ویس بوند گۆرانی بێژی ئازاوبوێری کۆنغۆ… نووسینی: نەجم محەمەد

0

لەبەر ئەوەی گۆرانبێژێکی ئازاو بوێرو راستەقینەیە وهونەرەکەی نەخستۆتە خزمەت سەرۆک وسەرکردەو دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری وڵاتەکەی، لەبەرئەوەی هونەرەکەی لەخزمەت خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش وچەوساوەدایە، لەبەرئەوەی هونەرەکەی لەخزمەت بەرژەوەندی  سیستەمی سەرمایەداری و وڵاتانی زلهێزی دونیادا نییە، لەبەرئەوەی بەرگری لەئازادی ویەکسانی ومافی مرۆڤ دەکات، بەکورتی لەبەرئەوەی نەبۆتە زمانحاڵی حیزب وسەرۆک ودەسەڵات کە ئەمەش بۆخۆی وەزیفەی ڕاستەقینەی هونەرو هونەرمەندە، بۆیە لەراگەیاندنەکان ولەتۆڕەکانی ئەنتەرنێتدا هیچ زانیاریەک لەسەر ژیان وبەرهەماکانی و چۆنێتی بیرکردنەوەوهونەرکردنی بڵاونەکراوەتەوە. ئەوە ئەگەر گۆرانیەکانی وبەرهەمەکانی لەخزمەت دەسەڵات وسیستەمی سەرمایەداریدا بوایە، ئەوە ئەگەر بەرهەمەکانی سوکایەتی بەبەهای مرۆیی ژن بکردایەو ژنی ڕووت کردایەتەوەو وەک لەش وسکس لە بەرهەمەکانیدا نمایش بکردایە، ئەوا ئێستا تۆڕەکانی ئەنتەرنێتی داگیرکردبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی هونەرمەندێک بەمانای وشە هونەرمەندەو هونەرمەندێکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتییە، بۆیە خراوەتە پەراوێزەوەو گرنگی پێ نادرێت .

ئەم هونەرمەندە هەم نووسەرەو هەم ئاوازدانەرەو هەم شاعیرەو هەم خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەو فەلسەفیانەیە وخۆی دەڵێ کەمن سەر بەهیچ حیزب وگرووپ وتاقمێک نیم وخاوەنی بیرکردنەوەو بیرورای ئازادانەی خۆمم…

ئەم هونەرمەندە بوێرە  ساڵی٢٠٠٩  داوەتی ئاهەنگێکی سەرۆکایەتی حکومەتی ئۆغەندا دەکرێت کەسەرۆکی ئۆغنداش لەوێ ئامادەیە، ئەویش بەهەلی دەزانێت لەوێ گۆرانیە شۆڕشگێڕی یە بەناوبانگەکەی (ئۆغندا بۆفرۆشتن نییە) دەڵێت لەبەردەم سەرۆکی ئۆغنداو لەبەردەم  دەسەڵاتدارانی گەورەی ئۆغندادا.

لەگۆرانیەکەیدا زۆربوێرانەو ڕاشکاوانە، بەدیکتاتۆر، بەڕێگر، لەئازادی و مافی ڕادەبڕین ونارەزایی دەربڕین سەرۆک وسەرانی وڵاتەکەی وێناو وەسف دەکات،  ئەوانیش کەگوێیان لەم گۆرانیە دەبێت توشی شۆک دەبن و دەکەونە مەوقیفێکی سەختەوە وئامادەبوانی ناوهۆڵەکەش  بەچەپڵەی گەرم وهاواری خۆشی پێشوازی لەگۆرانیەکەی دەکەن، بەم پێشوازیە گەرم وگوڕو پشتگیرییەی ئامادەبوانی ناو هۆڵەکە ئەوەندەی تر سەرۆک و دەسەڵاتدارە باڵاکانی کۆنغۆی شۆک وقارس کرد.

لەئەفەریقاو لەئاسیاو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وزۆرێک لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا زۆرن ئەوهونەرمەندانەی بوونەتە زمانحاڵی دەسەڵات وسەرۆک و حیزب. عێراق وکوردستانیش لەم دیاردەیە بەدەر نییە لە سەردەمی رژێمی بەعسی روخاودا لەشکرێک هونەرمەند هەبوون کە بووبوونە زمانحاڵی سەرۆک و حیزب و دەسەڵات و بەباڵایاندا گۆرانی وسروودیان دەوت دوای پرۆسەی ئازادیش دیاردەکە هەربەردەوامە، ئەم جارەیان هونەرمەندان بەباڵای سەرۆک ودەسەڵاتی میلشیایی وحیزبیدا گۆرانی وسروود دەڵێن .

لەکوردستانیش ئەم دیاردەیە لەدوای ڕاپەرێنەوە برەوی پێدرا، بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا زۆربوون ئەوهونەرمەندانەی بوونە زمانحاڵی حیزب ودەسەڵات وسەرکردە وئەم دیاردەیە لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە. تائەمڕۆ کەم نین ئەوهونەرمەندانەی کە لەباشوور بوونەتە زمانحاڵ و زوڕناژەنی حیزب ودەسەڵات وسەرکردە، کە لەوەزیفەی هونەرو هونەرمەند دوور کەوتونەتەوە. لەکۆتاییدا دەڵێم چەندە گەورەو زیندووە ئەو هونەرمەندەی کەزمانحاڵی خەڵکی ومرۆڤایەتییە.چەندە بچووک و مردووە ئەو هونەرمەندەی کە زمانحاڵ و زوڕناژەنی حیزب وسەرکردەو دەسەڵاتە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.