لە نێوان درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا و بڕیاری پاشەکشەی هێزەکانی پەکەکە!!… عەبدوڵا مەحمود
پەرلەمانی تورکیا مافی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا بۆ ماوەی سێ ساڵ درێژ کردەوە، رێک چەند رۆژ دوای ئەم بریارە پەکەکەش، بریاری کشانەوەی هەموو هیزەکانی لە تورکیا، ڕاگەیاند!!
بریاری درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە کوردستانی عێراق و ناوچەکوردنشینەکانی سوریا “رۆژئاوا”، لەلایەن پەرلەمانی تورکیا و لەسەر داوای ئەردۆغان، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا، بەهەمان نەفەس و بەهەمان سیاسەتی پێشوو مامەڵە لەگەڵ واقعیەتی سیاسی کوردستانی عێراق و رۆژئاوا و سەرجەم ناوچەکە دەکات.
“پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی” کەئۆجەلان و پەکەکە پێداگری لەسەر دەکەن و دەوڵەتی تورکیا، ناوی ناوە” بنەربڕکردنی تیرۆر” یان ” تورکیای بێ تیرۆر”… نیشانەی ئەوەیە هیشتا دوو روانگەی جیاواز، بەسەر پرۆسەی “ئاشتیدا” زاڵە، روانگەی دەوڵەتی تورکیا، کە کە داوای خۆرادەستکردنی تەواوەتی پەکەکە و سەرجەم هێزەکانی تری ناو بازنەی و دنیابینی ئۆجەلان و فۆرمی تری پەکەکەن لە ناوچەکەدا، دەکات. لەگەڵ روانگەی پەکەکە و بەتایبەتی تریش ئۆجەلان، کە بەخەونی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و کۆتایی “دەوڵەت-نەتەوە” بانگەشەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی دەکات.
تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا، لەبەرامبەر بە بریاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بریاری چەکداناندا، نەک هیچ هەنگاوێکی فەرمی و بەکردەوەی نەناوە، بەڵکو لەسەر هەمان سیاسەتی پیشووی خۆی چ لە بەرامبەر بە پەکەکە و هیزەکانی نزیک لە پەکەکە و چ بەرامنبەر بە دۆخی سیاسی کوردستانی عێراق و سوریا و ناوچەکە، بەردەوامە… لە بەرامبەردا ئۆجەلان و خەتی ئەو لەناو پەکەکەدا، بێ گوێدانە سیاسەتی شەرگێزی و هیزنیشاندانی دەوڵەتی تورکیا، لەجیاتی هەڵوێستەکردن و نیشاندانی هیچ کاردانەوەیەک، بەرەو باوەشی ویستەکانی دەوڵەتی تورکیا هەنگاو دەنێن و دەیانەوێت وەکو نوینەری بۆرژوازی کورد، لە ناو دەوڵەتی توکیادا، بەشداریان پێ بکرێت. بەڵام ئەو هەنگاوانەی پەکەکە تا ئیستا ناویەتی و بەکردەوە دەستی بۆ بردووە، نەک زامنی ئەو ئامانجە بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە تورکیا ناکات، بەڵکو لە ژێر ناوی بنەبڕکردنی تیرۆر و تورکیای بێ تیرۆردا، دەوڵەتی تورکیا مۆری تیرۆریستی!! لە ناوچەوانی سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەدات و هیز گەلی تری سیاسی لەناوچەکدا کە لەژێر ئاسۆ و چوارچیوەی دنیابینی ئۆجەلان و پەکەکە دان، دەخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە و داوای خۆ رادەسکردنی بێ مەرجیان لێدەکات و لەوەش زیاتر دەیەوێت لە رێگای زۆرەوە کۆتاییان پێ بهێنێت.
دوای ئەو هەنگاوانەی پەکەکەو ئۆجەلان… دەبوو دەوڵەتی تورکیا، پاشەکشەی لەمیلیتاریزەکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی تورکیا، کردبا… زیندانیانی سیاسی و کارکتەرە سەرەکیەکانی ئازاد کردبا. بریاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆسەر کوردستانی عێراق و سوریای، کردبا. دەستی لە بەتیرۆریست ناساندنی پەکەکە و هیزەکانی تر بەردابا. لەوانە زیاتر نەخشەی پاشەکشەی هیز و بنکە سەربازییەکانی لانی کەم لە کوردستانی عێراق، خستبایە ڕوو… کەچی بریاری دریژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سێ ساڵی تر درێژدەکاتەوە. ئەو واقعیەتە نیشاندەری ئەوەیە، دەوڵەتی تورکیا بەدوای چارەسەرەوە نییەو ئەوەی پێی دەوترێت” پرۆسەی ئاشتی چارەسەری” رەوەندێکی روو لە بن بەستە…