هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و وەرچەرخانێک لە هەلومەرجی بەشداریکردن لەم خولەدا هاوڕی نوری بەشیر وەڵامی پرسی ژمارەی داوەتەوە

0

هەڵبژاردنی ١١/١١/٢٠٢٥ ی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت وهەڵمەتی راگەیاندنی حزب ولایەنە سیاسیەکان دەستیپێکردووە. هەردووحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وکوردستان دوو بەیاننامەیان بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە هەڵوێستیان لەهەڵبژاردنی ئەمجارە و بانگەوازێکیش بۆهەرهێز ولایەنێکی پێشکەوتوخواز کەپلاتفۆرمی ئەوان پەسەندبکات؟ ئەوا ئەندام ولایەنگرانیان هاندەدەن کەپشتیوانی لەولایەنە، یان ئەو لیستەدا بکەن.

پرسیاری پرسی رۆژ: ئەم گۆڕانکاریە لەسیاسەتی هەر دووحزبدا لەروانگەی چ تاکتیکێکەوە ئەنجامگیری کراوە ؟

بەڕێز نوری بەشیر کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.

پرسیاری پرسی رۆژ: ئەم گۆڕانکاریە لەسیاسەتی هەردووحزبدا لەروانگەی چ تاکتیکێکەوە ئەنجامگیری کراوە؟

نوری بەشیر: ئەم بابەتە بۆ ئێمە کۆمۆنیزمی کرێكاریی بە دوای دەیان ساڵ لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکان  لەعێراق وکوردستاندا دێت. ئێستا بە بەشداریکردنمان زۆر پرسیار دەهێنێتە پێشەوە و رووبەڕوومان دەبێتەوە. لەم رووەوە ئێمە لە دوو راگەیاندنی هاوبەشی هەردووحزبدا سیاسەتی تەکتیکی خۆمان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و پەرلەماندا خستۆتە ڕوو باسی ئەوە دەکات:

 ” هەڵبژاردن ئەوەیە بۆ ئێمە وەکو چۆن لە هەموو مەیدانەکانی تردا بەرگریەکی پەیگیرانەمان لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و ژنان و لاوان کردوە، بەهەمان شێوە پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ململانێ و شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵک ولەسەر ئازادی و خزمەتگوزاریەکان…”.

هەروەها بەڕوونی بۆچوونی خۆمان لەسەر پەرلەمان جارێکی کە لە راگەیاندنەکاندا داوەو هەرچۆن هەمان تێڕوانینمان لە پێشتریشدا هەبوو . بەم شێوەیە لەسەر پەرلەمان تاکید دەکەینەوە:

 ” لەروانگەی ئێمەوە پەرلەمانتاریزم شتێکی زیاتر نیە لە بەدیلی بۆرژوازی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە خزمەتی چینی سەرمایەداردا، وە لەڕێگای سیستەمی پەرلەمانیەوە ناکرێت ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا پێکبهێنرێت، ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و کۆتایهێنان بە ستەم و چەوسانەوە و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، لەڕێگای شۆڕشی کرێکاری و ڕوخاندنی نیزامی سەرمایەداریەوە ئیمکانی هەیە، بەدیلی ئێمەش بۆ دەسەڵاتدارێتی و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە حوکمڕانیدا سیستەمی شوراییە”. 

لێرەدا بۆ بەرچاوڕۆشنی زیاتر کە تاکتیکی ئێمە چییە بۆ بەشداری لەئێستادا ئەگەرچی رێگریە یاساییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا رێگەی نەدا ناومان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکەین، بەڵام هەردوو حزب راگەیاندنیان داوە چ بۆ بەشداری و دوایی بەهۆی ئەوە رێگریە یاساییانەوە بەشدار نەبوون و هەڵوێستی ئێمە بۆ حزبە بەشداربووەکان بە رۆشنی بەیانکراوە. دەمەوێت ئیشارە بەوە بکەم کە ئێمە لە رابردوودا تێگەیشتنێکی سیاسی دیکەمان هەبووە، سەرباری هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە کە باسم کرد لەسەر پەرلەمان و هەڵبژاردن، بەڵام هەڵوێستی ئێمە لەوبارەوە زیاتر پشتی بە پرەنسیپە ئەساسیەکان بەستووە لە هەڵوێستی سیاسیدا نەك بە هەڵوێستێکی سیاسی و سەیریکردنی مەسەلەی تەنیا هەڵبژاردن و پەرلەمان وەکو تاکتیكی سیاسی و عەمەلی. بێگومان ئێمە بۆچون و لێکدانەوە مەبدەئیەکانمان نەگۆڕاوە لەسەر هەڵبژاردن و پەرلەمان، بەڵام ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە کە ئەم رووداوە وەکو کردەیەکی سیاسی و ئێمە وەک دوو حزبی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین بە قازانجی بزوتنەوەکەو چینەکەمان، لەوبارەوە بۆ ئێمە هەڵبژران و پەرلەمان مەیدانێکی دیکەیە بۆ هەمان ئەو کارەی کە لەدەرەوەی پەرلەمان دەیکەین و چەندین ساڵیشە کردوومانە. هەڵوێستەکەمان سیاسی کۆمەڵایەتییە، نەک ئایدیۆلۆجی.

حزب و بزوتنەوەی ئێمە بەشێوەیەکی گشتی بەردەوام بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە. ڕاستە بەردەوامیش بەهۆی کارکردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان و هەروەها بێبایەخبوونی هەڵبژاردن و پەرلەمان، لەلایەن خەڵکەوە بۆئەوەی گۆڕانکاری لە ژیانیاندا بکەن، رێژەی بەشداروبوونی خەڵك بەرەو کەمبوونەوە چووە، داتاکان ئەوە بە روونی نیشان دەدەن، بەڵام سەرباری ئەوە، ئەم بایکۆتکردنە نەبووەتە سیاسەتێکی چالاک وکاریگەر کە بەرنامەی هەڵبژاردن لە حزبە بۆرژوازیەکان تێكبدات، و پەرلەمانەکەیان بەشکست بکێشێت، زیاتر وەکو کاردانەوەیەکی نەرێنی و کەنارگرتن دەرکەوتووە، تەنانەت سیاسەتی بەشدارنەکردن و بایکۆتی ئێمە ئەو فاکتەرە کاریگەرە نەبووە لەوەی خەڵك هەڵویستی بەشدارینەکردن و بایکۆت هەڵبژێرێت، چونکە لەوبارەدا حزب دەیتوانی بایکۆت و بەشداری نەکردن بگۆڕێت بۆ جوڵەی سیاسی چالاک و ئامانجدار کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر و نەفرەت لە پەرلەمانتاریزم و هەڵبژاردن بگۆڕێ بۆ چالاکی و بزوتنەوەی هوشیارانە و بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە کۆمەڵگەدا، واتە پڕۆژەیەکی سیاسی رێکخراو هەبێت  وەک نموونەی هەڵبژاردنەکانی ( بەنگلادیش لە ١٩٩٦، پیرۆلە ٢٠٠٠،ئۆکرانیا لە٢٠٠٤، کینیا لە٢٠٠٦)، بەڵام بەداخەوە ئەمانە هیچیان لەعێراق وکوردستان  روویان نەداوە. بۆیە حزبەکانی ئێمە بیرمان لەوە کردووە کە ئێمەش بچینە ئەم مەیدانی جەنگەوەو هەوڵ بدەین بە پلاتفۆرمی خۆمانەوە بچینە  ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمان.

ئێمە لە دەرەوەی پەرلەمان بین یان لەناو پەرلەرمان هەر ئەو کارانە دەکەین و بۆئەوانەش تێدەکۆشین، لە  لەپلاتفۆرمێکی رۆشندا  ولە چەند خاڵێکدا کەهەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق خستوویانەتە بەردەم کۆمەڵگە وەک:

 “١- کارکردن بۆ گۆڕینی یاسای کاری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٥٢- دەرچواندنی یاسایەکی کاری پێشڕەوانە کە مافە بنەڕەتیەکانی چینی کرێکار؛ لە پەیوەند بە ئازادیی رێكخراوبوون، مانگرتن و خۆپیشاندان و بەڕەسمی ناسینی نوێنەرایەتی سەربەخۆی کرێکاران لە هەموو مەیدانەکانی پەیوەست بە مافەکانی کرێکارانەوە، دەستەبەر بکات.٣ – کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی هەموارکراوی ساڵی ٢٠٢٤ و دەرچواندنی یاسایەکی مۆدێڕن لەبواری باری شارستانی و ماف و ئازادیەکانی ژنان.٥ – کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئازادی خۆپیشاندان و ئازادیی رێکخراوبوون. ٦- وەستانەوە دژی هەرجۆرە گەندەڵی و تاڵانکردنێکی داهاتی گشتی و رێگاگرتن لە گرانی و سەپاندنی باجی جۆراوجۆر بەسەر هاوڵاتیاندا. – هتد…”.

 ئێستاش کە بەدەر لە ئیرادەی ئێمە بەهۆی هەندێ رێکاری یاساییەوە کە رێگا نەدرا حزبەکانمان بەشداری هەڵبژاردن بن، تا خۆمان راستەوخۆ کار بۆ ئەو پلاتفۆرمە بکەین، وەکو بەرپرسیارێتی بەرابەر بە ژیان و ئایندەی خەڵک پلاتفۆرمەکەی خۆمان بڵاوکردۆتەوە و داوامان کردووە ئەگەر هەر لایەن و کەسایەتی و کاندیدێك ئامادەبێت لانی کەم خاڵە سەرەکیەکانی پلاتفۆرمەکە بکاتە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی و کاری بۆ بکات ؟ ئەوا ئێمە ئامادەین هاوکاری بکەین بەپێی رێکەوتنێکی روون لەنێوانماندا. ئێمە ئامانجمان سەرخستنی ئەو پلاتفۆرمەیە کە پرسە سەرەکیەکانی ژیان و مافەکانی خەڵکی کرێکارو  کەمدەرامەت و ژنان و لاوانی کوردستان و عێراقی لەخۆ گرتووە.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەوەوە پرسی بەشداریکردن یان نەکردنی خەڵك هەڵدەسەنگێنین و بەیانی دەکەین. ئێمە ئەوکاتەی کە هیچ پلاتفۆرمێکی ڕادیکاڵ و پێشکەوتووخواز کە بەرگری لە ماف و ژیانی خەڵك بکات نابینین؟ ئەوکاتە ڕاشکاوانەو بەرپرسیارانە بە خەڵك دەڵیین کە بەشداری نەکەن، نەك لەسەر بنەمای هەڵویستی مەبدەئی و ئایدۆلۆژی خۆمان، بەڵکو لەسەر بنەمای تاکتیکی سیاسی دروست و گرتنەپێشی ئەو سیاسەتە عەمەلەیەی خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری زەحمەتکێش دەکات، ئەگەریش هەر لایەن و هێزێك ئامادەبوون ئەو پلاتفۆرمەی ئێمە بکەن بە بەرنامەی هەڵبژاردن و کاری بۆ بکەن، ئەوکات ئێمە بانگەوازی خەڵك دەکەین بەشداربن و دەنگ بدەن بەو پلاتفۆرمە و کاندیدی ئەو لایەنە.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.