ژنانی عێراقی لەدەست یاسای کۆنەپەرستانەی جەعفەری ڕادەکەن!
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان و بەدواداچوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس، بەهۆی هەمواری یاسایی باری کەسێتییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان و شوێنی تر دەگوازنەوە. تا لەو رێگایەوە لەمافی لەخۆگرتنی مناڵەکانیان بەهرەمەند بن، کە “یاسای جەعفەری” لەو مافە سەرەتاییە بێبەشیان دەکات. دوای هەمواری یاسای باری کەسێتی، هەزاران پیاوی پیاوسالار، داوای گوڕینی گرێبەستی هاوسەرگیری یان جیابوونەوە لە مەدەنییەوە بۆ جەعفەری دەکەن، کە بەپێی ئەو یاسایە ڕێگە بە وەرگرتنەوەی مناڵەکان لە دایکیان دەدات. لەو نێوەداو تائێستا بەهەزاران مناڵ لە باوەشی گەرمی دایک دەرهێنراون و وەرگیراونەتەوە… بەشێک لە ژنان کە شانسی خۆ دەربازکردنیان لەو یاسا کۆنەپەرستەی جەعفەری هەیە، بەرەو کوردستان هاتوون کە ئەم یاسایەی تیادا پیادە ناکرێت.
یاسای جەعفەری کە لەبنەرەتدا یاسای ئیغتیسابی مناڵانی کچە، یاسای بەپیرۆزکردن سەرۆک عەشیرەت و خێڵەکان و پیاوانی کۆنەپەرستی مەزهەبییە، بەرامبەر بە یاسای شارستانی و نەریتی شاری… لەساڵی ٢٠٢٥دا، بەپێی سازان و ڕێکەوتنی چەند هێزی سیاسی دینی و قەومی و تایفی، عەرەب و کورد، شیعەو سوننە، لەپەرلەمانی ئەم هیزگەلە کۆنەپەرست و دژە ژنەدا، تێپەڕێندرا. ئەم هەمواری یاساییە یەکێک لە گەورەترین گورزی بەرەی کۆنەپەرستی قەومی و دینی و تایفی بوو، لە مەدەنیەتی کۆمەڵگەو لە خواست و ویستی شارستانی ژنان و مافە زۆر سەرەتاییەکانیان لە پەیوەند بە زەواج و جیابوونەوە.
لەگەڵ ئەوەدا بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و دەیان و سەدان رێکخراوەی مەدەنی لە ناوخۆی عێراق و کوردستان و دنیای دەرەوە، دژ بە هەوڵەکان بەدژی هەمواری یاسای باری کەسێتی گۆرینی بەیاسای جەعفەری هاتنە مەیدان و چالاکی جۆراوجۆریان وەرێخست، بەڵام هێزگەلی سیاسی تاسەر مۆخ دژە ئینسانی لە سات و سەودایەکی شەرم ئاوەردا، ئەم هەموارەیان داسەپاند. ئێستا لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە کۆنەپەرستانەیە قوربانیەکانی رۆژ بەرۆژ دەردەکەون کە ژنان ومناڵانن.
ئەم یاساییە پێویستە، بکەوێتەوە بەردەم نەفرەت و جوڵانەوەیەکی شارستانی و توڕ بدرێت… ئەگەر ئەم یاساییە بەردەوام بێت، ئەوا بەسەدان هەزار ژنی تر لە ژێر هەژموونی پیاوسالاریدا، لە مافی بەهرەمەند بوون لەناز و لەباوەشی مناڵەکانیان بێبەش دەبن و بەهەزاران مناڵی کچی مناڵ و خوار تەمەنی باڵق بوون، دەبنە قوربانی.
بۆپێشەوە