هەوارێکی سەیرە یاران!…  بەندی عەلی

0

هەر دەمەوێت، ڕۆژێ باسی

شۆخ و شەنگی گوڵێك بکەم

لێ، خەیاڵم دەفڕێت بەرەو

دەست و پەنجەی پیسی گوڵڕن!

هەر دەمەوێت، باسی عیشق و

میهرەبانیی ژنێك بکەم

لێ، موچڕکی چەقۆی ژنکوژ

قامچیەك ئەدات بەدڵما!

هەر دەمەوێت شیعرێكی تەڕ

بۆ ڕووبارو شاخ و باخ و

دەشتی سەوزو ڕەند بنووسم

وێنەی خاکدزێکی خوێڕی

پەشیمانم دەکاتەوە!

وەهاش، خامەم لێرەو لەوێ

لەلای خەڵکی کە باس دەکرێ ..

هەندێ زاتی بەد  پێمدەڵین؛

بێهەستێکی زمان زبرە و

دوو شیعری ناسکی عیشقی

پێنانووسرێ .. !!

(هەوارێکی سەیرە، یاران)!

Leave A Reply

Your email address will not be published.