وبارانبارینەوە دەکەوێتەوە بەرووداوی سروشتی ئەژماردەکرێت، بەڵام دەسەڵاداران وحکومەتەکان بەو ئیمکانیاتە ماڵی ودەسەڵاتەی بەردەستیانە لەتوانایاندایە بەربەو کارەساتانە بگرن یان کەمتری بکەنەوە. بەرای ئێوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە وەڵامی بەکەمکردنەوەی ئەو کارەساتانە داوە لەرابردوو و لەمڕۆشدا؟
بەڕێز سەردار عەبدوڵا حەمە کۆمۆنیست ونووسەر وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.
سەردار عەبدوڵا حەمە: سەرەتا دەست خۆشی لە ئێوە دەکەم وە سەرەخۆشی لەکەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتی لافاوە دەکەم . هیوادارم ئەو خەڵکە لەزووترین کاتدا بە ژیانێکی شایاستەی ئینسان شاد ببنەوە، و بگەڕێنەوە سەر ژیان وکاری خۆیان. دیارە لافاو کارەساتێکی سروشتیە و هەمیشە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا هەبووە. لەهەمان کاتدا مرۆڤیش ڕووبەڕووی بووەتەوە تا توانیویەتی زیانەکانی لەسەر خۆی کەمتر کردووەتەوە. بەرپرسی یەکەم لەهەر جێیەکی دونیا بۆ ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە دەسەڵاتەکانن. لە وڵاتانی ناو کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان، هەمیشە زیانەکان کەمترن بەبەراورد بەو وڵاتانەی کەدەسەڵاتی کۆمەڵگە بەدەست گەندەڵکاران و دزو مافیاو پیاوانی ئایینیەوە بێت. چاو لە ڕووداوە سروشتیەکان بکەن لە مێژووی چەند دەیەی پێشوودا ئەو ڕاستیە دەبینن لە هەر وڵاتێک ئینسان دۆستی و دادپەروەری زیاتر بێ زیانەکانیش کەمترن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وەک یەکێ لەدەسەڵاتە دواکەوتوو وە گەندەڵکار و وە دژی ئینسانیەکان لە ماوەی ٣٤ ساڵی دەسەڵاتیاندا هەمیشە کەمکارو کەمتەرخەم بوون لەم بوارەدا. لەبەر قازانج و کەڵەکەی سەرمایە بۆ خۆیان و بنەماڵەو دارودەستەکەیان خەڵکیان پشتگوێ خستووە. وە نەیانویستووە بەکردەوە بەر بەم جۆرە ڕووداوانە بگرن، و هەرجارەی لە شارێک و شارۆچکەیەک مەرگەسات وڕووداوی سرووشتی دڵتەزێن ڕوویانداوە . چەندین جار لە ناو هەولێر کە خۆیان بە پایتەخت و دوبەی کوردستان ناوی دەبەن ڕوویانداوە. ئەمجارە کە لە چەمچەماڵ و دەوروبەری و کەلار وگەرمیان ڕوویداوەو بەداخەوە چەند کەسێک خنکان و دەیان کەسیش بریندارو لە خنکان ڕزگارکران، و دەیان ماڵ وخانوو وێران بوون. ئەمە تەنها قسەی من نیە کەدەسەڵات بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە لەم بوارەدا ولەپێش کارەساتەکە، بەڵکو ئەوە قسەی بەشێکی زۆر لە ناڕازیانی خەڵکی ناوچەکەیە کە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامە نوسیدا بە ئاشکرا وتیان کە بەدەسەڵاتیان وتوە بەربەستی ئاو گلدانەوە وگۆڕینی ڕێڕەوی ئاو وە مەنهۆڵەکان دروست بکەن، بەڵام گوێیان پێنەداو تا ئەمەی ئێستا ڕوویدا بەداخەوە. ئەوان داوای دەست لە کارکێشانەوەی بەرپرسانی ناوچەکەیان دەکرد. بەڵام لە راستیدا جگە لەوان دەبێ دەسەڵاتدارانی یەکێتی وپارتیش دەست لەکاربکێشنەوە،چونکە ئەوان بڕیاڕ بەدەستن .ئەوە ٣٤ ساڵە دەسەڵاتدارانی مفتەخۆر بەسەدان ملیاریان دەستکەوتوە بۆ خۆیان، کەچی داوا لە خێرخوازان دەکەن بچن بە هانای ئەو خەڵکەوە ئەگەر ڕاستدەکەن؟ فەرموون ملیارە دۆلارەکانتان بێنن و بیکەنە هاوکاری بۆ خەڵک. چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنیان هێناوە ڤیدیۆو وێنەی ئەو خێزانانە بڵاو دەکەنەوەو خەریکی کەرامەت شکاندنیان بەوەی خێریان پێدەکرێ. کەچی سەروەت وسامانی خودی کۆمەڵگە ئەوەندە زۆرە کە ئەوان دەستیان بەسەردا گرتووە کەدەکرێ ژیانی ئەو خەڵکەو زیانەکانیان پێ قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام دەسەڵات ئەو کارە ناکات، چونکە لە سەرمایە دزراوەکەی کەم دەبێتەوە وە ئەوەی گرنگ نیە بۆ ئەوان ژیانی مرۆڤە. ئەوەی گرنگە لەدوا خاڵدا باسی بکەم ئەم کارەساتە دوا کارەسات نابێ . دەبێ خەڵکی ناوچەکە و بەگشتی خەڵکی کوردستان باوەر بەهێزو ئیرادەی خۆیان بێنن .هەر بۆ ئێستا و بۆ ئایندەش پێویستیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەیە دەکرێ خۆیان ڕێکخەن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن. لە ڕێگەی ئەم نوێنەرانەوە هاوکاری وکۆمەک بگات بە زیان لێکەوتوان تەنها ئەمانن جێمتمانە نەک حیزبەکانی کوردایەتی و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە. تەنها ئەمانن دەتوانن پردی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران بن بۆ فشارو داسەپاندنی داواکانی خەڵک لە ئێستا ولە ئاییندەشدا .