هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی…هێمای بوونی توندوتیژی و ستەم و بێمافی بەردەوامی ژنان و “نا” وتنە، بەم توندوتیژی و بێمافییە!!

0

هەڵمەتی وەستانەوە بەرووی توندوتیژی و بێمافی و ستەمی بەردەوامی سەر ژنان بەوێنەی ساڵانی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو هەفتە، بەڕێوەدەچێت. ئەم هەڵمەتە دوو هەفتەیە، لەلایەکەوە نیشاندانی بیمافی و ستەم و توندوتیژی هەمە چەشنی بەردەوامە لە دژی ژنان و ماف و خواستەکانیان و لەلایەکی تریشەوە هەوڵێک و گۆشەیەک لە وەستانەوەیە بەرەو رووی ئەم ستەم و بیمافی و هەڵاواردن و توندوتیژییەدا،.

توندوتیژی لە دژی ژنان، لە سوکایەتی و هەرەشەوە، تا جیاکاری و ناوزراندن و ئازاردانی جەستەی و دەرونی، یەکێک لە شەرماوەرتربن دیاردەکانی ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی بۆرژوای کورد و هیزە سیاسیەکانیانە.

بۆ سات و چرکە و کات و سەعات و رۆژێک، نییە، ژنان رووبەرووی جۆرێک یان لەیەک کاتدا چەند جۆر توندوتیژی دەرونی یان جەستەیی نەبنەوە….ئاماری توندوتیژی دەرونی و هەرەشەو چاوسورکردنەوە و ئازاردانی جەستەیی، بە ئەندازەیەکە کە هیچ هیزو لایەن و داتایەک ناتوانێت پێوانەی بکات. رادەی ئەم هێرشە بەرین و نەپساوەیە بۆسەر کەسایەتی و بوونی ژن و مافە زۆر سادەو سەرەتاییەکانی، هیندە بەرینە، کە کەس ناتوانێت حاشای لێبکات، هەر ئەو راستیەشە، کە دەسەڵاتی سیاسی و حزبە سیاسیەکانیان، بۆ سرینەوەی ئەم پەڵەی نەنگ و خۆدزینەوە لە هۆکارەکانی ئەم دژە ژنییە، ناچار بوون کە هەم خۆیان بە هەڵمەتی هەفتەی وەستانەوە بەرووی توندوتیژیدا هەڵبواسن و هەم ناوەند و دام و دەزگای بۆ دروست بکەن… ئەوە لە کاتێکدایە هیچ کام لەم حزبانە ئامادەنین کە یەکسانی ژن و پیاو مافەکانی ژنان بە فەرمی بناسن. ئامادەنین دەستی دین لە یاساکان و پەروەردەو خوێندن داببڕن، کە یەکێک لە سەرچاوەکانی رەوایەتی دان بە توندوتیژی و بێمافی هەمەلایەنەی ژنانن. لە کاتێکدا ناتوانن چاوپۆشی لە ستەم و بیمافی لە دژی ژنان بکەن، کەچی یاسای فرەژەنی دەمەزرد دەکەنەوە. دەچنە پشت یاسای جەعفەری کە رەوایەتی بە ئیغتیسابی مناڵانی کچی ٩ ساڵە دەدات، دەستی سەرۆک هۆز و تایفەکان لە مەسەلەی هاوسەرگیریدا، باڵادەست و دەکاتە رێسای فەرمی…

ئاماری توندوتیژی جەستەیی و دەرونی و هەڵاواردن و بێمافی ژنان، لە پێوانەکردن بەدەرە، لەوەش زیاتر کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف، بەدەستی پیاو سالاری، کە حزب سالاری و حزبی دەسەڵات بەدەست و کۆنەپەرست لە پشتی وەستاون، هیندە ئامارێکی بەرزە، کە قوربانیانی لە قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی زیاترە… گۆرستانی بێ ناو نیشانی ژنان، نیشانەیەکی ئاشکرای ئەنفالی ئاشکرای بەردەوامی ژنانە، لە ژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددا و بەڵگەی ریسوای بزوتنەوەی کوردایەتی و هاوبەشە ئیسلامیەکانیانە.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە ژنان زۆرترین قوربانی کۆمەڵگەن، کە هەمیشە لەبەردەم نوکە رمی پیاوسالاری و هەلاواردن و توندوتیژی دەرونی و جەستەییدان، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە لەدژی ژنان و ماف و ئازادییەکانیان، ناتوانرێت وەک هەڵمەتێکی بەردەوام ئامادە نەبێت… هەفتەو دوو هەفتە وەکو وەستانەوەیەکی سمبولیک و کاتی، تەنها گۆشەیەک لە ململانیی بەردەوامی بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژنان، وێنا دەکات… کە دەیەوێت لەو رێگایەوە دۆزەخ و بیمافی هەمەلایەنی ژنان لە ئاستێکی فراواندا، بخاتە روو… لەکاتێکدا ئەم هەفتەو دوو هەفتە سمبولیک و کاتییە بۆ وەستانەوە بەدژی ژنان، بۆ حزبەکانی دەسەڵات و رێکخراوە ژنانەقورمیشکراوەکانیان، فریوکارییەکی ئاشکرا و نمایشێکی پوچە.

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، بەبێ وەستانەوەیەکی بەنەخشە و هاوکات بەردەوام لە دژی دەسەڵاتی سیاسی و هاوبەشە کۆنەپەرستەکانیان، کە هۆکارێکی سەرەکی توندوتیژی لە دژی ژنان و دەمەزەردکردنەوەی کۆنەپەرستی و بێمافی ژنانن، هەڵمەتێکی ناتەواو دەبێت… هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، لە بنەرەتدا هەڵمەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە، کە دەسەڵاتی سیاسی و رێکخراوە قورمیشکراوەکانیانێش دەکات نیشانەو نمایشی درۆزنانەیان دەخاتە ڕوو…       

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.