لەپەراوێزی کۆبونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا! … عەبدوڵا مەحمود
٢٧ ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پیرمام کۆبونەوە. کۆبونەوەی هەردوو سەرۆک حزب لە کاتێکدا بوو، کە پەیوەندی هەردوو حزب لەگەڵ یەکتری لە دۆخێکی ئاڵۆزو پڕ ململانێ و کێشمەکێشدایە. نزیک بە ساڵیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کراوە، کەچی ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەهەم، بۆ حکومەتێکی کارتۆنی کە هەمیشە لە ژێر هەژموونی حزبدا دەبزوێت، لە ئارادا نییە. حکومەت دەمێکە ماوەی ئاسایی خۆی تەواو کردووەو بۆتە حکومەتی کاربەڕیکەر، پەرلەمان نزیکەی ٣ ساڵە بەتەواوەتی لە کارکەوتووە.
هەر دوو لایەنی سیاسی سەرە گێژەیانە، لەناو دۆخی لە گرێژنەچووی ناوچەکە و بەپلەی یەکەم کەوتوونەتە ناو حاڵەتی چاوەروانی. پەیوەندی نێوانیان و هەر رادەیەک لە ئاسییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان کە بتوانن حکومەت و پەرلەمانێک پێک بهینن، بەتەواوەتی گرێی خواردووە، بە دۆخی ناوچەکە و بریاری جەمسەرە ناوچەییەکان.
پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان هێندەی لە ئیران و تورکیا نزیکن، نیو ئەوەندە نزیکایەتی لەنێوان خۆیاندا نییە. هیندەی چاوەروانی روداوەکانی ناوچەکەن، نیو ئەوەندە خاوەنی بەرنامە و ستراتیجی تایبەت بەخۆیان نین.
لە ئاستی ناوخۆییدا، پەیوەندی نێوان دەسەڵات” پارتی و یەکێتی” لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا، لەوپەری خراپی و دووکەوتنەوەدایە…. دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەخێرایەکی زۆر بەرەو نابودی دەچێت…خزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەکان، بەرەو وێرانکردن و بەتایبەتی کردن دەبرێن… لە تازەترین پیشهاتدا، قەدەغەکردنی نەشتەرگەری گشتی لە خەستەخانەکان، هەرەشەیەکی یەکجار مەترسیدارە بۆسەر خەڵکی نەدار و کەم دەرامەت، کە بە ئاشکرا دەکاتە ئەوەی ئەگەر کەسێک نەخۆش کەوت و پارەی قورس و زۆری نەبێت بۆ نەشتەگەری لە خەستەخانە تایبەتیەکان، دەبێ بمرێت و گیانی بکێشرێت. دەستی حزب و کۆمپانیاکانی دەستی ناوەتە گەروی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی کوردستانەوە. هیچ کایەو جومگەیەکی کۆمەڵگە نییە، لە خوێندن و پەروەردەوە بۆ کاردەستکەوتن و دامەزراندن، هەم دابەشی سەر زۆنەکان و هەم لەژێر هەژموونی حزبدا نەبێت.
لە ئاستی عێراقدا، هەردوو حزب پارتی و یەکێتی سەرجەم هیزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، روبەروون لەگەڵ داکوژانی پیگەی سیاسیان و چاویان لە خێر و سەدەقەو مەرحەمەتی بەغدایە، بەجیا لەوەی تادێت هەژموونیان بەسەر ئابوری کوردستاندا لەدەست دەردەهینرێت، هاوکات بریای دەستکورتکردنەوەیان بەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستاندا، رەوەندێکە دەستی پێکردووە. پرسی ئەمنی و سنورەکان و بازرگانی و دەروازە کومرگیەکان و هیزی چەکدار…. ئەو دۆسیانەن کە بە بەرنامەو بەپێی دەستور و فیدرالیزمی قەومی، لە بەردەم دوبارە پێناسەکردنەوەدان.
لەسەر ئاستی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەدا هەرکام لە پارتی و یەکێتی، گوێرایەڵی تورکیا و ئیرانن، بەڵام پێگەیان لای هەرکام لەو دوو دەوڵەتەش لاواز بووە. لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەولەتیشدا پیگەی سەرجەم ناسیونالیزمی کورد بە بەراورد بە پێشوو بەرەو خوار هاتووە و مامەڵە لەگەڵ عێراقدا جێگای گرتوتەوە.
لەناو دۆخێکی ئاوادا، چاوەروانی لە کۆبونەوەی سەرۆکی پارتی و یەکێتی، ئەوە بوو کە ڕیگاچارەیەک بۆ دۆخی خۆیان و دەسەڵاتیان، بخەنە روو، لەپێش هەموویانەوە پەیوەندیەکانیان تا ڕادەیەک ئاسایی بکەنەوە، لە پیش هەموو شتێکدا پرسی پێکهێنای کابینەی دەهەم و پیکهێنانی حکومەتی نوێ، مامەڵەیان لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق… بکەنە تەوەرەی سەرەکی و لەو دۆخە چەقبەستووە دەربچن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەزمەی بزوتنەوەی کوردایەتی و هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەست لەوە قوڵترە، بە پیکهێنانی کابینە و حکومەتی نوێ، و هەڵبژرادنەکان، وەڵام وەربگرێتەوە و ئەم چەقبەستووییە تێپەڕێنی، بۆیە کۆبونەوەکەیان ناکام بووە، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەیە هیچ راگەیاندنێکی فەرمی وەکو ئاکامی ئەم کۆبونەوەیە، رانەگەیەنرا.
شکستی پارتی و یەکێتی چ لەسەر ئاستی هەرێم بەگشتی و زۆنەکان و ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەتایبەتی، لە بەڕیوەبردن و وەڵامدانەوە بەسەرەتایی ترین خواست و خزمەتگوزارییەکان و پرسی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان… کۆتایی رۆڵی ئەوانی وەکو دوو هیزی بۆرژوازی لە هەرێمدا دەمێکە بە کۆتایی گەیاندووە، ئەوەی کە ئەوانی وەکو مڵۆزم بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە هێشتۆتەوە، هیزی چەکداری حزبی و دەست بەسەراگرتنی داهات و پێداویستی وڵاتانی ناوچەکەیە. کۆبونەوەکانیشیان ناتوانێت بە جێگایەکی دڵخواز بگات و پەیوەندیەکانیان هیندە ئاسایی بکاتەوە، کە هیچ چاوەروانیەکی ئەرێنی لێ بکرێت.