دیمانە لەگەڵ سەلام نەجیبە سەبارەت بەکاری هەرەوەزی لە خانەقین

0

هەرەوەزی بۆپێشەوە: دەستبردن بۆ کاری هەرەوەزی یان باشتر بڵیم، کاری راستەوخۆی جەماوەری کە ئیوە دەستتان بۆ بردووە، بیرۆکەی کێ بوو؟  هۆکاری دەستبردن بۆ ئەم کارە جەماوەرییە چیە؟  تا چەندە لەو کارەتاندا سەرکەوتون؟

سەلام نەجیبە:لە دێرزەمانەوە کارى هەرەوەزى لە مێژووی مرۆڤایەتى ئەنجامدەدرێت و سەرەتا پێشى موڵکایەتى تایبەتى، مرۆڤ بە شێوەى هەرەوەزى کارى کردووە(کۆمۆنە سەرەتاییەکانى دایکسالارى) و لە (باخچەى ئەبیقۆر)ى یونان و ژیانی پەیرەوانى مەسیح و ئیسلام لە مەدینە، قەرمەتییەکان، بابەکییەکان و(شێخ بەدرەدین) لە تورکیا وەک لە شیعرێکی نازم حیکمەت هاتووە و ئەوانى تریش بەشێوازی جۆربەجۆر رەنگی داوەتەوە تا دەگاتە ئەزموونی سۆسیالیستە یوتابیەکان (سان سیمون، رۆبیرت ئەوین، فوری و لویس پلان) تا دەگاتە ئەزموونی کۆمۆنەى پاریس و سۆڤێت و چین و لەم سەردەمە لە ولاتانى ئەمریکاى لاتین، وڵاتانی ئۆروپا و میسر و کینیا و هیندستان. هەروەزى لە 1895بووە بە بزووتەوە(هاوپەیمانی هەرەوەزى جیهانی) و لە 1995 یادی تێپەڕبوونی100ساڵیدا کرایەوە.

لە کوردستان شێوەى کارى هەرەوەزی مێژووى خۆى هەیە و لە لادییەکان بەشێوەى جۆربەجۆر ئەنجامدراوە. کاتێ خەریک نووسینی نامیلکەیەک بووم لەبارەى مێژووى کرێکارانی خانەقین، وێنەی (هەرەوەزی بەکاربەران)ى کرێکارانی نەوتخانەم دەستکەوت و لە حەفتاکانیشەوە لاوان و قوتابیان بۆ درەوکردن دەچوون بۆ ئاواییەکان و لەگەل جووتیاران بە هەرەوەزى درەویان دەکرد.

لە 2005 هەوڵمدا، بەڵام زۆر ساکار بوو و سەرکەوتنێکی زۆر کورتى بەخۆیەوە بینی و پاشان راگیرا. لەم ماوەیە بەهۆى پێویستیمان بە قوتابخانە، سەنتەرى تەندروستى، هۆڵ بۆ یارى گەنجان و پرسە و ئاهەنگ، کتێبخانە بۆ منداڵان، پاخچەى گشتى و زۆر شتى تر، لەنێو(سەرکەوتن) پرسیارم کرد و بوو بە بابەتێکی گشتى، بۆیە داواى کۆبوونەوەى گشتیم کرد و پاش هەڵبژاردنی شێوە کارى هەرەوەزی و ئامادەیى هەمووان بە هێزی کار و ماددیش بۆ بەشدارى کردن، دەستمان بە دامەزراندنی قوتابخانە کرد، بەڵام بەبێ بەشدارى هەڵمەتی پشتیوانى لە کارە هەرەوەزییەکانى خانەقین و پشتیوانى برادەرەکانم و خزمان و هاوڕێیان و خەڵکی بە ویژدان، زەحمەت دەبوو بگەینە ئەم ئاستە: ئەمڕۆ پەنجەرەى لایەکی قوتابخانەکە دانا.

لەگەل کارى هەرەوەزی بۆ درووستکردنی قوتابخانەکە، چەندین هەنگاوی ترمان ناوە، وەک( رێکخستنى خوولى هەرەوەزی بۆ وتنەوەى وانەى زمانى ئەنگلیزی بۆ نزیکە 80 قوتابی لە کتێبخانەى گشتى خانەقین و مامۆستا خەیرەدین وانەکە دەڵێتەوەو کاک ئەیاد عەلى بەباشى سەرپەرەشتى دەکات، بەشداریکردن لە درووستکردنی خانوویەک بۆ خێزانێکی هەژار، چیمنتۆریزکردنی حەوشەى دوو خانوو، دامەزراندنی یەکەم کتێبخانەى هەرەوەزی بۆ منداڵان، بەشدارى لە درووستکردنی خانوویەک بۆ خێزانێکی تر، دامەزراندنی سندوقی دارایى دانیشتوان، بەشدارى لە کارى هەروەزى بۆ درووستکردنی ئاوەڕۆى شەقامێک و هەروەزی کشتوکاڵی، دابینکردنی(سخان)و برێک خۆراک بۆ خێزانیکی هەژار و هیوادارم لەم رۆژانەشدا بتوانین هەرەوەزیەکی بچووک بۆ پەروەردەکردنی پەلەوەڕ رێکبخەین. لە دەرەوەى شوێنی نیشتەجێبوونمان: رێکخستنى کارى هەرەوەزی بۆ درووستکردنی ئاوەڕۆى گەڕەکی کەڵات، بەشدارى لە دروستکردنی دیوارى قوتابخانەیەک و چیمنتۆریزکردنی شەقامێک لە گەڕەکی ئیمام عەباس. ئەم هەنگاوانە سەرەڕاى هەموو کۆسپ و تەگەرە و کێشە و هەڵەکان سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە.

بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم کارە چۆن دەبین و چ هەوڵیکتان داوە بۆ گواستنەوەی ئەو تەجروبەیە بۆ شوێنی تر؟

سەلام نەجیبە: لە 28/11/2016وە دەستمان بەکارەکان کردووە و هەنگاو بە هەنگاو و رۆژ بە رۆژ لە پێگەى فێسبوکەکەم بڵاویان دەکەمەوە و چەندین کەناڵی تەلەفزیون لەبارەیەوە راپۆرتی خۆیان بڵاوکردووە، هاوڕێ گۆران بە سوپاسەوە لە سایتی دەنگەکان تەوەرێکی رێکخست لەبارەى کارى هەرەوەزی و چەندین نووسەر خۆشەویست بە باشى و خراپی راوبۆچوونی خۆیان وت و، بە شێوەى شەخسیش پەیوەندی بە هاوڕى و برادەرەکانم کردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەنگاوی جددی لە شار و شارۆچکەکانى تر نەنراوە. چەپ لە کوردستان هەر خەریکی خیتابی سیاسی و کۆبوونەوەیە کە زۆر گرنگن، بەڵام تا ئەم چرکەساتە ئامادە نییە بێتە مەیدانى کارى هەرەوەزی لە هەموو بوارەکان، هیچ نەبێت بۆ ئەوەى لەم پەراوێزبوون و سەرقاڵبوون بە کارى بیروکراسى پشت مێزى(فەیلەسوف و بەرپرسە بلیمەتەکان)و هەڵویستفرۆشتن بەسەر خەڵک، رزگاری ببێت و بێتە ناو خەڵک و گرنگترین ئامێری خەبات(گوێچگە) بەکاربهێنێت و بەکارى عەمەلى بەدواى داخوازی خەڵکەوە بێت(تۆزێک وەک من پشتتان ئازارتان بدات و راکەراکە بکەن!) یان لە سیاسەتى”یەکریزی ماڵی کورد” لەگەل کۆربورات، سەرمایەدار و گەندەڵکار و مشەخۆرەکان بێنە دەرەوە، دەرگاى خەیاڵپڵاوی دابخەن، عەقلیەتى بان شۆڕشگێر لەگەل راستەرەو و دوژمنەکانمان جووتدەبن، بێنە سەر واقعی رۆژانە و حزووریان دووپات بکەنەوە، هیچ نەبێت وەک بوارێک بۆ پەروەردەکردنی تاکی هەرەوەزی کە سبەى پێویستیمان پێدەبێت بۆ دامەزراندی ئابوورى سۆسیالیستى، هەروا دەڵێم هیچ نەبێت کارى هەرەوەزی ئازاد، زەمینەیەکی زۆر لەبارە بۆ یەکخستنى کار و خیتاب و چالاکییەکانمان. ئاخر بەو عەقڵ و رەفتارەوە چۆن دەتوانین لە خەڵک نزیک ببینەوە و خەڵک لە هێرشى بێئامانی بازاڕی ئازاد رزگاربکەین یان لە دوارۆژ حوکومڕانی بکەین؟!

ئەزموونی سێ مانک و نیوى کارەکانمان لە خانەقین کەم نییە، بەداخەوە بێجگە لە دووهەوڵ(لە کفرى کارى هەرەوەزى بۆ دامەزراندنی کتێبخانە و لە ناحیەى رزگارى خوولى وتنەوەى وانەى بیرکارى بۆ دوو حەفتە) لە هیچ شوێنێکی رەنگی نەداوەتەوە. ئایا هێزى چەپ تا چ رادەیەک ئامادەیە وزەى خۆى بۆ رێکخستنى کارە هەرەوەزییەکان تەرخان بکات؟ چاوەڕوانی چییە؟ بۆچی دەستپێشخەرى ناکەن؟

لەگەل هەموو ئەو پرسیارانە، هیوادارم حزب و کەس و گروپە چەپەکان لە هەموو ئاستێکدا بەم ئاراستەیە(بجمێن)!

شایانی باسە، هەموو ئەو کارانە بەناوی ( لیژنەی کاری هەرەوەزی) ئەنجام دەدەین….

Leave A Reply

Your email address will not be published.