دەربارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق…عەبدوڵا مەحمود

0

11-11 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەدەچێت. ئەم هەڵبژاردنە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت، کە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان، بەشێوەی گشتی لەژێر هەژموون و کاریگەرییەکانی روداوەکانی دنیاو رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدایە. بەجیا لە کاریگەرییەکانی ئاڵوگۆرەکان، پەلی زوربەی وڵاتانی دنیا بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە، لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندایە و راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخ و بریاری سیاسیدایە.

جیا لەوانە پرسی هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا، هیندەی بۆ رتوشی دەسەڵاتە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە وەدیهێنانی کەمترین ئاڵوگۆڕی روکەشیش نییە.

جوڵانەوە و حزبە سیاسیە باڵادەستەکان چ لە عێراق و چ لە کوردستاندا، هەژموونی خۆیان بەسەر هەموو کایەکان و جومگەکانی کۆمەڵگەدا گرتووە و کایەو بوارێک نەماوە کە دەستی حزب دەستی پێی نەگەیشتبێ، لە کوردستاندا تەنانەت بنەماڵەی دەسەڵاتدار بەجیا لە حزبەکانیان، دەستیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا باڵادەستە.

پاوانکردنی هێزی چەکدار و ئەمنی و هەواڵگری، بریاری سیاسی، زانکۆ، خوێندن و پەروەردە، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری، داهات و سامان، بەڵیندەرایەتی و بازرگانی، دامەزراندن و هەلی کار، میدیا…تاد…گۆشە بەگۆشەی ئەو کایە سەرەکیانەی کۆمەڵگەن کە حزبە باڵادەستەکان و بنەماڵەکان، دەستیان لە گەرویان گیر کردووە. لەدوخێکی ئاوادا بەتایبەتی کە حزب هیزی چەکدار و دادگا و داهاتیان کۆنترۆڵ کردووە، پیش وەختە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە سودی ئەو حزب و بنەماڵە سیاسیانە یەکلایی کردۆتەوە و هیز گەلی سیاسی تر و نەیاری دەسەڵات شانسی دەستگیر بوون لە دەسەڵات و بریاری سیاسییان لێ زەوتکراوە. تەنانەت شیواز و مەرجەکانی بەشداری لە هەڵبژاردندا، بۆ هیز و لایەنی سەربەخۆ و چەپ، بۆ رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو کریکاران و ژنان و لاوان و سەخت و پڕ کۆسپە.

لایەنێکی تر کە پرسی هەڵبژاردنەکانی لە عێراق و کوردستاندا، بۆ گۆرانکاری روکەشیش پێش وەختە بن بەست کردووە، داماڵینی تاکە لە ناسنامەی هاوڵاتی و کردنیەتی بە تاکی قەومی و دینی و تایفی. کورد و عەرەب، شیعەو سونە و لەناو ئەو دابەش کاریەشدا، حزبی و ناحزبی، بنەماڵەیی.

ئەم دۆخە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، وای کردووە هاوڵاتیان بڕوایان بە گۆرانکاری و هەڵبژاردن نەمێنێت و بەشداری تیادا نەکەن، ئەمەش ئەگەر لایەنێکی نیشانەی بێ ئومێدی بە هەڵبژاردنەکان بێت، لایەنێکی تری نیشانەی چوونە سەری هوشیاریی و لەوەش زیاتر هوشیاری چینایەتییە.

لە هەموو خولەکانی پیشووی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە هیچ پەراوێزیک بۆ بەشداری چەپ و کۆمۆنیستەکان، بۆ خەڵکی ئازادیخواز و پیشکەوتنخواز، بۆ رابەرانی کریکار و چالاکوانی مەدەنی و فەراهەم نەبووە، هیز گەلێ بۆرژوازی کە دابەشی سەر قەوم و دین و تایفە بوون و لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی مافی هاوڵاتی بوون، مافی هاوڵاتیانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زەوت کردووە. هاوکات بەکەڵک وەرگرتن لە جوڵاندن و هەڵخراندنی هەستی نەتەوەیی و تایفی و دینی، چوارچیوەیەکی تایبەتیان بە هەڵبژادنەکان داوە. چوارچیوەیەک کە مانەوەی هەرکام لە تایفە و ئیتنکیانەی بەستۆتەوە بە دەنگدان بەو هیزە تایفی و قەومی و دینیانە.

خواستەکانی ژیان و ئاسایش، نان و خزمەتگوازری و موچە و خزمەتگوزارییەکان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، گێرانەوەی دەخالەتی خەڵک لە چارەنووسی سیاسی خۆیاندا، تا دەگاتە مافی سەلامەتیی، مافی فێربوون، ئاسوودەیی ئابووری، یەکسانیی ژن ‌و پیاو، ئازادییەکان… کە پرسی گرنگی هاوڵاتیانن نەبوونەتە مەبنای بانگەشەو بەرنامەی هێز و لایەنە سیاسییەکان، لە جێگای ئەوە خواستی بەرگری لە ئیتنک و مەزهەب و تایفەکان و بەهیزکردنیان لەبەرامبەر بە یەکتریدا بەدەستەوە گیراون. ناسنامەی عەرەبەکان، شیعەو سونە، کوردەکان… بوونەتە ناسنامەی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان. واوەتر لەوە پیکهینانی بلۆک و جەمسەرەکان بەهەمان شیوە لەسەر بنەمای مافەکانی هاوڵاتیان و پاکیجی خواستەکانیان، پێک نایەن، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرگری لەو ناسنامانە پێک دێن.

ئەزموونی پێنج خولێ پیشووی هەڵبژاردنی عێراق و خولەکانی هەڵبژاردنی کوردستان…ئەو راستیەی نیشانداوە، کە ئەگەر ئاڵوگۆڕیکی بەرجەستەو دیار روی دابێت، ئەوەیە کە ئەندام و پەرلەمان و لیست و قەوارە سیاسیەکانیان، بوونەتە ملیاردیڕ و ملیۆنیر و هاوڵاتیانێش هەژار تر و و بێ خزمەتگوازری تر و دۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپتر.

تەنانەت ئەگەر لایەن و هیزێک وەکو ئۆپۆزیسییۆن لە پەرلەماندا خۆی نیشاندابێت و ویستبێتی ڕیگری گەورە لە پرۆژەی دەسەڵات بکات، یان زێدەرەوی بکات، و بەرژەوەندییە میلیشییایەکانی دەسەڵات، بخاتە بەردەم مەترسی،  لە پەرلەمان وەردەرنراوە و دەرگای پەرلەمان کڵۆم دراوە.

پرۆسیسی هەڵبژاردن لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، رەنگدانەوەی ماهیەتی چینایەتی حزب و هیزە سیاسیەکان و جۆری دەسەڵات و ئەو فۆرمەیە لە فەرمانرەوایەتی بەسەر کۆمەڵگەدا… فۆرمی دەسەڵاتی میلیشیایی لە ئاستی عێراق و کوردستاندا، فۆرم و ئەلگۆیەک نییە، بە مانای باوی بۆرژوازی دنیای ئەم سەردەمە، کە بروای بە هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بێت لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای هێز و جڵەوکردنی جومگەکانی کۆمەڵگە لە رێگای هێزەوە دامەزراوە، بەمانای وشە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی ئەنتی تیزی هەڵبژاردن و دیموکراسی بۆرژوازییە. یەکێک لە کۆسپە سەرەکیەکانی بەردەم هەڵبژاردن و کایەی دیموکراسی دەسەڵاتی میلیشیاییە.

بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندا، رووبەروون لەگەڵ کۆسپ و رێگری زۆر گەورە، نەک تەنها لە ئاستی کۆمەڵگە و بەرامبەركیی لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەڵکو لەبەرامبەر بە ئەلگۆکانی فەرمانرەوایەتیەکەشیدا. لابردنی هەژموونی حزب بەسەر هێزی چەکدار و ئەمنی و هەواڵگری، بەسەر داهات و سامانی کۆمەڵگە، بەسەر دادگاو دەسەڵاتی داوەری، بەسەر زانکۆ و خوێندن و فیرکردندا… پیش مەرجی هەر هەڵبژاردن و هەر ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەو کاریگەرە بەسەر دۆخی سیاسییدا.

چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی عێراق و کوردستان، ناچارن لە راستای خەباتی خۆیاندا بۆ باشبژیوی ژیانێکی باشتر و گێرانەوەی ئیرادەی سیاسیان، لەهەموو نەبەردەکانی خەباتی چێنایەتی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا، کۆسپە سەرەکیەکانی بەردەم ئاڵوگۆری ئیجابی و خەباتیان رابماڵن و وەلابنین. یەکێک لەو کۆسپانە ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی، کە ریگری سەرەکی بەردەم ئاڵوگۆری بەرجەستەی کۆمەڵگەو هەڵبژاردنەکان و ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات و دەرفەتی بەشداری یەکسانە بۆ هەمووان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا.

گومان لەوەدا نییە، ئەو دید و رەوەندە بۆ ئاڵوگۆر، لە گۆڕینی دەسەڵاتی حزبی و میلیشییایەوە بۆ دەسەڵاتی حکومەتداری و هیزی سەربازی و ئەمنی سەربەخۆ، دادگای بێلایەن، کوتاییهێنان بە هەژموونی حزب بەسەر داهات و سامان و قوتی هاوڵاتیان، بەسەر خوێندن و فێرکردن و دامەزراندندا… رەوەندێکی بەهێز و بێ گەڕانەوەیە. دەسەڵاتی حکومی و دادگای سەربەخۆ و سوپا و هیزی سەربازی بێ لایەن، لە چاو دەسەڵاتی میلیشییایی و حزبیدا، زۆر پیشرەوانەترەو بوار دەکاتەوە ئەلگۆکان و فۆرمە باوەکانی بۆرژوازی لەوانەش هەڵبژاردنەکان، مانای واقعی خۆی پەیدا بکات، هاوکات دەرگا و دەرفەتی ئاسایی دەکاتەوە بۆ خەباتی بێپشووی چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەت بۆ ئاڵوگۆر و داسەپاندنی خواستەکانی بەسەر بۆرژوازی دەسەڵاتدا، لە پێناو دنیایەکی باشتردا. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.