پارتی دەتوانێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت؟ … عەبدوڵا مەحمود
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچووە، کەچی ناکۆکیەکانی نیوان پارتی و یەکێتی، ڕێگری لەوە کردووە، حکومەت و کابینەی نوێ پێک بێت. دیارە حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا، کە دەسەڵاتی حزبۆکراتی، سایەی بەسەر هەموو جومگەکانی بەڕیوەبردن و فەرمانڕەواییدا، بە “حکومەت” یشەوە، کردووە، بەکردەوە جێگایەکی بۆ حکومەت و دەوڵەتداری نەهێشتۆتەوە. حکومەت لەم دۆخەی هەرێم و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا،، کاریکاتۆرێک و رووپۆشێکە، بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و کردنی بەرگێکی یاسایییە بە باڵای ئەو دەسەڵاتە حزبۆکراتیەدا. هاوکات حکومەتی دیکۆر بۆ شێواندنی راگشتی و دنیای دەرەوە، بەکاردەهینرێت.
لەگەڵ دەسپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، پارتی لەبەرامبەر بە نائامادەیی یەکێتی بە ویستی پارتی بە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و کابینەی دەهەم، هەڵمەتێکی دژی یەکێتی دەستپێکرد، بەدوای کۆتایی هەڵبژاردنەکانیش کە پارتی سەرمەستی هینانی زیاتر لە “ملیۆنێک دەنگ” بووە، ئەو هەڵمەت و لەراستیدا هەرەشەیە لەیەکێتی، درێژەی هەیە. بەرپرسانی پارتی هەرەشەی هەڵبژاردنی پێش وەختە یان پیکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی لەگەڵ هیزەکانی تر…دەکەن.
ئەو هەرەشانەو ئەو دوو بژاردەیەی پارتی بەدەستیەوە گرتووە، هیچکامیان شانسی جێبەجێکردنیان لە دنیای واقعی و دۆخی هەرێمدا نییە، بەڵکو لە بنەرەتدا بۆ گوشار خستنە سەر یەکێتییە بۆ ئەوەی مل بەخواستەکانی پارتی بدات و وەکو “برا گەورە و سەروەری هەرێم” قبوڵ بکاتەوە.
پارتی دەزانێت پێگەو دەسەڵاتی یەکێتی، بەرهەمی هەڵبژاردن نییە و لەو رێگایەشەوە ناتوانێت یەکێتی کەنار بخات. هەڵبژاردن بکرێتەوە یان نا، کە دوبارەکردنەوەی سەختە، یەکێتی دەنگی کەم بکات یان زیاد، لەو رێگایەوە ناتوانرێت یەکێتی لەدەسەڵات بکێشرێتە خوارەوە. هەروەها ئەگەر پارتی بتوانێت لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی حکومەت پێک بهێنێت، کە ئەوەش ئەگەرێکی قورسە، دیسان حکومەتی بێ یەکێتی، یانی حکومەتی زۆنێک کە تەنها زۆنی زەرد دەگرێتەوە.
پارتی دەیەوێت لەژێر ناوی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و بەپێی ئەو کورسیانەی یەکێتی لە هەڵبژاردندا هێناویەتی مامەڵە بکات. بەوپێیەش پۆست و داهات و بوجە و بریار و هاوبەشی سیاسی بدات بە یەکێتی. لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی دەسەڵاتی زۆنی سەوزەو هەموو جومگەکانی و بریارە سیاسی لەم زۆنەدا پاوانی خۆیەتی، ئامادەنییە مل بە ئاکام و ئیستحقاقی هەڵبژادن بدات و بە پێوەری کورسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. یەکێتی دەیەوێت پارتی بەوێنەی هێزێکی سیاسی کاریگەر کە زۆنێکی هەرێمی بەدەستەوەیە، مامەڵەی لەگەڵ بکات و بەکردەوە بەشدار و هاوبەش لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمدا بێت. پارتی مل بەو خواستە یەکێتی نادات و دەیەوێت لە رێگای جۆراو جۆرەوە گوشار بخاتە سەر یەکێتی و لەچاوی رای گشتی فەرمیدا ئەوە بەسەر یەکتێتیدا بسەپێنی کە هێزێکی لاواز و بچووکبووەوەی هەرێمە، هاوکات یەکێتی تەنها لایەنێکی سیاسی زۆنی خۆیەتی کە ڕووبەرووە لە هێزی تری سیاسی خاوەن کورسی و پیگەی جەماوەریی. بەکورتی پارتی دوای هەردوو هەڵبژاردنی کوردستان و عێراق، بەپۆزی هیزی یەکەمی بێ رکەبەر مامەڵە دەکات و وەکو پێشوو ئامادەنییە مل بەخواست و ویستی یەکێتی بدات.
پارتی لە بەرامبەر بە بەغداد دا، دوشمی” هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان” ی بەرزکردۆتەوەو پێداگری لەسەر پیگەی کورد بەپێی سەنگی سیاسی و رابردووی خەبات!! و دەکات، کەچی لە بەرامبەر بەیەکێتیدا، کە هەمان ویستی پارتی لە هەرێمدا هەیە، مل نادات و باسی کورسی و ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەکات… ئەو مامەڵەیەی پارتی بانێک و دوو هەوایە. لەبەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدا” هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان” ی. دەوێت لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵاتی زوربە و محەکی ژمارەی کورسیی لە بەرامبەر بە یەکێتی و زۆنی سەوزدا، بەدەستەوە دەگرێت.
پارتی باش دەزانێت، ئەو مامەڵە دوو فاقییە، دروست نییە، بەتایبەتی کە دەزانێت هیچ حکومەتێک بەهەر ناوەرۆکێکەوە و بەهەر پێگەیەکەوە کە هەیبێت، بەبێ یەکێتی شکست خواردووە و لانی کەم لە زۆنی سەوز و ناوخۆدا جێ پێی خاڵی دەبێت و لە ئاستی فەرمی و روو بەدنیای دەرەوەش، رەوایەتی پێ نادرێت، بەڵام پارتی لەلایەکەوە بە مەبەستی بچووککردنەوەی یەکێتی و سەپاندنی باڵادەستی زیاتر و لەلایەکی تریشەوە بە کەڵک وەرگرتن لە هێز و لایەنەکانی زۆنی سەوز و کورسیەکانیان، دەیەوێت ویستەکانی خۆی بەسەر یەکتییدا، و لە پێکهێنانی کابینەی دەهەمدا بسەپێنێت.
ئەو پێداگری و سوربوونەی یەکێتی، لەسەر ئەوەی هاوبەشی راستەقینە بێ لە فەرمانرەوایی هەرێمدا و هەموو جومگە هەستیار و گرنگەکان پاوانی پارتی نەبێ، لە جێگای ویستێکی بێ سازش، لە بنەرەتدا، بۆ سازشە. سازشێک کە یەکێتی ناچارە و پێویستی پێیەتی. یەکێتی سەرباری پشتیوانی دەرەکی و باڵادەستی ئەو هێزەی نزیکە لە یەکێتی لە عێراقدا، بەڵام لە دۆخێکی نەخوازراو و زۆر خراپدایە. لە ئاستی هەرێمدا هێندەی وەکو هیزێکی ئۆپۆزیسۆنی پارتی دەردەکەوێت وەکو هێزێک کە خاوەنداری دەکات و بەکردەوە دەسەڵاتی زۆنێکی لەبەردەستە، دەرناکەوێت. لە ئاستی عێراقدا، هێندەی وەکو هێزێکی هاوپەیمانی هیزە باڵادەستەکانی عێراق و قسەکەریان خۆی نمایش دەکات، نیو ئەوەندە وەکو هێزێک کە خواست و ویستی سیاسی هەرێم نوینەرایەتی دەکات دەرناکەوێت. لە پەیوەند بەدۆخ و ژیان و گوزەران و مافەکانی هاوڵاتیانەوە، نەک لەسەر ئاستی کوردستان لەو زۆنەشدا کە دەسەڵاتی رەهای هەیە، لە جێگای بەرپرسیاریەتی هەڵگرتن، شانی خۆی خاڵی دەکاتەوە و خەریکی کروزانەوەیە لە هێزە رکەبارەکەی” پارتی” کە مامەڵەی هاوسەنگ و خزمەتگوزاری ناکات و جیاوازی لە نێوان ناوچەکاندا دەکات. تا ئەو جێگایەش بە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی دەگەرێتەوە، لەسەرە گێژەیەکی رابەریدا، وڕ و هێڕ دەردەکەوێت و خاوەنی گوتارێکی یەکپارچە و هاوئاهەنگ نییە. لەجێگای مینبەر و رابەریەکی یەک دەست، چەندین مینبەر و رابەری جیاوازی ناکارا خۆیان نیشان دەدەن.
ئەوەی یەکێتی بەدەستیەوەیەتی و چ لە بەرامبەر بەپارتی و چ هێزەکانی تر و خەڵکی کوردستاندا، دەسەڵاتێکە کە بەزۆر و لەڕێگای دەست بەسەراگرتنی داهات و هیزی ئەمنی و پشتیوانی دەرەکی و کەڵک وەرگرتنە لە رابردووی سیاسی و کیشمەکیش لەگەڵ پارتییدایە…
دیارە بۆ پارتیش بەهەمان شێوەیە… بەکورتی نە یەکێتی و نە پارتی لە رێگای هەڵبژاردن و بە رێگای دیموکراسی، دەستیان لەدەسەڵات گیرنەبووە، بەڵکو دەسەڵاتیان لە ژێر سایەی جەنگ و خۆبەستنەوە و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی زل هێزەکانی دنیا و جەمسەرە ناوچەییەکان داسەپاندووە. باڵانسی نیوان پارتی و یەکێتی و گۆرانکاری بەرجەستەش لە نێوانیاندا دوبارە لە رێگای هەڵبژاردنەکان و دیموکراسییەوە رووی نەداوە، بەڵکو لەرێگای جەنگی چەوری ناوخۆیی و پشتیوانی هەمە لایەنەی هێزە دەرەکیەکان، پێكهاتووە.
ئەوەی کە لایەنێک لەناو دڵی ئەم دۆخەدا پیگەی خۆی جێگیرکردووە و باڵادەستی زیاتر بووە، پەیوەندی بەو یارییەوە هەیە کە لەگەڵ هێزەکانی عێراق و نێوان ولاتەکانی ناوچەکەدا، کردویانە…
پێکهێنانی کابینەی دەهەم و گوشارو هەرەشەکانی پارتی و کاردانەوەی یەکێتیش، راستەوخۆ بەندە بەو دۆخە سیاسی و کاریگەری روداو و ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکەو و ململانێی جەمسەرە ناوچەییەکان. جەمسەرە سیاسییەکانی ناوچەکەو زلهێزەکانی تری ئامادە لە عێراق و کوردستاندا، تا ئەو ساتە وەختە پێکهێنانی حکومەت، بە سازان و لە نێوان یەکێتی و پارتیدا وەکو دوو هێزی خاوەن دەسەڵات، پشتیوانی لێدەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، نەک کورسی و ئاکامی هەڵبژاردنەکان.
کابینەی دەهەمی حکومەت، بە وێنەی هەموو کابینەکانی پێشوو، تەنها بە سازانی نیوان پارتی و یەکێتی و لەدەسەڵات مانەوەیان لە پرۆسەی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ئاڵوگۆرێکی کەمەوە دوبارە دەبێتەوە و باڵانسی هێزی ئێستا، ناتوانرێت پێشبینی ئاڵوگۆری گەورەی لێ بکرێت.
هەرەشەکانی پارتییش، تەنها گوشارن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە پارتی دوبارە تیایدا هەمە کارەو بریار بەدەستی ژمارە یەکە…