هێرش بۆسەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر، هەڵگری چ پەیامێکە؟ عەبدوڵا مەحمود
شەوی ٢٦ مانگی نۆڤەمبەر، جارێکی تر هێرشی درۆنی کرایە سەر کیڵگەی بەرهەمهینانی غازی کۆرمۆر. بەپێی دەزگا میدیاییەکان ئەو هێرشە کۆگایەکی غازی کردۆتە نیشانەو گڕێ تیبەربووە، لە ئاکامدا، کارەبای عێراق و کوردستان کە پشت بەو کێڵگەیە دەبەستێت، بە رێژەی لە سەدا ٨٠ کەم بۆتەوە و بۆتە هۆی برانی کارەبای بەشێکی زۆری خەڵک. ئەوە یەکەم جار نییە، هێرشی درۆنی و موشەکی دەکرێتە سەر وێستگەو کێڵگە نەوتی و غازیی و فرۆکەخانەکانی هەرێم، بەڵکو پێشتریش و بەتایبەتی لە سەروبەندی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم یان لە کاتی لە ئارادابوونی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان و ململانێی لایەنەکان، ئەو هێرشانە روویانداوە، دوای هەر هێرشێکیش بەجیا لە شەپۆلی ئیدانەکردنەکان، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهاتووەو ئەوە پشت راستکراوەتەوە کە لایەنەکانی پشتی ئەو کردەوانە ناسراون، کەچی بۆ یەکجاریش لایەنی ئەنجامدەر بۆ کۆمەڵگە ئاشکرا نەکراوە و لیژنەی دۆزەرەوەی و زانیاریەکان وردبینەکان، دوای ماوەیەکی کورت ماڵئاوایان لە کەیسەکە کردووە.
ئەمجارەش بە هەمان شێوە، ئیدانەکان خیرا بوو، لیژنەی زوو بۆ پێکهێنراوە، بەڵام چارەنووسی دۆسیەکە بە کوێ دەگات، پەیوەندی بە دانوستاندنی داهاتووی هێزەکانەوە هەیە و دواتر دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت.
ئەوەی ئاشکرایە، ئەو هێرشە درۆنی یان موشەکیانە، هێرشی دەرەکی نین و لە ئاستی ناوخۆدایە… ئەوەش دیارە کە هیزە میلیشیاییەکانی، سەر بەهێز و بلۆکە سیاسییەکان، ئەنجامی دەدەن. ئەوەش ئەو راستیە دەخاتە روو کەئەو هێرشانە بەشێکن لە ململانێی گەرم و چەکدار، وەکو گوشار و بەوێنەی رێگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ سیاسییەکان.
ئەوەی جێگای گاڵتەجارییە، هەموو هێزە سیاسییەکانی دەسەڵات، کە هەموویان خاوەنی هێزی میلیشایی چەکدارن، دەڵێن هێزە میلیشییاییە لە یاسا دەرچووەکان لە پشتی هێرشە درۆنییەکانن و دەبێ ئەو هێزە ملیشیایانە هەڵبووەشێنەوە و چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، کەچی هیچ کام لەو لایەنانە ئامادەنین هێزە چەکدارەکانی خۆیان هەڵبوەشێنەوە و بیخەنە ئیختیاری “دەوڵەت و سوپایەکی بێ لایەنی نیشتیمانی”!!
ئەگەر ئەو هێزە میلیشیایانە هێزی دەرەوەی یاسان، پرسیار ئەوەیە ئەو هێزە سیاسیانە کە لە پشتی ئەو هیزە میلیشیایانەن، بۆچی وەکو هێزی سیاسی دژە یاسایی!! مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و هەڵسوڕانیان راناگیرێت؟ دەڵین هێزە میلیشیاییە لە یاسا دەرچووەکان، لە حکومەت بەهێزترن و حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، ئەوە لە کاتێکدایە حکومەت لە هێزە سیاسیەکانی خاوەن میلیشیاکان، پێکهاتووە. کەواتە هێز و لایەنەکانی پێکهنەری حکومەت، حکومەت بۆیان دیوی رتوشکاری دەسەڵاتی میلیشیاییە.
بەشێک لە هیزە سیاسیەکان بەتایبەتیش پارتی هۆکاری ئەو هێرشە بۆسەر کۆرمۆر بۆ پێشکەوتنی وزرە و ژیڕخانی ئابوری هەرێم دەگێرنەوە، کە گوایە هێزە سیاسییە نەیارەکان چاویان پێی هەڵنایەت. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەی سەرەکی ئابوری و وزەی هەرێم، بە پێی بریاری دادگای فیدرالی گەڕاوەتەوە بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەندی و بەم دوایانەش دەسەڵاتی هەرێم ناچارکرا نەوت رادەستی سۆمۆ بکات و لەو رێگایەوە بفرۆشرێت. بۆیە هەر بەرەپێش چوونیک لە زەمینەی ئابوری و وزە و بەرەوپێشەوەچوونی بە پلەی یەکەم بەسودی عێراق تەواو دەبێت نەک دەسەڵاتی هەرێم.
هۆکاری سەرەکی هیرشە درۆنییەکان، نە ئەوەیە دەسەڵاتی هەرێم لە زەمینەی وزە و پتەوکردنی ژێرخانی هەرێمدا سەربەخۆیی پەیدا کردووە و بەرەوپێش چووە، نە ئەوەیە هێزە میلیشییایە لە یاسا دەرچووەکان چاویان بە پیشکەوتنی هەرێم هەڵنایەت، نە ئەوەشە کە نیگەرانن لە پرۆژەی کارەبای ٢٤ سەعاتە!!، و نە کاردانەوەیە بەرامبەر بە ملیۆنە!! دەنگەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو راستەوخۆ لەلایەکەوە پەیوەندی بە ململانێی دەسەڵاتی بەغداو هەرێم و ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دابەشکاری دوبارەی دەسەڵات و داهات و پۆست و لەلایەکی تریشەوە پەیوەندی بە ناکۆکی نیوان پارتی و یەکێتییەوە هەیە. نابێ ئەو راستییە لە بیربکرێت، بەغدا و دەسەڵاتی هەرێم چەندە کێشەیان لەسەر نەوت و غاز و داهات هەیە، هێندەش پارتی و یەکێتی لەناو خۆیاندا کێشەیان لەسەر نەوت و غازو داهات هەیە. ناکرێت هەرەشەکانی چەند بەرپرسی باڵای یەکێتی بە برێنی غازی زۆنی سەوز لە زۆنی زەرد و پارتی، لەئەگەری پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی، بەسادەیی لێک بدرێتەوە و ئەم بارانی غەزەبە لە ئاسمانێکی ساماڵدا، دابکات.
ئەوەی لەم هێرشانەدا بەپلەی یەکەم دوکەڵی نەوت و غازو درۆن دەچێتە چاوییەوە، جەماوەری بەشمەینەت و خەڵکی کوردستانن، ئەوەی گرفتەکانی زیاد دەکات و قورسایی زۆتر دەکەوێتە سەری هاوولاتیانن. ئێستا کە کارەبا کەم دەبێتەوە و کێشە سەرەکیەکە و تاریکیەکەی بۆسەر خەڵکی بێتاوانە، گرفت بۆ کاسبکارانی بچوک و بێ بەشە… بەهەشتی پر روناکی و کارگەو کۆمپانیای سەرمایەداران و بەرپرسە حزبییەکان، وەکو خۆیەتی….