دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ڕاپەرین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعسدا، ڕاپەرین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی پێویستییەکی لەدواخستن نەهاتووە!

0

دوای ٢٧ ساڵ بەسەر ڕاپەرین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعسدا، ڕاپەرین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی پێویستییەکی لەدواخستن نەهاتووە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

ئەم رۆژانە بیست و حەوت ساڵ بەسەر راپەرین و خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بەدژی دەسەڵاتی بەعس تێدەپەرێت. خرۆشان و راپەرینێك کە لەدڵی جەنگی ئەمریکاو غەرب لەدژی عێراق و لە ئاکامی لاواز بوونی بەعس لەو جەنگەدا، سەرەتا خەڵکی خواروی عێراق و پاشان خەڵکی کوردستان هاتنە مەیدان. بەواتایەکی تر راپەرین و خرۆشانی خەڵکی کوردستان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی لە پێشتری خەڵكی کوردستان نەبوو، بەرهەمی زنجیرەیەک لەکۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە پێشتر نەبوو، بەرهەمی شەڕی پێشمەرگانەو جوڵانەوەی چەکداری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەبوو، بەرهەمی لاواز بوون و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵاتی بەعس و بزوتنەوەی نارەزایەتی و رێکخراوی خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکو بەرهەمی شکست و لاواز بوونی دەسەڵاتی رژێمی بەعس بوو لەجەنگێکی نابەرابەری ئەمریکاو غەربدا، ئەویش نەک بۆ ئازاد!!کردنی عێراق و نە لەبەرئەوەی رژیمی بەعس، رژێمێکی درندەو سەرکوتگەر و دژی ئازادی بوو، بەڵکو لەپێناو ئامانجی لەپێشدا راگەیەندروای ئەمریکادا بوو لە پێناو جێخستنی نەزمی نوێی دنیا، بەدوای شکستی بلۆکی شەرقدا… ئەم جەنگە و تێکشان و لاوزبوونی عێراق بووە بوارێک بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بێنە مەیدان و تۆڵەی خۆیان لەو رژێمە فاشیست و ئینسان کوژە بکەنەوە، لەو رژێمە ئازاد بن و ئیتر بەهۆی کارو هەڵسورانی سیاسیەوە کەس توشی راوەدوونان، گرتن و زیندنی و ئیعدام نەبێتەوە، وە بەهۆکاری سیاسی شوێنی کارو ژیانیان میلیتاریزە نەکرێت و لەهەموو ئەوانەش گرنگتر خەڵکی کوردستان لە پلەی دوویی رزگاریان بێت…

     خواستی خەڵکی کوردستان، بۆ ئازادی و شکۆی ئینسانی، پاڵنەری سەرەکی ئەو راسان و خۆپیشاندانە بوو کە رژێمی بەعسی لە کوردستان وەدەرنا… هاوکات خۆبەستنەوەی حزبەکانی کوردستان بە سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکاوە، ئەو رێگایە بوو کە لێیەوە بتوانن، ویستی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان بدزن و بیکەنە دەستمایەی داسەپاندنی دەسەڵاتدارێتی خۆیان…

بەڵێ حزبەکانی کوردستان، هاتنەوە شارەکان و دەسەڵاتدارێتی خۆیان، داسەپاند… یەکەمین کارێک کە دەستیان بۆ برد، لێخۆشبوون بوو لە گرێگرتەکانی سەر بەبەعس، لە ئەمن و ئیستخباراتەوە بۆ سەرۆک فەوج و مەفرە تایبەتەکان… و هاوکات دەستدانە کوشتنی ژنان بوو لە ژێر ناوی هاوکارییان لەگەڵ دەزگا ئەمنەکانی بەعس و یان بەبیانووی پاساوی ئەخلاقی… ئەو ژن کوشتنەی ئێستا دریژەی هەیە، درێژکراوەی ئەو شەپۆلی کوشتنی ژنانە بوو لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ ناو شارەکان…دەستیان پێکرد. ئەو گرتە فیدیۆیەی هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، کە ژمارەیەک ژنی قوربانی تییدا دەردەکەون… دریژکراوەی دیدگاو کارنامەی دژە ژنی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییە…

کارێکی تری ئەو حزبانە کەزوو دەستیان بۆ برد، تاڵان و فەهودکردنی ممتەلەکاتەکانی حکومەت و زوربەی زۆری دام و دەزگاکان و رەوانەکردنی بوو بۆ ئێران و فرۆشتنی… کە سەدی بێخمە و نموونەیەکی لە بیر نەکراوی ئەو تاڵانییە بوو… ئەو تاڵانی و فەرهودەی ئێستا هەیە، ئەو هەرزان فرۆشیەی نەوت و سامانی خەڵکی کوردستان کە تا ئێستا درێژەی هەیە، دریژکراوەی ئەو دزی و تاڵانییەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ ناوشارەکان… دەستیان پێکرد.

کارێکی تری ئەو حزبانە، هێرش بوو بۆسەر شوراکان و هەڵسوراوانی و داخستنی بنکەکانی شوراکان، کە دەسەڵاتی لەخوارەوەی جەماوەریان بۆ بەرێوەبرنی کۆمەڵگە خستبووە دەستورەوە… ئەو سەرکوتی ئازادیی و گرتن و راوە دوونان و زیندانیکردنەی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری و  کوشتنی خۆپیشاندانەکان و تیرۆری رۆژنامەنووسان و… درێژەی ئەو سەرکوت و هەنگاوە دژی ئازادیانەیە کە لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ ناو شارەکان دەستیان بۆ برد….

بۆیە چ تاڵانچیتی و مافیایی ئەو دەسەڵاتە و گوێ خەواندنی لە ماف و خزمەتگوزارییەکان، تا دەگاتە سەرکوتگەری و دژی ئازادیی و دژی ژن بوونی ئەو دەسەڵاتە… ریشەی لە ماهیەتی بزوتنەوەی کوردایەتیدایە وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی… و حزبەکانیشی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە… نوێنەری ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەن… کە بزوتنەوەی چینە داراکان و ستەم گەرەکانی کۆمەڵگەیە… سەرانیشیان لە حزب و حکومەتدا!! دەمیان ژەنیوەتە داهات و سامانی کۆمەڵگەو دزو تاڵانیان بە یاسایی کردووە، پەسەندکردنی یاسای خانەنشینی، ٣٠٠ هەزار دینار مانگانە بۆ کارمەندو فەرمانبەرێکی خاوەن ٣٠ ساڵ خزمەت، و لەبەرمبەردا دانانی بری ٤ ملیۆن دینار بۆ ئەندامانی خانەنشینی پەرلەمانێکی کارتۆنی و ساختەی حزبی… کە لەمێژووی دورو درێژی کاری پەرلەماندا یەک دەسکەوتیان بۆ خەڵک، نەبووە، ئەو سکانداڵ و تاوانکاری و دزییە بەیاسایی کراو و  مێژوویەیە، کە بزوتنەوەی کوردایەتی و سەرانیان ئوڵفەتیان پێوە گرتووە…

ئێستا دوای ٢٧ ساڵ، ئەو دەسەڵاتە هیچ دەستکەوتێکی نییە تا جێگای شانازی و نازین پێوە بوونی بێت… خەڵکی کوردستانیش هیچی لەو دەسەڵاتە دەستنەکەوتووە، جگە لە بێمافی و بێ موچەیی و بێکاری و گرانی و تاڵانی سامان و داهاتەکەی و سەرکوتگەرییەکەی لە بەرامبەر ئازادی و ئازادیخوازیدا… تەنانەت هێشتا ئایندەی سیاسی کوردستان، نادیارە… بەتایبەتیش بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو ئایندەیە هێندەی تر ناڕۆشنتر و لێڵترە…

بەعس ٢٧ ساڵە ڕۆشتووە کەچی خەڵکی کوردستان، هەر وێڵی دوای ئازادی و ماف و خزمەتگوزارییەکان و دەسەڵاتێکی جێگا متمانە و شارستانین… بەدیهاتنی ئەمەش بەر لەهەر شتێک لە گرەوی راماڵینی ئەو دەسەڵاتەدایە… وە جگە لە راپەرین و شۆڕش… هیچ رێگایەکی تر لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا نییە، بۆ رزگار بوون لەو دەسەڵاتە، چونکە ئەو دەسەڵاتە نەچاکسازی هەڵدەگرێت و نەلەرێگای هەڵبژارنەوە دەستی لەدەسەڵات کۆتا دەکرێت… ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی راگرتووە، زۆری میلیشیاو چەک و سەرکوت و بوونی دەزگایەکی پانوپۆری فریوکاری و چەرخاندنی ماشینی درۆسازییە کە نووسەرە دەربارەکان و موچەخۆرەکانیان… بەڕێوەی دەبەن.

خەڵکی کوردستان، و لە پێشیانەوە بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و ئازدایخوازەکەی، دەبێ هەرچی زووە، ئامادەکاری تەواوی سیاسی و جەماوەری و رێکخراوەیی، بکەن. پێویستە لە دەوری ئاسۆیەکی سیاسی رۆشنی سۆسیالیستی و ئینسانی کۆببنەوە. بە وەگەرخستنی ئیرادەی راستەوخۆیی جەماوەری، کاری کۆتاییهینان بەو دەسەڵاتە بەسەمەر بگەیەنن. کە نان و ئازادی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری راستەوخۆی جەماوەری زامن بکات.

 سەرەتای ئازاری ٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.