هەڵبژاردن کۆتاییهات، خەبات بۆ دنیایەکی باشتر بەردەوامە!…. عەبدولا مەحمود

0

سەرئەنجام دوای ماوەیەک لە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و بەخشینەوەی بێ کۆتا و بێ سنوری سەدان هەزار درۆو وادەو بەڵێنی فریوکارانە و دروشمی سیاسی، هەڵبژاردن تەواو بوو. ئەوەی کەپێش وەختەش دیارو  رۆشن، بوو، حزبەکانی دەسەڵات و پشت بەستو بە هێزی چەکدار و ملۆزمی داهات و سامانی عێراق و کوردستان و نۆکەر پیشە و  خوگرتوو بە خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زڵهیزەکانی رۆژی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ژمارەی کورسیەکانیان، وەکو هێزی دەسەڵات و بریار بەدەست چ لە ئاستی عێراق و چ لە هەرێم و هەردوو زونەکان مانەوە… هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆنیش، سەرباری هەر ئاڵوگۆرێک لە کورسیەکانیان، دوبارە باجی وەهمی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەدەن و لە بازنەی” هەڵبژاردن، دوبارە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوە” دەخولێنەوە و بۆچوار ساڵی تر یان زیاتر… بەبەڵێنی گۆڕانکاری، چوونە لوتکەی دەسەڵات، ماشێنی بەرهەم هێنانەوەو ڕاگرتنی بەشێک لە جەماوەرەکەیان دەچەرخێنن، بۆ ئەوەی لە کایەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، دوانەکەون و دیموکراسی!! لەکەدار نەبێت.

دیارە ئەگەر بۆ بۆرژوای لە عێراق و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، هەڵبژاردن تەواو بوو، وە تا چوارساڵی تر… هەر لایەنەیان، جێگای خۆی دەگرێت، بەشدار یان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بن… بەبەشی خۆیان ناڕازی یان ڕازی و گوێ لەمست بن… ئەوا بۆ خەڵکی عیڕاق و کوردستان چنگە کڕێ بۆ ژیان، خەبات بۆ دنیایەکی باشتر، بەردەوام دەبێت و بێ پسانەوەیە.

هەڵبژادن لەعیراق و کوردستان، بۆ حزب و بزوتنەوە بۆرژوازییەکان لە بنەرەتدا مەیدانی جەنگێکە لە دژی چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەت بۆ پاشەکشەکردن بە خواست و هیواو مافەکانیان. حزبەکانی دەسەڵات لەرێگای هەڵبژاردنەوە، درۆی رەوایەتی دەسەڵاتیان بە دیموکراسی زاخاو دەدەنەوەو بەدنیای دەرەوەش دەڵێن دیموکراسی سەرکەوت. بێ ئەوەی لەو دیموکراسییە، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و نەداری کوردستان، هیچیان دەستکەوتبێت!!.

مەیدان و لایەنێکی جەنگی دەسەڵات لەدژی خەڵكی عێراق و کوردستان هەڵبژاردنە، لەماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، لەهەر گۆشەو زەمینەیەکدا بە لێشاو بەڵین و وادەیان بەخشیەوە، بازاری کرێن و فرۆشتنی دەنگ و کارتی دەنگدان تا ئەندام پەرلەمانی دەرچوو، نرخەکەی گەیشتە پینج ملیۆن دۆلار، وە بە ملیاران دۆلار کە لەقوتی هاوڵاتیانی عێراق  و کوردستان دزیویانە، بەکارهێنا، تا دوبارە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو ملهورانەیان جارێکی تر بەسەردا بسەپێنەوە، دەستەو دامێنی جەماوەر بوون، خزمەتکاری خۆیان بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە راگەیاند… دیارە لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو ئەو وەعدەو بەڵینانە و خۆ چەماندنەوەیە بۆدەنگ کۆکردنەوە، رێگایەکی ئاشکرای فریوکارییە، هاوکات دانپیانێکی ئاشکراشە بە نەبوونی خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی و ویستە زۆر و زەبەندەکانی هاوڵاتیاندا، بۆیە لەهەر زەمینەیەکدا بە “بلۆک” بەڵێنیان دەدا…

ئیستا کە هەڵبژاردنەکان، کۆتاییان هات، کاتی ئەوەیە خەڵکی عێراق و کوردستان بەگشتی، چ ئەو جەماوەرە زۆرەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووەو دەنگەکانیان پوچەل کردۆتەوە و چ ئەو جەماوەرەی لەژێر هەر هەرەشە یان خۆشباوەرییان بە حزبەکان، بەشدارییان هەڵبژاردنیان کردووە، پێویستە یەخەی دەسەڵات بگرن و لەرێگای جۆراوجۆری خەباتکارانەوە گوشار بهێنن بۆ حزبەکان، تا پابەندی بەڵین و وادەکانیان بن…

نابێ رێگەبدرێت، ئەو حزبانە شانی خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوا رەواکان و مافەکانیان و ئازادییەکانیان خاڵی بکەنەوە،  و چوار ساڵی داهاتوش بکەنە سەرچاوەی خیرو بەرەکەت و نیعمەت بۆ خۆیان و چینی سەرمایەدار و بازرگانان سیاسی و ئابورییە چاوچنۆکەکان و ژیانی مەمرەو مەژی و بێبەشی و نەداری و بێمافیش بکەنە بەشی زوربەی زۆری کۆمەڵگە، کە کرێکاران و کارمەندان و زەحمەتکێشانن…

لیستی بەڵێنەکان، پەیامی سەرۆک حزب و لیستەکان، بەرنامەی بانگەشەکان، کروزانەوەی کاندیدەکان و وادەکانیان، دیمانەو گفتۆگۆ پر بەڵێنەکانیان… لە گوێی هەموو تاکێکی خەڵکی عێراق و کوردستاندا دەزرنگێتەوە… پێویستە و دەبێ، بەرپرسیارێیتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و وادانەیان بە ئەستۆدا هەڵبواسرێت و ناچار بکرێن کە دەست بۆ جێبەجیکردنیان ببەن. گوێنەدان و پشتکردنە ئەو وادەو بەڵینانە، لەگەڵ کۆتاییهاتن و بەفەرمی راگەیاندنی ئاکامەکان، لەگەرەکەکان بۆ خزمەتگوزایییەکان بێنە مەیدان. لە کارگەو ناوەندەکاندا بە کۆبونەوەی گشتی و لە دەوری یەکتری و بە شێوەی رێکخراو، داوای ماف و داخوازیەکانیان بکەن و پەیام نامە و بانگەشەکان بدەنەوە بەرووی حزبەکان و کاندیداکان و ریزی وردو درشتی لغاو بەرەڵای هەڵڕشتنی بەڵێنەکانیان… گومان هەڵنەگرە ئەو حزبانە، بە خۆشی خۆیان دەست بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و وەڵامدانەوە بە خواست و داواکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش نابەن و دەبێ یەخەیان بگیرێت، دەبێ گوشاریان بۆ بهێنرێت. دەبێ هەرەشە لە دەسەڵاتیان بکرێت… ئەمەش بە بێ رێکخراوبوون، بەبێ خۆجیاکردنەوە لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و تایفی و قەومی و دینی و کوردایەتی، بەبێ دەست بەکاربوونی بەنەخشەی رابەران و هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیست و رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری ممکین نابێت… حزبەکان و قسەکەرەکانیان، کانداداکانیان، بەرپرسە وردو درشتەکانیان، ئەگەر بەهێزی ڕیکخراوی جەماوەری ناچار نەکرێن بۆ جێبەجێکرنی وادەو بەڵینەکانیان، ئەوا دیسان تا چوار ساڵی تر کۆمەڵگە دادەدۆشن و لە هەڵبژاردنی ٤ ساڵی داهاتوودا، هەمان ئەو بەڵین و وادانە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دوبارە دەکەنەوە، هەروەکو چۆن لە خولەکانی پێشودا کردویانە… ئەگەر چەند هەفتەی رابردوو کات و رۆژی بەڵێندانی حزبەکان و بەرپرس و کاندیداکانیان بوو بۆ بەخشینەوەی وادەو بەڵێن بۆ خزمەتکرنی خەڵکی عیڕاق و کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و زامنکردنی ئازادییەکان، ئەوا ئێستا دوای هەڵبژاردنەکان کات و رۆژی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیشە بۆ دریژەدان بە نارەزایەتیەکانیان بە گورو تینیکی زۆرترو فراوانتر لە پێشوو، رێکخراو ترو رۆشنتر لە رابردوو، لەپێناو ناچارکردنی حزبەکانی بزوتنەوە بۆرژوازیەکان و حزبەکانیان بە بەڵێنەکانیان و بۆ بەدەستهێنانی ویست و داخوازییە هەمەلایەنەکانیان. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.