مارکسیزم: تێگەیشتن لە جیهان بۆ گۆڕینی… لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی

0

هەموو ڕۆژێک بەڵگەی زیاتر دەردەکەوێت لەسەر دزێوییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. نابێت جێگای سەرسوڕمان بێت کە ملیۆنان کەس لە جیهاندا خۆیان بە سۆشیالیست دەزانن.

بەڵام بیرۆکەی جیاواز هەیە دەربارەی ئەوەی سۆشیالیست بوون واتای چییە؟

پێش ئەوەی کارل مارکس و فرێدریک ئەنگڵس تیۆرییەکانیان دابڕێژن، سۆشیالیستەکان هەر هەبوون. ئەوان باوەڕیان وابوو کە سەرمایەداری ئەوەندە ئاشکرا هەڵەیە کە دەتوانن قەناعەت بە هەمووان بکەن کە سۆشیالیزم دادپەروەرانەتر و باشتر دەبێت.

رەنگە سۆشیالیستەکان وا بیربکەنەوە کە پێویستیان بە مارکسیستەکان نییە پێیان بڵێن کرێکاران دەچەوسێنرێنەوە، خاوەنکارەکان تەماعکارن و سیستەمەکە نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت. ئەوان دەڵێن ئەزموونەکان بەسن بۆ ئەوەی نیشانیان بدەن چی لە کۆمەڵگەدا هەڵەیە.

بەڵام مارکسیزم تەنها ئەوە ناڵێت کە کرێکاران ژێردەستەن. لە جەوهەری مارکسیزمدا بیرۆکەی “خۆڕزگارکردنی کرێکاران” بوونی هەیە.

تێگەیشتنمان بۆ جیهان شێوە بەو ستراتیژیانە دەدات کە بۆ گۆڕینی بەکاری دەهێنین. مارکس و ئەنگڵس لە بێزاری ئەخلاقی دژ بە دڕندەیی سەرمایەداری تێپەڕین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی شیکاری بۆ سیستەمەکە بکەن.

رێبازەکەیان بریتی بوو لە سەیرکردنی ژێرەوەی رووکەشەکانی کۆمەڵگە بۆ دۆزینەوەی ئەو پرۆسە شاراوەنانەی کە سیستەمەکە بەرەو پێش دەبەن.

ئەم رێبازە گرنگە. چینی فەرمانڕەوا وێنەی خۆیان بۆ جیهان و ئەگەرە زۆر سنووردارەکان بۆ گۆڕینی دەخەنەڕوو.

پێویستە ئێمە رووبەڕووی دیدگای ئەوان ببینەوە بە تێگەیشتن و ستراتیژی خۆمان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی (ریشەیی).

مارکس و ئەنگڵس لەو بیرۆکە گەورانە و سیاسەتە فەرمییانە دوورتر دەیانڕوانی کە خەڵک بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگە بەکاریان دەهێنا. لەبری ئەوە، سەیری ئەوەیان دەکرد کە خەڵک چۆن بە کرداری ئەو شتانە بەرهەم دەهێنن کە بۆ ژیان پێویستیانە و کێ کۆنترۆڵی ئەو پرۆسەیە دەکات.

ئەم تێگەیشتنە مادییەی مێژوو کلیلی تێگەیشتنە لەوەی کە گۆڕانکاری لە رێگەی ڕازیکردنی خەڵکانی سەرەوە، یان بە گۆڕینی دەستەیەک لە فەرمانڕەوایان بە دەستەیەکی تر ڕوونادات. بەڵکو لە ڕێگەی “خەباتی چینایەتی”ـیەوە ڕوودەدات.

وەک مارکس و ئەنگڵس لە “مانیفێستی کۆمۆنیست”دا نووسیویانە، “مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی تا ئێستا، مێژووی خەباتی چینایەتییە”. ئەوان نووسیویانە کە خەباتی چینایەتی، “هەمیشە یان بە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی تەواوی کۆمەڵگە، یان بە وێرانبوونی هاوبەشی ئەو چینانەی دژ بە یەکن کۆتایی هاتووە”.

رۆشنبیران زۆرجار بانگەشەی بێلایەنی دەکەن، بەڵام بێلایەنی لە کۆمەڵگەیەکدا کە دابەش بووە بەسەر چینەکاندا مەحاڵە. بیرۆکەکان دەربارەی کۆمەڵگە هەمیشە پەیوەستن بە بەرژەوەندی چینێک یان یەکێکی ترەوە.

ئەکادیمییەکان زۆرجار کۆمەڵگە بە شێوەیەکی پارچە پارچە دەخەنەڕوو، کە ئەو هەستە دروست دەکات کە کێشەکان لە یەکتر جیاوازن.

بە پێچەوانەوە، مارکسیستەکان سیستەمەکە وەک یەکەیەکی گشتگیر دەبینن. ئەوە بە واتای ڕەتکردنەوەی تێڕوانینە گرنگەکانی مێژوونووسان و زانایانی نا-مارکسیست نییە. بەڵکو بە واتای تێکەڵکردن و یەکخستنیانە لەناو ڕێبازی مارکسیستیدا.

خاڵی سەرەکی لەو ڕێبازەدا تێگەیشتنە لە سەرمایەداری وەک سیستەمێکی دژبەیەک (ناکۆک). ئەم سیستەمە فراوانبوونێکی بێ کۆتایی ڕێگاکانی بەرهەمهێنانی کاڵا دروست دەکات. بەڵام هەروەها بەهەدەردانی وێرانکەر، داکشانی ئابووری و قەیران دروست دەکات. تەشەنە دەکات بۆ جەنگ و جینۆساید.

مارکسیستەکان هەوڵدەدەن ئەو گۆڕانکارییانە دەستنیشان بکەن کە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن و شێوازی وەڵامدانەوەیان بۆ دەدۆزنەوە.

کەواتە مارکسیزم نەریتێکی زیندووە. لە وەڵامی بیرۆکە و پێشهاتە نوێیەکان و خەباتی چەوساوەکان گەشە دەکات—بەڵام بەبێ دەستبەرداربوون لە چەقێتی چالاکی و خەباتی خودی چینی کرێکار.

مارکس نووسیویەتی کە سەرمایەداری “گۆڕهەڵکەنانی” خۆی دروست دەکات. هەر کارگەیەکی نوێ، سەنتەرێکی پەیوەندی یان تۆڕێکی دابەشکردن، دامەزراندنی کرێکاران لەناو بارودۆخێکی هاوبەشدا لەخۆ دەگرێت.

مارکسیستەکان بێلایەن نین. ئێمە جیهان لە گۆشەنیگای ئەو چینە کرێکارە جیهانییەوە دەبینین. بۆچی ئەمە باشترە لە بیرۆکە لایەنگیرەکانی چینی سەرمایەدار؟

بە وتەی مارکس، “بزووتنەوەی چینی کرێکار بزووتنەوەیەکی هوشیارانەی زۆرینەی هەرە زۆرە لە بەرژەوەندی زۆرینەی هەرە زۆردا.”

ڕوخاندنی سەرمایەداری تەنها لە بەرژەوەندی زۆرینەدا نییە. تەنها ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی و ئازادی تەواوی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای دیموکراسی، خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و بەرهەمهێنان بۆ پێداویستی دامەزراوە.

 

سەرچاوە:

https://socialistworker.co.uk/teach-yourself-marxism/why-you-should-be-a-marxist/

وەرگێرانی بۆ کوردی:

توانا محەمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.