پارتی کرێکاران: بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ هەمان سیستەم… توانا محەمەد نوری
ئەگەر لەو دەروازە تیۆرییەوە سەیری سیاسەت بکەین کە دەوڵەت ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست، ئەوا دەبێت بپرسین: بۆچی لەم کاتەدا سیستەمەکە پێویستی بە پارتی کرێکاران بوو؟ وەڵامەکە تەنها لە ژمارەکانی بۆرسەدا نییە، بەڵکو لە سەر شەقام و کارگەکان بوو.
پێشەکی: ترس لە شەبەحی مانگرتنەکان (٢٠٢٢-٢٠٢٣)
پێش ئەوەی باسی بودجەکان بکەین، دەبێت ئەو دۆخەمان لەبیر نەچێت کە پارتی کرێکارانی هێنایە سەر دەسەڵات. ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ بەریتانیا گەورەترین شەپۆلی مانگرتنی بەخۆیەوە بینی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا؛ لە پەرستارانەوە بۆ کرێکارانی هێڵی ئاسن، لە مامۆستایانەوە بۆ کرێکارانی پۆست. ئەم مانگرتنانە زەنگێکی مەترسیدار بوون بۆ چینی سەرمایەدار: “کرێکاران خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن.” حکومەتی پارێزگاران بە زمانی هەڕەشە و یاسای دژە-مانگرتن وەڵامی دایەوە، کە دۆخەکەی خراپتر کرد. لێرەدا چینی باڵادەست پێویستی بە بەدیلێک بوو کە بتوانێت ئەم توڕەییە “دامرکێنێتەوە” نەک ڕووبەڕووی ببێتەوە. پارتی کرێکاران وەک ئەو “ئاگرکوژێنەوەیە” هاتە پێشەوە.
قۆناغی یەکەم: تیمارکردنی سیستەم و کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتی (بودجەی ٢٠٢٤)
لە ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیدا، حکومەتەکەی (کیەر ستامەر)ی سەرۆکوەزیران و (ڕیچڵ ڕیڤز)ی وەزیری دارایی دوو ئەرکیان هەبوو:
١. دڵنیاکردنەوەی بازاڕ.
٢. کۆتاییهێنان بە شەپۆلی مانگرتنەکان بە کەمترین تێچوو.
بودجەی یەکەم بەشێک بوو لەم پڕۆسەی “تیمارکردنە”. زیادکردنی بودجەی کەرتی گشتی ( (NHSو قوتابخانەکان دیارییەک نەبوو بۆ خەڵک، بەڵکو تاکتیکێک بوو بۆ ڕازیکردنی سەرکردایەتی سەندیکاکان و هێورکردنەوەی بنکەی جەماوەریی کرێکاران. پەیامەکە ئەوە بوو: “ئێمە گوێتان لێ دەگرین، تکایە بگەڕێنەوە سەر کار.” ئامانجەکە چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کرێکاران (کە بەرزکردنەوەی مووچەیە هاوشانی هەڵاوسان) نەبوو، بەڵکو “سەقامگیرکردنی هێزی کار” بوو تاوەکو چەرخی بەرهەمهێنان چیتر نەوەستێت.
قۆناغی دووەم: قایمکردنی پایەکان و دیسپلینکردنی کرێکار (بودجەی ٢٦/١١/٢٠٢٥)
ئەمڕۆ، ساڵێک دوای هێوربوونەوەی شەقام و کەمبوونەوەی مانگرتنەکان، دەموچاوی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئابووری دەرکەوت. ئێستا کە مەترسیی مانگرتنە گەورەکان کەم بووەتەوە، حکومەت لە بودجەی ئەمڕۆدا (٢٠٢٥) بە زمانی “سەرمایەدارێکی توند” قسە دەکات:
١. مەرجی “بەرهەمداری” (Productivity): لە بودجەی ئەمڕۆدا، وەزیری دارایی مەرجی زیادبوونی مووچەی بەستەوە بە زیادبوونی بەرهەمداری. ئەمە وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ داواکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو. حکومەت دەڵێت: “ئەو سەردەمە ڕۆیشت کە بە مانگرتن مووچە زیاد بکەن، ئێستا دەبێت زیاتر کار بکەن (ئیستغلال بکرێن) تا پارەی زیاتر وەربگرن.”
٢. گۆڕینی قەیرانی مانگرتن بۆ “هاوبەشی”: پارتی کرێکاران توانیویەتی وزەی توڕەیی مانگرتنەکان بگۆڕێت بۆ “هاوبەشی کۆمەڵایەتی” وەهمی. لە بودجەی ئەمڕۆدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن حکومەت و بزنس و کرێکاران دەبێت “پێکەوە” کار بۆ گەشە بکەن. ئەمە دەمامکێکە بۆ شاردنەوەی ناکۆکی چینایەتی.
٣. پاراستنی قازانج لەژێر ناوی “بەرپرسیارێتی”: سەرباری ئەو هەموو فشارەی لەسەر چینی کرێکار هەبوو لە ٢٠٢٢-٢٠٢٣، بودجەی ئەمڕۆ دەستکاری قازانجی زەبەلاحی کۆمپانیاکانی نەکرد بۆ قەرەبوکردنەوەی کرێکاران. بەڵکو جەختی لەسەر “هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت” کردەوە، کە واتای ڕژانی پارەی گشتییە بۆ گیرفانی کەرتی تایبەت
دەرەنجام
خوێندنەوەی بودجەی ئەمڕۆ لە ڕوناکیی مانگرتنەکانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ پێمان دەڵێت: پارتی کرێکاران سەرکەوتوو بوو لەوەی کە پارتی پارێزگاران شکستی تێدا هێنا، ئەویش بریتی بوو لە “خامۆشکردنی کرێکاران بەبێ شەڕ”.
ئەوان هاتن برینەکانی سیستەمەکەیان تیمار کرد، توڕەیی مانگرتنەکانیان بە بەڵێنی بچووک و ڕێککەوتنی سەندیکایی دامرکاندەوە، و ئەمڕۆ لە بودجەی ٢٠٢٥دا یاساکانی یارییەکە بە قازانجی سەرمایە دادەڕێژنەوە. بۆ کرێکاران، ئەمە وانەیەکی تاڵە: حکومەتێک کە بانگەشەی دۆستایەتی دەکات، زۆرجار باشتر دەتوانێت زنجیرەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە دەست و پێی کرێکاران توندتر بکاتەوە.
* لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەزیری دارایی حکومەتی پارتی کرێکاران دووهەم بودجەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان کرد. بەم بۆنەیەوە و وەک چاودێریکی دۆخەکە، ئەمەی خوارەوە خوێندنەوەی منە بۆ ئاراستەی گشتی سیاسەتی ئابووریی ئەم حکومەتە، بە تایبەت لە پەیوەند بەو میراتە قورسەی لە مانگرتنەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ـەوە بۆی ماوەتەوە.