پێناسە شیعر چەند پێناسە شیعرێک شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

0

پێناسە شیعر

چەند پێناسە شیعرێک

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

 

نووسەر

ن، ناسینی کۆمەڵگە و دەرهاویشتەکانی ژیانە
و، وریابوونەوە و کردنەوەی کردنەوەی زەینی خەڵکی ستەمدیدەیە لەڕێی نووسینەوە
و، وەرگێرانی ڕووە لە بەرژەوەندی تایبەتی و خزمەتکردنی چەوساوەکانە
س، سات و سەودا کردن لای ئەو لەسەر ئینسان هێڵێ سوورە
ە، ئومێدەکانی ئینسانە توانەوەیانە لە دەق
ر، ڕەنگڕێژکردنی ئەدەب و نووسینە بە واقیع.

کانوونی دووەمی ٢٠١٨

کتێب

ک، کلیلی کردنەوەی سەرجەم دەرگاکانی ژیانە
ت، تەوەرە بەستنە لە دەوری نەزانین و فێربوون
ێ، ێک بوونە لەگەڵ شێوازەکانی گۆڕان و پێشکەوتن
ب، بەدەستهێنانی ئاسۆی ڕوونە لەشەوەزەنگی نەزانیدا

کانوونی دووەمی ٢٠١٨

شەڕڤان

ش، شاربەدەرکردنی تاریکی و مەرگە لەدەڤەری ئازادی
ە، ئەنگوستەچاوکردنی ڕێگای غەدر و چەوسانەوەیە
ڕ، ڕێگەنەدانە بە تارماییەکانی ڕەشی جەور و ستەم
ڤ، ڤاکسینی جەستەی ژیانە بۆ بەرگری لە ڤایرۆسی تیرۆر
ا، ئاستەنگە لەبەردەم باهۆز و ڕەهێڵەی ترس
ن، ناردنی سەرجەم ڕوحە پیسەکانی نەهامەتییە بۆ نێو چاڵی مەرگ.

کانوونی دووەمی ٢٠١٨

ئەنگڵس

ئ، ئەنگیزە بەردەوامەکانی پرسیار و سۆراخە لەنێو مێژوودا
ە، ئەندێشە جوانەکانە لەبەردەم جوانی کتێبدا
ن،نووسینە پڕ بایەخەکانی ئەوە لەسەدەی نۆزدە
گ، گلدانەوەی خۆشەویستی و وەفایە بۆ نێو دڵە پاکەکەی
ڵ، لەت و پەتکردنی زنجیرەکانی کۆیلەتییە بە بیردۆزە تیژەکانی
س، سەروەرییە هەمیشەییەکەی خەباتە وا بە بەرۆکی کتێبەکانییەوە.

شوباتی ٢٠١٨

 

شۆڕشی ئۆکتۆبەر

ش، شکۆی هەمیشەیی ئەو ئینسانانەیە کە دەمرن بۆ ئازادی
ۆ، وێناکردنی سەرجەم دزێوەکان و نیشاندانی جوانییەکانە
ڕ، ڕەوانکردنی وانەکان و ڕەوینەوەی تەمی ترسە لەسەر ژیان
ش، شەکانەوەی ئاڵای یەکسانی کۆمەڵایەتییە لەسەر دووندی مێژوو
ی، یەکگرتنی هەموو خۆزگەکانە لەژێر چەتری ئاڵۆگۆڕی ڕیشەیی.
ئ، ئاگر کەوتنەوەیە لە بەرژەوەندی زێدەبایی و ئاوەژووکردنەوەی دونیایە
ۆ،وزەی لەبن نەهاتووە بۆ کردە و چالاکی کۆمەڵایەتی
ک،کاراکردنەوەی تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەیە لەپێناو ئینسان
ت،تەریک کەوتنەوەی ستەمە لەسەر ژیان
ۆ،وروژاندنی هەست و جۆش سەندنە بۆ ڕزگاری
ب،بەرگرتنە بە لافاوی غەدر و دەست درێژی سەرمایەداری
ە،ئینجانەیەک لە ئومێد و هیوایە لەسەر باڵکۆنەکەی مێژوو
ر،ڕێگایەکە هەرگیز کوێر نابێتەوە.

 

 

 

 

شوباتی ٢٠١٨

ترامپ

ت، تۆقینە لە کۆمۆنیزم و تۆپەڵێ ترسە لەهەر کردەیەکی شۆڕشگێڕانە
ر، ڕاوکردنی توخمە سوورەکانی خەباتە
ا، ئاوێزانبوونی فاشییەتە لەگەڵ سروشتی سەرمایەداری
م، ملدانە بە تەواوی پێداویستییەکانی جووڵەی سەرمایە
پ، پەراوێزخستنی هەرچی زیاتری سۆشیالیزمە لە ژیانی ئەمریکا.

شوباتی ٢٠١٨

دز

د، دەستکەوت چینینەوەی کردەیەکە کە کەمترین ڕەنجی لەپێناودا درابێ
ز، زەنگی بێئاگایی ئینسانە لە ڕووبەرێکی دیاریکراوی ژیانیدا.

شوباتی
٢٠١٨

تێبینی : من ئەم ناوەم(پێناسەشیعر) بۆ ئەم جۆرە ستایلە لەشیعر داناوە.

 

تێبینی: ئەم چەند پێناسە شیعرە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.