كارەسات لەوەدایە دوای ٣٣ساڵ دەنگ بدەیتەوە بە یەكێتی و پارتی !!!!… نووسینی: ڕیبوار یاسین فەتاح
جارێکی دیکە:
ئەمەی له ڕابردوو لە سلێمانی ڕوویدا جەختکردنەوەیە لە چەند بارەبوونەوەی کەلتوری بەعس، ڕاستە ڕاپەڕین کرا و ڕژێمی بەعسی پێشوو لە کوردستان نەما، بەڵام کەلتورەکەی ماوە. بەکارهێنانی تانک و درۆن و هێزی حیزب لەناو شارێک کە خۆیان پێی دەڵێن شاری ڕۆشنبیری، بەتەنیا شکستی سیاسیی نییە و داڕمانی گەورەی کۆمەڵگەی مەدەنییە و نەمانی هێزی قانوونە.
ئەم زنجیرە ڕووداوانەی ئەم دوایەیە لە سیناریۆکانی کەیسی شێروان شێروانی و هەڵدانەوەی کەیسی شاسوار لەم کاتەدا لە کاتێکدا چەندین ساڵە خۆیان دۆسێیەکانی دوادەخەن و هەڵکوتانە سەر لاهور جەنگی پێمان دەڵێن لەم دوو زۆنە سەوز و زەردە شتێک نییە بەناوی قانوون. دادگا و دادوەرەکانیش تا ئەو جێگەیە بڕیارەکانیان بڕدەکات، کە حیزب و خێڵ نیگەران نەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن سنورەکانی حیزب و خێڵ ببەزێنن، ئەوە هیچ کە ناتوانن خۆیان لەقەرەی سنوری بنەماڵەکان بدەن. دادگا و پەڕلەمان و زاکۆکان و میدیاکان باقی دامەزراوەکانی دیکە زیاتر پێكهاتەیەکی ملکەچی حیزبین، نەوەک دامەزراوەی سەبەخۆ و دروستکردنی بڕیار لەپێناوی سوودی گشتی.
كابينەی دوو جووت حيزب:
دزو یاسا شکێن پارتی ويەكيتیه ناتوانێت ژیانی هاولاتيان چاک بکات،خراپترین دۆخی ژیانی مرۆڤ ئەوەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکارێک ژیان بەسەر بەرێت، کە ئەو ستەمکارە تەنها خۆی لەلا قبوڵ بێت و نەیەوێت هیچ کەسێک دژی بێت، لەم نێوەندەدا ئۆپۆزسیۆن ون دەبێت، ڕای جیاواز نامێنێت، تەنها ڕای خۆی لەسەروو هەموانەوەیە، کۆیلەی کورسی و دەسەڵات و پارە و پاسەوان و سوڵتان و گەورە هەرخۆیەتی و هەموو کارێکی قێزەون دەکات لە پێناو پاراستنی عەرشەکەی .
دەسەڵاتتداری گەندەڵ و ستەمکار لە کەشێکی زۆر پیس ژیان بەسەر دەبات کە پڕیەتی لە ڤایرۆسی غەدر و خیانەت و لەناو بردن و تاریکی.
سەرکوتکەر هەردەم کار بۆ درووستکردنی کۆگایەک لە شوێنکەوتوان دەکات کە گوێڕایەڵ و جێ بەجێکاری کار و فەرمانە قێزەونەکانی بن ، هەر ئەم شوێنکەوتوانە وا لێدەکات کە ئەوانی دیش بخەنە ژێر ڕکێفی ستەمکار و گوێڕایەڵی خاڵ بە خاڵی فەرمانەکانی ستەمکار بن .
هیچ ڕایەکی دژ بوونی نامێنێت ئەوەی دژ بێت لەلایەن شوێنکەوتوانی ستەمکارەوە یا دوور دەخرێتەوە یاخوود دەخرێتە کونجی زیندان و بە تۆمەت و سیناریۆی هەڵبەستراو، ئەم کۆمەڵە لە گوێڕایەڵانی ستەمکار هەموو تواناکانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ هەڵخەڵەتاندن و سەرکوتکردن و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بە زەبری هێز و هەندێک کات هێز وەلا دەنێن کاری مۆدێرن لە شۆردنەوەی مێشک دەگرنە بەر، لەم نێوەندەشدا هاوڵاتی ئاسایی بێ حەول هەموو ڕۆشنفکریەکەی لە کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە پێ دەگات کە هەردەم ستەمکار بە ڕزگارکەر و باوکی ئازا و خۆشەویستی گەل و باوکی هەژاران وێنا دەکەن و خیانەت دەڕازێننەوە بەبەرژەوەندی میللەت و نیشتیمان و نیشتیمانپەروەری و داواکردنی هەنگاوی بنیاتنەرانە بە خیانەت هەژمار دەکرێت.
دەسەڵاتتداری ستەمکار لەتوانایدایە کە پیاوانی ئاینی بۆلای خۆی ڕابکێشێت ئەتوانم بڵێم کەسانێک لە بانگخواز و مەلایانە ڕادەکێشن کە مەیلی گەشتنیان بە دەسەڵات و پارەیە یاخوود کەسانێک نزیک لە خۆیان کە هیچ بڕواشیان بە دین نییە، وەک مەلا و پیاوانی ئاینی درووستیان دەکەن بۆ کاتی پێویست، کاری ئەم مەلا و بانگخوازانە ئەوەیە بە خەڵک بڵێن بە زمانی سمع و طاعە ئەوەی دژی ستەمکار بێت دژی پێغەمبەر و دینەکەیەتی…
نموونەیەک لەسەردەمی خەلیفە یەزدی کوڕی عبدالملیک کاتێک هەندێک فەقێی ئەو سەردەمە پرسیارێکیان ئاراستەی گەورە موفتی خەلیفە کرد بە هۆکاری ستەمەکانی خەلیفە و وتیان ئایا خودا لێپێچینەوە لە خەلیفەی موسوڵمانان دەکات ؟؟
هەر لەوێدا چەند مەلایەکی بەرژەوەندخوازی نزیک لە یزد هاتنە جواب و وتیان خەلیفەکانی موسوڵمانان لێپێچینەوەیان لەسەر نییە و هەرکارێک بکەن دەچنە بەهەشت .
نموونەیەکی تر لەسەردەمی معاویە خەڵک هاواری لێبەرزبۆوە لە ستەمی معاویە ڕاستەوخۆ سەرۆکی موفتیەکانی ئەو سەردەمە هاتە وەڵام و وتی هەرکەس دژی خەلیفە بوەستێتەوە ئەوا خەلیفە بۆی هەیە سەری بپەڕێنێت و ئەوانە جێنشینی پێغەمبەرن و لێپرسینەوەیان لەسەر نییە و هەر لێپرسینەوەیەک دەچێتە بابی خیانەتی گەورە لە خوا و پێغەمبەر و دینەکەی
دەسەڵاتتداری ستەمکار هەرگیز خۆی بە ستەمکار نابینێت، بەڵکو خۆی بە کەسێکی پاک و دوور لە هەڵە دەبینێت .
بۆ ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەش کۆمەڵێک لە بەرژەوەندخواز و ماستاوچییەکان یارمەتی دەرین و هەردەم وێنای ستەمکار وا نیشاندەدەن کە مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات پێویستیە و بەبێ ستەمکار ژیان بوونی نامێنێت و وڵات بەرەو وێرانی و کارەسات دەڕوات، هەر بەم شێوازە وردە وردە گەندەڵی و بەرتیلدان و دزی و جەردەیی درووست دەبێت، خەڵکانێ ئاست نزم و پۆخڵەواتی کۆمەڵگە دەبنە دەسەڵاتتدار، دەرگاوان و حەس حەس دەبنە فەرمانداری هێز و کەسانی بودەڵەو بێ کەڵک دەخرێنە بەڕیوەبەرایەتیەکانی ئاسایش.
کێشەیەک کە گەلی سەرکوتکراو پێوەی دەناڵێنێت ئەوەیە هەردەم لە ترسدا دەژی، ترس لە جوڵە لە هەنگاونان، ترسێک کە هیچ بناغەیەکی نییە، بەڵام وای وێنا دەکەن لە کاتێکدا داوای ئازادی دەکەیت دەبێت نەترسیت و ئازادی باجی گرانە خوێنی دەوێت، ڕۆحی دەوێت، هەستی دەوێت، ونبونی ئازیزانت و هاوڕێیانت و دۆستەکانتی دەوێت ، دەبێ دڵۆپە خوێنی سور و فرمێسکی سپی بڕێژیت بۆی و بۆ ئەوکەسانەی کە لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە و چاونەترسانە تا سەر شۆڕ نەبن تا کۆیلە نەبن گیانفیدا بوون .
دەسەڵاتداری ستەمکار هەردەم بیردۆزی پلانگێڕی درووست دەکات و هەموو بیرۆکەکەی لە ڕێگەی ئۆرگان و دامەزراوەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەر کەس پێ بڵێت ستەمکار ستەمەکانت بوەستێنە ئەوا بە خۆفرۆش و سیخوڕ و جێ بەجێکاری ئەجیندای دەرەکی ناوزەند دەکرێت، هەموو ستەمکارێک هەردەم کۆمەڵێکی زۆر لە گەلەکەی بەم بیردۆزە هەڵدەخەڵەتێنێت و ئەوەی جێی سەرسوڕمانە باوەڕیشی پێ دەکرێت کە لەڕاستیدا پلانگێڕی و دوژمنکاری ستەمکار خۆیەتی کە ڕەش و ڕووت و برسی و تینوی کردوون لەسەرو هەمووشیەوە ئازادی لێسەندونەتەوە .
ئەمە ڕۆژانە ژیانی ستەمکارەکانە و بۆشیان چۆتە سەر لە بؿ دەنگی زۆرینە .