جووتیک پێڵاو..یا بەستنەوە بە پارچەیەکی نیشتمان …! نوسینی /جەمال نوری
گەر بە دیدگایەکی ماریفی تەماشای ئەم وێنە فۆتۆ گراڤیەی.(فایەق حەمەسالح )ی فۆتۆگرافەر بکەین ،وێنەی کاراکتەرێکی چالاکی کۆمەلگەی کوردەواری و سلیمانیە کە بە (حەمە گیان)
ناوی دەهێنن، لەوێنەکەدا حەمە جووتێ پێلاوی تازەی بۆ کڕدراوەو خستویەتیە سەر سنگی، وەک بە ئاماژەی جەستە پێمان بڵێ، ئەم جووتە پێلاوەی بۆم کڕدراوە بەهاترین شت گەلێکە بۆیان هێناوم واتە وەک ئەوەی پێمان بڵێ مانەوە و جووڵەو تێکەڵاویەکانم هەمووی بەستراون بە پێلاوەکانمەوە.
لەو کاتەی “فایەق حەمە سالحی” فۆتۆگرافەر حەمە دەدوێنێ
و پێی دەلێ حەمە گیان :-
+ئەو پێڵاوانە نایەی بەم ؟
ـ حەمەش لەوەلامدا پێی دەڵێ بۆ ناتانەوێ ڕووتم بکەنەوە..!
بەڵێ .لێسەنینی پێڵاوەکان لە حەمە وەک ئەوەیە ڕووتبکرێتەوە.
چوون بۆ ئەو پێڵاوەکان هێمای ژیانکردن و جووڵەو بەرکەوتنێتی لەگەل خەلکی، مانای ئەوەیە ئەو ساتەی پێلاوەکانی لێ بسەنرێ، وەک ئەوە وایە بەشێک لەو پارچە خاکەی سلیمانیان لێ دزی بێ،
ئەو پارچە خاکەی کە ڕۆژانە بە دلێکی پاک و بە دنیایەکی بێ غەل و غەش و بە دڵێکی پاکەوە بەسەریدا ڕاگوزەر دەبێ، بەهۆی پێلاوەکانیەوە بەستراوەتەوە پێوەی و بۆتە بەشێک لە یادەوەریی
خەلکی شارەکە کە بۆساتێک بەرێبواری بەحەمەگیان دەگەن .
مرۆڤ خەسڵەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ دەوروروبەرو ژینگەی سروشتی و دەوروبەری، پێ بەپێی ئەزموونکردنی پەیوەست دەبێت بەو شووناسە گشتگیرەی کەتیایدا دەژی، گەر بەهۆکارگەلێک تاکی کورد لەناو نیشتمانەکەشیدا نەژی یان دەربکرێ ،دەتوانێ لە شوێنێکی تردا بمێنێتەوە،بەڵام ئەوەی بۆ خودی مرۆڤ مایەی مەترسی یە نیشتمان دەربکرێت لەناو خودی هەستەکانیدا…
مرۆڤ خاوەنی ئەندێشەیەکە لە هەر سەردەم و کاتێکدا بێت دەیەوێ بگەڕێتەوەو بۆ ئەو شوێنەی خۆی کە بەزۆر دووریان خستۆتەوە، یان لەناویدایە و قۆرخ کراوە و شێوێنراوە.
حەمەش کاتێک دەلێ دەتانەوێ بە بردنی پێلاوەکانم ئەو بستە خاکەی شارم لێزەوت بکەن،لەکاتێک پێلاوەکان بۆ ئەو خۆشیەک و چێژێکی تایبەتی پێ دەبەخشێ، بەهۆی پێلاوەکانیەوە دەتوانی
گەرەکەکانی تری نیشتمانی شارەکەی ببینێ و بدوێنێ .
لێکۆلینەوە لەسەر ئەم جۆرە لەهونەری فۆتۆگرافەر هەربەتەنیا
گرتنی وێنەیەکی ئاسایی نییە؟ بەڵکو لەرێگای ئەم هونەرەوە ئێمە دەتوانین دنیابینی و بوعدی فکری و سۆسۆلۆجی فۆتۆگرافەرەکە تێبگەین .واتە گەر تەماشای کۆی هونەری فۆتۆیەکانی فایەق بکەین ئەم حەقیقەتەمان بۆ ئاشکرا دەبێ کە فۆتۆ گرافەر بەردەوام قسەی جدی خۆی هەیە لەسەر وێنەکانی و لەم رێگەیەوە لەهەستی تاک بەتاکی ئێمە دەدات و ئەوکات تێدەگەین لە چەمکە مەعریفییەی. فۆتۆگرافەر کەهەر جارەو لەوێنەیەکیدا دەیدرکێنێ.
ئەم وێنە فۆتۆیەی فۆتۆگرافەر فایەق حەمە سالح چیرۆکی “جووتێ پێلاوی “شاعیر (شێخ ئەنوەری) وەبیر هێنامەوە ڕۆحی شادبێت کەتایبەتی کردووە به یادی ئەو هەتیوانەی که نازی دایکیان لێ ونەو لەبەردەستی باوە ژن بینازن و خراپ پەروەردە دەکرێن که وا له رەنجی شانی خۆیان ژیانیکی تال لەو سەردەمەدا بەسەر دەبەن .
ئەو مناڵە ی که جووتی پێڵاوی کړی و لێیوون دەبێت له ترسی ئهوە ناوێرێت بچێتە مالەوه..ئەو چیروکه تاڵەمان بەزمانی شیعر بۆ دەنوسێتەوە.
بەشێک لەشیعری “جووتێ پێڵاو”
خامه وەره لەگەل تاسەم
لەگەل شەپۆلی هەناسەم
زوير مـــەبـــــه …
له پەنجەما له گێژاوی. ئەم باسەما
لەسەر دیری پەرەی شێواو
چەندین رووداو
چەند نەشیاو هەلئەهێنجێم
له گیانی خۆم
له ژیانی ئەمڕۆی… ئەتۆم له … بۆ گێتی….
له بۆ مروڤ له رووداوی سەد ئاخ و ئۆف
دواجار. ئێریش کێستنەر.دەڵێ:
(ناکرێ، مرۆڤێک لە نیشتیمانەکەی دەرکرێت، لەوەخراپتر ئەوەیە کە ناکرێت نیشتمان لەناومرۆڤ دەربکرێت)
منیش دەڵێم ناکرێت ئەوەی مرۆڤێک پێوەی بەستراوەتەوە بەشوێنەکەیەوە لێی بسەنرێ.