بانگەشەکانی پارتی و یەکێتی، فریوکاری ئاشکراو ئەزموونکراو!!…نووسینی: عەبدوڵا مەحمود 

0

“بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، بەهێزبوونی کوردستانە””هێزی تۆین لە بەغدا”… بانگەشەی سەرەکی پارتی و یەکێتین، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.

 ئەوە یەکەمین جارە پارتی و یەکێتی، بەدروشمێکی لێکچوو و هاوشێوەی یەک بەشداری هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن و پێداگری لەسەر بە‌هێزبوونی پیگەی کورد لە بەغدا دەکەن.

پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی ناسیونالیزمی کورد، لە سەرەتای بیناکردنەوەی عێراقی دوای بەعسەوە، بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بوون و ئومیدی سەرەکی خۆیان بە بەغداوە بەستەوە. چ پارتی و یەکێتی و چ هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، چەندین پۆستی باڵای وەکو جیگری سەرۆک وەزیران، جیگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە، وەزیری دارایی و سەرۆک کۆمار و سوپا سالار و هاوکات دەیان ئەندام پەرلەمانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هاوکات قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، رەها بوو. لە ماوەی زیاتر لەو بیست ساڵەدا کە هیزەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە بەغدان و پۆستی باڵا و جۆراو جۆریان بووە، کەچی تا هاتووە، باڵانسی هێز بە زیانی بزوتنەوەی کوردایەتی شکاوەتەوە و “پیگەی کورد” بەرەو لاوازی چووە.

بانگەشەکانی پارتی و یەکێتی بەوەی کە لە بەغدا بە‌هێز بن، کوردستان و پێگەی کورد، بەهێز دەبێت، لە بنەرەتدا، باس پیگەی سیاسی و حزبی و بەشداری و پۆست بۆ حزبەکانیان دەکەن، تا لەو رێگایەوە رەوایەتی دەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستان، رتوش بکەنەوە. وە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا کە پارتی و یەکێتی و هیزەکانی تری بۆرژوازی کورد، لە بەغدا و بەشدارن لە حکومەتی تایفی و قەومی و مەزهەبیدا، نەک تەنها پێگە و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە مایەی سات و سەودا و لەو نێوەشدا، بەرەو لاوازیان بردووە، بەڵکو لەڕیگای فیدرالیزمی قەومییەوە، کۆمەڵگەی عێراق بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردستانیان بەتایبەتی، رووبەرووی چەندین گرفتی بناغەیی کردۆتەوە و لەبەردەم ئایندەیەکی نادیار و پڕ کێشمەکێشدا داناوە… جیا لەوانە پیگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و مەوقعیەتی سیاسی خۆشیان بەرەو لاوازی چووە.

ململانێی بەردەوامی بەغدا و هەولێر لەسەر دەیان پرسی وەکو ناوچەکیشەلەسەرەکان، کەرکوک، دۆسیەی نەوت و غاز، بودجە و موچە، بریارەکانی دادگای فیدرالی، هیزەکانی سنور و پیشمەرگە، پۆست و … هەموویان گۆشە بەگۆشەی ململانێیەکن کە وابەستە بە گۆرانی هاوسەنگی هێزن، کە خودی فیدرالیزمی قەومیش دەرهاویشتەی ئەو هاوسەنگی هێزەیە.

هاوکات قەڵەمرەوی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر ناوچە کیشەلەسەرەکان و کەرکوک، کۆتایی پێهاتووە. دۆسیەی نەوت و فرۆشتنی، کە پایەی ئابوری سەربەخۆی دەسەڵاتی هەرێم بوو، تا رادەیەکی زۆر لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا، نەماوە… پرسی یاسای هەڵبژاردنەکان، لە کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانەوە، تا نەهیشتنی کۆرسی کۆتاکان، هەڵوەشاندنەوەی بریاری دریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و بی کاراکردنی بریارەکانی!!… هەموو ئەوانە گورز بوون لە پیگەی ناسیونالیزمی کورد.

جیا لەوانە دەسەڵاتی هەرێم، لەهەموو زەمینەکانی بەرێوەبردنی هەرێمدا، شکست خواردو بووە، موچە وەکو مافێکی سادە و سەرەتایی بۆتە گەورەترین کیشەی کۆمەڵگە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرە نەمانی تەواوەتی براون و کەرتی تایبەتی جیگای گرتوونەتەوە و بارگرانییەکی زۆری خستۆتە سەر هاوڵاتیان. مافی فەردی و مەدەنی لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی پارتی و یەکێتیدان، خوێندن و پەروەردە پاشەکشەیان کردووە، هێشتا هەلی کار و دامەزراندن بە پسولەی حزبی هێزی زەرد و سەوزە، هیشتا ئاسەوارێک لە حکومەت و پەرلەمانێکی باوی شیوە بۆرژوازی بوونی نییە و دەسەڵاتی حزبۆکراتی لەهەردوو زۆنەکەدا باڵادەستە. هیزێکی سەربازی سەربەخۆ نییە و هیزی چەکداری حزبی بۆ بەرگری لە پایەی حزبی جیگای گرتۆتەوە، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییەو حزب ئاراستەی دەکات…

هەموو ئەو راستیانە لە هەلومەرجێکدایە، کە پارتی و یەکێتی خاوەنی چەندین پۆستی باڵابوون و بەشدار لە دەسەڵاتی ناوەندی بوون، کەچی بێ شەرمانە لەو هەڵبژاردنەدا، بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر لە بەغدا بەهیز بن، پیگەی کوردو کوردستان، بە‌هیز دەکەن و رێرەوی چەوتی دەسەڵات لە بەغدا راست دەکەنەوە و بەرگری لەخواست و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن!!.

پارتی و یەکێتی، کە لەهەرێم و لە ژیر سایەی زۆنەکانی دەسەڵاتیاندا، دۆزەخێکی واقعیان بۆ زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە پیکهێناوە و وەکو رەمزی تاڵانچی، داهاتی خەڵکی کوردستان ناسراون، فریوکاری ئەوە دەکەن ئەگەر لە بەغدا بە‌هیز بن، کورد!! بەهیز دەبێت و کوردستان پارێزراو!!.

یەکێتی و پارتی و هیزە هاوبەشەکانیان، لەو پەرێ بەهیزی و بەشداریاندا لەدەسەڵاتی بەغدا، نەک نەیانتوانی و نەبوونە نوێنەری هیچ خواست و مافێکی زەوتکراوی خەڵکی کوردستان، بەڵکو بە خۆبەستنەوە و بەشدار لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دز و کۆنەپەرستەی بەغدا، ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستانیان، لەبەرامبەر بە داهات و پۆستدا، هەرزان فرۆش کرد.

ئێستا کە سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، رووبەرووە لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ئابوری و لەبەردەم نەفرەتی نارەزایەتی جەماوەری کوردستاندایە، دەیانەوێت بە بانگەشەی قەومی و هەڵخراندنی هەستی نەتەوەپەرستی و بە بانگەشەی جۆراوجۆر پوچی ئەزموونکراوەوە، خەڵکی کوردستان خۆشباوەر بکەن و پەنجەمۆریان لە گەمەیەکی قێزەونی دابەشکاری دەسەڵاتدا، بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، ئەوەش نەک بۆئەوەی لە بەغدا” پیگەی کورد و کوردستان” بە‌هیز بێت، بەڵکو بۆئەوە دەسەڵاتی نەگریسی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەمەزەرد بکەنەوە.

پارتی و یەکێتی کە لە هەرێمی کوردستاندا، کەس دەستی نەگرتووەن ئەلگو فۆرمێکی دەسەڵاتدارێتی حکومی و مەدەنی تەندروست و ماف و داخوازییە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان وەڵام بدەنەوە، زامنی مافە فەردی و مەدەنی وئازادییەکانی هاولاتیان بکەن، لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان، مەیسەر بکەن، لە بەغداوە خەونی وەدیهێنانی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، دەبەخشنەوە… چ فریوکارییەکە!!

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.