عێراق لە نێوان قەیرانی سیاسی و ئابووریدا؛ هەژموونی گروپە چەکدارەکان و چارەنووسێکی نادیار… توانا محەمەد نوری

0

دۆخی سیاسی عێراق لە دوای دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە، پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە کە بە “چەقبەستووی سیاسی” و “داڕمانی ئابووری” پێناسە دەکرێت. ئەنجامەکان لە جیاتی ئەوەی نەخشەڕێگایەکی روون بۆ حوکمڕانی دەستەبەر بکەن، بوونەتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی ئاڵۆز کە تیایدا دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لەژێر هەڕەشەی گرووپە نا-دەوڵەتییەکان و قەیرانی دارایی خنکێنەردان.

لە قۆناغی دوای هەڵبژاردندا، “چوارچێوەی هەماهەنگی” توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات و خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان و خاوەن مافی دەستووری بۆ پێکهێنانی حکومەت بناسێنێت. ئەم باڵادەستییە شکستی بە پرۆژەی سەرۆک وەزیرانی ئێستا هێنا کە دەیویست لە رێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سەرەکییەکانی کورد و سوننە، بەرەیەک دژی هەژموونی چوارچێوەکە دروست بکات. شکستی ئەم هەوڵە وایکرد سەرۆک وەزیران ناچار بێت سازش بکات و بچێتە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی، ئەمەش بەو مانایە دێت کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی هێزە شیعە تەقلیدییەکان و گرووپە چەکدارەکاندایە.

سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیران هەوڵی زۆری داوە سازش بۆ داواکارییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بکات، بەڵام بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بۆ خولی دووەم، رووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە. سەرکردە دیارەکانی ناو چوارچێوەکە، بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە ئێران و خاوەن باڵی سەربازین، کەمپەینێکی توندیان دژی دەستپێکردووە. ئەوان سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت کە “بێ لایەن” نەبێت، بەڵکو پارێزەری راستەوخۆی بەرژەوەندییەکانیان بێت و دژی هەر هەوڵێک بوەستێتەوە بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان.
ئەم ململانێیە وایکردووە ناوی چەندین جێگرەوە بێتە ئاراوە، لەوانە (وەزیری ناوخۆی ئێستا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی). دەرکەوتنی ئەم ناوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چانسی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئێستا زۆر کەمە و بڕیار بەدەستانی راستەقینە نایانەوێت دەسەڵات بدەنە دەست کەسێک کە تەواو کۆنترۆڵ نەکرێت.

هاوتەریب لەگەڵ قەیرانی سیاسی، مەترسییەکی ئابووری گەورە لە ئارادایە. عێراق بەدەست کورتهێنانی نەختینە (Cash shortage) و زیادبوونی قەرزە ناوخۆییەکانەوە دەناڵێنێت. نرخی نەوت هێشتا لە خوار ئەو ئاستەوەیە کە بتوانێت کورتهێنانەکانی بودجە پڕبکاتەوە. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە حکومەتی داهاتوو رەنگە ناچار بێت پەنا بۆ “دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار” ببات وەک رێگەچارەیەک بۆ دابینکردنی مووچە و خانەنشینی. ئەم هەنگاوە ئەگەر رووبدات، دەبێتە هۆی شۆکێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رەنگە خۆپیشاندانی بەرفراوان لێبکەوێتەوە.

سەرباری ئەمەش، بڕیاری حکومەت بۆ دامەزراندنی نزیکەی “یەک ملیۆن” فەرمانبەری نوێ، کە زیاتر وەک بانگەشەی سیاسی و بۆ رازی کردنی شەقام بوو، بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر خەزێنەی دەوڵەت بەبێ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی ئابووری چارەسەر بکات.

مەترسیدارترین دەرئەنجامی ئەم دۆخە بریتییە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان لەناو جومگە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رێگەی خۆشکرد کە دەسەڵاتی مەیدانیی ئەم گرووپانە وەربگێڕدرێت بۆ دەسەڵاتی پەرلەمانی و حکومی. ئەم تێکەڵبوونە وایکردووە کە سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ خزمەتی ئەم گرووپانە بەکاربێت.

ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە دەستی هەر سەرۆک وەزیرانێک دەبەستێت لە ئەنجامدانی چاکسازیی جەوهەری یان سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان. دەرئەنجام، ڕوون دەبێتەوە کە سیستەمی سیاسیی عێراق، کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تائیفی و نەتەوەیی بنیات نراوە، گەیشتووەتە بنبەست و چیتر توانای نییە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بکات، بۆیە تاکە چارەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لەم سیستەمەدا.

 

٤/١٢/٢٠٢٥

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.