چەقبستوویی و واقوڕمانی هەرێمێک… نووسینی: دانا هەڵەبجەیی

0

 (1) میدیا و ئاڵودە بوون

لە ناو کایەی سیاسیی کوردی باشوردا، دیاردەی زۆربڵێی و دووبارەکردنەوەی واژە و گوزارشتە سوواوەکان، بووتە مۆدەیەکی بێزاربەخش هەم بۆ میللەت و هەم بۆ خودی سیاسییە کاربەدەستەکان. لەشکرێک لە خۆهەلقورتێنەر و خۆدەرخەر بەناو لیکۆڵەری سیاسی و ڕاڤەکاری  کۆمەڵایەتی و ئابووری و میدیایی و تەنانەت داراییش، ڕۆژانە و شەوانە لە تەلەڤزێون و ڕادیو و ڕۆژنامەکان، دید و گوێی میللەتیان هەراسان کردووە، ئەمە جگە لە هەرا و بەزمی سۆشیالمیدیا، کە توێژنەوە و ناساندنێکی تایبەتیی و پسپۆرانەی ئەوێت بۆ چوونە ناو وردەکارییەکان و ئەرک و مافەکانی.

ئەمانە تا ئێستا جگە لە شیکردنەوەی ڕوداوەکان و پەرچەکرداری خێرای ڕەوشە هەنووکیەکان، نە نەخشە ڕێگا و نە چارەسەری نزیک و دوور، یا کورت و درێژیان بە دیاری نەهێناوە بۆ کورد و ئەم دۆخە چەقبەستووەی باشووری کوردستان؛ ئەگەر وانییە، ئەی بۆ لە شوێنی خۆمان و لەو شوینەی کە داپچڕاوین، تەقەڵێکی گرێبەندی ڕووی نەداوە؟.

لەم بژاردە خۆدەرخەرەدا، هەندێک ڕووخساری دەبارە و سەدبارە ئەبینین، کە لە یاریگای حیزبییەکانی خۆیان نایەنە دەرەوە و لە بازنەیەکی داخراوی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەیان ئەسووڕێنەوە، لەوە ناخوشتریش ئەوەیە کە ناسنامە و تایتڵی حیزبی لە خۆیان داماڵییوە و بە ناوی کەسییەتی سەربەخۆ ئاخافتن ئەکەن و خۆیان ئەناسێنن.

ئایا دیاردەی ئالودەبوون بە تی ڤی و کەناڵە ئاسمانییەکانی بەناو سەربەخۆ و سەربەوی، وە بە لایڤکردنی ڕوداوە سیاسی و جڤاتییەکانی ناوخۆ و دەرخۆ، یەکەم؛خۆ گەیاندنە بە کۆمەڵگە پێشکەوتووە ئازادەکان، یاخود دووەم؛ پلانێکە بۆ سەرمەستی و ڕامکردنی ئاوەز و هۆشی کوردە بۆ ئاراستەکردنیان بۆ ئامانجە نادیارەکان؟. ئەوەی من هەستم پێکردووە و خودی سەروفەساڵی شاشەکانیش، خاڵی دووەم ئەیانگرێتەوە.

لەم بێنە وبەردەی میدیاکان و سواخدانی دیوارە هەڵوەریوەکانی سیستەمە ناقۆڵاکەی حکومەتدا لە لایەن مووچەخۆرانی حیزب، جگە لە ترش و خوێکردن و زەریفسازی ناشیرینییەکانیان و پاکسازی پۆخەڵەکانیان، بەردێک ناخەنە سەر بەردی کەلاوە داڕماوەکەی دیواری حکومەتی  هەرێم، یا ڕوونتر بڵێم ( حکومەتی حیزبیی هەرێم).

(میدیاکان) جگە لە کارکرکردن بۆ واقوڕمان و داچەقاندنی دەمی میللەت، هیچ پلانێکی دیکەی نییە،. ئایا  ئێستا و بەرلەم قەیرانە ئابووری و سیاسی و جڤاکییەی هەرێم، کام پرۆگرامی هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد بە ڕێخسبوو؟ کام پرۆگرامی پەروەردەیی زانستی و کۆمەڵایەتی ئاراستەکراو بۆ مناڵ و لاو و تاکی کورد نیشان دراوە؟، کام بەرنامەی هۆشیاریی نەتەوەیی و کولتووری لە گۆڕیدا هەیە؟، کام پرۆگرامی چاوکردنەوە و مرۆڤسازی و تواناسازی بۆ لاوان ئەبینرێت؟، کام بەرنامەی تایبەت بە مێژووی نەتەوەیی و کولتوریی و شارستانیی کورد پێشکەش کراوە؟، کوا ئاماژەکانی زانست و فەلسەفە و ڕۆشنبییری و فێربوون،،، لە تی ڤی هەرێمدا؟.

ئەگەر تیڤییەکان پۆلێن بکرێن، ئەمانەی تێدا بەرجەستە ئەبیت:

1- حیزبیی پەتی، کار بۆ پێرۆزکردن و گەمژاندنی میللەت ئەکات لە بەرژەوندی حیزبەکەی خۆی بە تەنیا.

2-  سەلەفییەت و داعشییەت و گێلاندن، لە کەناڵە ئیسلامییەکان ئاشکرایە، وە دوورخستنەوەی تاکی کورد لە هەموو کوردبوونیەک و کوردستانیی بوونیەکەی و بە پێرۆز ڕاگرتنی کولتوری عەرەبیی بیابانی و بەدەویی، ئامانجی سەرەکییانە.

3-  زنجیرەی تورکی و گۆرانی تورکی و شمەکی تورکی، وە تەنانەت کولتوری تورکی ئامانجی سەرەکی زۆر کەناڵی ناو هەوڵێرە. لە زنجیرە نواندنەکانیشدا،  هەمیشە بێ ئومیدی و بێ باوەڕی بە یەکتری و ناخی شەڕانگیزی وتۆڵە و کینەسازی، ئامانجی زۆربەی ئەڵقە تورکییەکانە.

4 – کەناڵی تایبەتی سیاسیی  و هەواڵیی کە تەنیا کار بۆ دەوڵەتێکی تایبەتی دراوسێ ئەکات، کە دوژمنکاری و سیخوڕی و دژایەتی ئاشکرای پارچەکانی تری کوردستان ئەکات، بە تایبەتی باکووری کوردستان.

5 – هەندێک کەناڵ کار بۆ سەرقاڵکردن و خەڵەفاندن و گێژاندنی کورد و بێ ئاستکردنی هۆشیاریی تاکی کورد ئەکات،  کە ئەمانەش هەمان سیاسەتی گەوجاندن دەکات کە بە پلانی حیزبیی و دەوڵەتێکی دراوسێ بە ڕێوە ئەچێت.

6- کەناڵێش هەیە بە ناوی سەربەخۆ پەخش ئەکرێت، ئەمانیش لە دواڕۆژدا وەک جۆگە ئەڕژێنە رووباری بەرژەوەندی هێزێکی دیارییکراوەوە.

ئاڵودەبوون و سەرقاڵبوون، خوگرتن، دەستەپاچەبوون، گەمژاندن، ئاستنزمکردن، بێ ئومێدبوون، سەرلێشیواندن، کینە و ڕقاندن، دەمارگیرکردن، ناکوردبوون، خۆبەکەماندن، خافڵاندن، خورافاندن، جاهیلاندن، شێواندن، حیزباندن و گێلاندنی هاوڵاتی، ئامانج و ستراتیژی کەناڵەکانی تی ڤی یە،. پێێ بزانیت یا نەزانیت، بە هۆشیاری بێت یا ناهۆشیاری، ئەگەر بینەریان بیت.

کەواتە لە کوردستان میدیایەک، تیڤییەک، ڕادیۆییەک و ڕۆژنامەیەک نییە  سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت،  وە کار بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکات و سیاسیەتی فەرمی حکومەت پەخش بکات لە سیکتەرە جیاوازەکانی ژیانی هاوڵاتییاندا. هەرچی هەیە یا حیزبییە یا هێزییە. کەواتە ئەوەی ئاراستە و هەواڵ و هۆشیاریی خەڵکی لە گیرفاندایە، حکومەتی هەرێمێک نییە کە پێی ئەڵێن کوردستان.

وە ئەمەش ئاماژایە بۆ ئەوەی کە کوردستان تائێستا شوێنیک نییە کە ڕواڵەتی سیستەمی دەوڵەتداری تێدا بێت، ئەمە میدیا و ڕاگەیاندنەکەی، ئەوسا ئابووری و داراییەکەشی دیارە کە هاوڵاتییانی بە چی دەردێک گەیاندووە.

بە کورتی و کرمانجی ئەمەوێت ئەوە بڵێم، لەم ڕوومەڵخەزانەی تیڤییەکاندا، ناتوانرێت کێشە کەڵەکەبوو و دۆزە ئاڵۆز و قەیرانە قەبەکانی کوردستان، چارە بکرێت یان ڕێچکەی کۆتایی پێهێنانی بۆ بدۆزرێتەوە.

تەلەڤزێۆن و میدیا و سۆسیال میدیا بۆی هەیە تریبۆنێکی باش بێت بۆ ڕادەربڕین و لە دەرگادانی هەندێک بابەت، بەڵام هەرگیز نەبووە بە سەنتەرێک بۆ پلاندان و توێژینە و نووسینەوەی چارەکردنی کێشەکان، بە تایبەتی لە بواری سیاسی و ئابووری و دارایی و بەڕێوەبردندا، کە حکومەت تیایدا تەمەڵی خۆی بێ شەرمانە سەلماندووە.

هەربۆیە تا میدیایەکی نیشتمانیی و نەتەوەیی لە ئاردا نەبێت، وەک هەموو وڵاتانی جیهان و ئەم پاشاگەردانییەی ئێستای ڕاگەیاندن و میدیای کوردی بەتایبەتی کەناڵە تەلەفزێۆنەکان، ئەوا ئەو ئەنجامەی ئەبێت کە ئێستا هەیەتی، هەر وەک سیکتەرەکانی دیکە میللەتەکەمان تووشی داڕمان و سەرلێشواندنی کولتووریی و زانیاریی و جڤاتیی و نەتەوەیی ئەبێت.

 

***********

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.