پیرۆزترین ئەرک ڕوخانى سیستەمی ئیسلامی ئێرانە عبدالرحمن رسول

0

پیرۆزترین ئەرک ڕوخانى سیستەمی ئیسلامی ئێرانە

عبدالرحمن رسول

کاتێک باسى ڕزگارى مرۆڤەکان دەکرێت بۆکۆمەڵگەی ئێران وڕۆژهەڵاتى کوردستان، پێویستە خەڵکى ناڕازى ئێران وشیاربێت خەڵک چ جۆرە ڕزگارییەکى دەوێت؟! دەیەوێت لەچى ڕزگارى بێت؟! بەکام میکانیزمە و ڕێگا دەتوانێت ڕزگارى بێت پاش کۆتاییهێنان و ڕووخانى ئەم سیستەمە فاشییە ئیسلامییە لەئێران، خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش وهەژارو لاوان ژنان بەکام جۆرە سیستەم لەم تێکۆشان و شۆڕش و ڕاپەڕینە ناگەڕێنەوە بۆ مەنزڵگەو گۆشەى چەندبارە چەوسانەوەو کۆیلایەتى و ژێردەستەیی؟! خەڵکى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەچ جۆرە سیستەمێکدا ئاسوودەو ئازاد دەبن، گەنجان و لاوانى کورد دوور دەبن لەچەوسانەوەو سێدارەو زیندانەکان؟ ئایا تەنها بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەسە، کۆتایى بەکێشەو قەیرانەکان دێت وچارەسەر دەبێت کە بەدرێژایی ٣٩ ساڵە، سیستەمى فاشیزمی ئیسلامی ئێران لەسەریەک چینبەچین کەڵەکەیان دەکات و بۆخەڵکى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان دروستى دەکات وبەجێیان دێڵێت؟

ئەگەر خەڵکى ناڕازى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەیانەوێت ڕزگاریان بێت لەدەست کۆى سیستەمى چەوسانەوەى ئێران، ڕزگاریان بێت لەسەرکوت وئیستبداد وزیندان ولەسێدارەدانى گەنجان ولاوان، ڕزگاریان بێت لەگەندەڵى ودزى وفەسادى وهەژارى وبێکارى وبێمافى و بێ خانەو لانەیی کە بەدرێژایی ٣٩ ساڵە بەهۆى هەبوونى سیستەمى ئیسلامییەکانەوە هەر لەگەشەکردن دابووە پێویستە قۆناغ بەقۆناغ ناڕەزایەتییەکانیان باشتر ڕێکخراو بکەن. پێویستە بەهاوبەشى سەرجەم خەڵکى ناڕازى ئێران وڕۆژهەڵاتى کوردستان بەجۆرێک خۆیان ڕێکبخەن و خۆیان ڕێکخراو وئامادەبکەن کەپاش ڕووخانى ئەم سیستەمە فاشییە ئیسلامییە لەئێران بەهیچ شێوەیەک وبەهیچ بیانوێکەوە پاشەکشە لەبەدیهێنانى ماف وئازادییەکانى خەڵکى ئێران بەگشتى وڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى نەکرێت. شۆڕش وڕاپەڕینى ئەم جارەش هەروەک چل ساڵ پێش ئێستای لێ بەسەرنەیەت، کاتێک ڕژێمى شا ڕوخا ئیسلامییەکان دەسەڵات وسیستەمیان گرتەدەست هەرلەهەفتەى یەکەمى هاتنە سەر دەسەڵات لەئێران گەورەترین پیلانی ژەهراوییان لەدژى ماف وئازادییەکانى خەڵکى ئێران بەگشتى و خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان جێبەجێ کرد. ڕابەرى گەورە تیرۆریستى ئیسلامی ئیمام خومەینى فتواى قەتڵ وعامى لەدژى خەڵکى کوردستان دەرکرد.

پێویستە ئەوە بزانین کەهاتنە کایەوەى بزوتنەوەى فاشیزمى ئیسلامی لەکۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەخۆیەوە و بەپشتیوانى خۆیی نەبووە، چونکە گەورە تیرۆریستى ئیسلامیی ئیمام خومەینى بەفرۆکە هێنایانەوە ئێران. سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى وشۆڕش وڕاپەڕینى خەڵکى ئێران بوو، خومێنى هیچ کارە نەبوو لەشۆڕش وڕاپەڕینى ڕووخانى شادا ،بەڵام دواترخۆی کرد بەخاوەن شۆڕش و ڕاپەڕینى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێکش و چەوساوەى ئێران کەپاش هاتنە سەرکارى ئیسلامییەکان چەوسانەوە و نابەرابەرى و هەژارى وبێکارى و بێخانەو لانەیی و سەرکوت وئیستبداد و لەسێدارەدانەکانى خەڵکى زۆر زیاتربوو، ئازادى ژنان وکچان لەسەردەمى شا ئەوەى هەبوو بەهاتنە سەرکارى ئیسلامییەکان ئەوەشیان لەناوبرد. بەزۆر بەشوودانى کچان ومنداڵان وزیندە بەچاڵکردن وبەردبارانکردن وئەشکەنجەدان ولەسێدارەدانى ژنان وکچانیش زیاتر بوو.

لەکۆمەڵگەی ئێران بەگشتى ولەڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى بێکارى هەژارى و نەدارى ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت لەژێرسایەى سیستەمى مەلاکانى ئیسلامیدا، خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەناچارى کارى قورسى کۆڵبەرى دەکات لەهەمان کاتدا سوپای تیرۆریستى  ئیسلامی  پاسداران و دەزگا ئیتڵاعاتەکانى ڕێگرى و لەمپەرى زۆر دەخەنە بەردەم کارى کۆڵبەریش، کەڕۆژانەو شەوانە بەشێکیان دەکەونە بەردەستڕێژى گوللەی هێزەکانى تیرۆریستى پاسداران دەبنە قوربانى یاخود بریندار دەبن یان لەزستاندا لەناو بەفردا دەخنکێن. ساڵانە ڕێژەى بوونە قوربانى وبرینداربوونى کۆڵبەرانى زەحمەتکێشى کورد لەزیادبوون دایە.

هەربۆیە بەتێڕوانینى خۆم هيچ ئەركێك لە ئەركی ڕوخاندنی رژێمی ديكتاتۆری ئايينی ئاخوندی ئێران  پيرۆزترنيیە. پێویستە هەموولایەک گەشە بەهاوخەباتى وتێکۆشانى زیاتر بدەین لەپێناوى کۆتایهێنان بەم سیتەمە چەوسێنەرە لەئێراندا، پەرتەوازى ودوورە پەرێزى حزب ولایەنەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى  لەگەڵ یەکترى ئەم ڕژێمە سەرکوتگەرە دڵخۆشتر دەکات، پێویستە هەموو لایەک  سەرجەم ئەرکە لاوەکێکیان فەرامۆش بکەن، تەنها گرینگى بە ئەرکى ڕووخانى کۆمارى سێدارەى ئیسلامی ئێران بدەن.

دیارە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەى ئەم ساڵ  ڕیشەیەكی كۆنى چەندین ساڵەى هەیە، پێشینان گوتویانە (کەجام پڕبوو لێى دەڕژێ.) زوڵم زۆرى سیستەمى ئیسلامی ئێران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت هەبوونى ئەم ناڕەزایەتیانەش دەگەڕێتەوە بۆ بوون و مانەوەی حاكمییەتی كۆماری سێدارەى فاشیزمی  ئیسلامی كە بەشێوازێكی ناعادڵانە سەروەت و سامانی خەڵکى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى تەخشان وپەخشانى پێ دەکات، دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دابەشكردووە رق و قینەى پەنگخواردووی خەڵکى ناڕازى  بەدرێژایی ٣٩ ساڵە لەناخى هەرمرۆڤێکى چەوساوەو هەژارو بێکار هەڵگرتووە، ئەمە وایكردووە كە سەبری خەڵكى ناڕازى  لێوان ڕێژ ببێت وکۆتایی پێ بێت، هەر بۆیەشە لەم سەردەم و قۆناغەدا خەڵکى ناڕازى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆر وشیارن بەئاگان کە دروشمەکانى لایەنەکانى بەناو ڕیفۆرمخوازیی وچاکسازى هیچ نرخ وبەهایەکیان بۆخەڵکى ناڕازى نییە، لەبەرئەوەى خەڵکى ناڕازى  نایانەوێت ئەم جارە کڵاویان وەکوجارەکانى تر بخەنە سەر، چەند بەڵێنێکى درۆینەى چاکسازییان پێبدەن و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى خامۆش بکەن. ئەگەرچى بەکاتى بەزەبرى هێزى سەرکوت وفاشى ئاخودەکانى مەلاکانى ئیسلامی ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان لەسەر شەقامەکان کەم بۆتەوە بەڵام لەناخى هەرمرۆڤێکدا ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتردەبێت، ئاکام و ئەنجامەکەى سەرى ئەم سیستەمە فاشییە لەناو دەبات.

هەربۆیە لەکۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان تارماییەک بەڕێوەیە، دێت و دەچێت، دەمامکی ھەموو ھێزە نابەرپرسیارەکان، چەوسێنەرو سەرمایەدارەکان، ئاغاو بەگ و کۆنەپەرستەکانى  پارێزەرانى سیستەمى فاشیزمى ئیسلامی ئێران لەڕەگەوە ڕادەماڵێت. کەمی ماوە ئەو تارماییە لەناوخۆیی ئێران هەروەک بورکان لە ڕاپەڕین وشۆڕشى خەڵکى ناڕازى ئێران وخەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەرجەستە بێت و ببێتە بەشێکی جێگیر لە بیرو ھۆشى هەرتاکێکى ئێرانى. زۆری نەماوە وەک ھێزێک گوڕوتین ببەخشێت بەتاک و بە کۆمەڵگە و لێڵی بەرچاومان رۆشن بکاتەوە. کەمی ماوە مرۆڤەکانمان پڕ سروشتى مەعریفەت بکات و بە ئازادی و خۆشگوزەرانی ئاشنایان بکات.. ئەو تارماییە ھەڵقوڵاوی بیرو نەوەی نوێیە، ئەو نەوەیەی ھێزی گۆڕینى سیستەمى ویاسایی کۆنە پەرستییە.

بەڵێنە درۆییەنەكانی دەسەڵاتدارانى باڵای ئیسلامی کە بەدرێژایی ٣٩ساڵە بەگوێى خەڵکى دادەدەن بەدڵنییایەوە خەڵک زیاتربێ ئومێد دەکات و ڕق وتوڕەیی خەڵکى ناڕازى بەرامبەریان ئەستوورترو بەهێزتردەکات. یارمەتییە دارایییەکانى رژیم بە سوریەو حەشدی شەعبی لە عێراق وحیزب اللە بە ئاشكرا باسكردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژیم لەوانە لاریجانی، رۆحانی، بەرپرسانی سوپای پاسداران و بەئاشكرا دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیكەو ئاوەدانكردنەوەیان لە هەموو بوارەكان شەپۆلی جەماوەری ناڕازی زیاتر و بەهێزتر بووە.

ناڕەزایەتییەکانى و خۆپیشاندانەکانی قۆناغى ئێستاى ئێران هەنگاو بەهەنگاو لە پەرەسەندن وگەشەکردندایە، بێگومان لەگەڵ هەموو ناڕەزاییەکانی پێشوتر جیاوازە، بەگوڕو بەهێزترو یەکگرتووترە. خەڵکی ئێران هەموو شارەکان سیستمی حکومەتی داوەتە بەر پەلاماردان، توڕەیی خەڵکی ناڕازی بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێت بۆماوەیەکى کاتى وەستێندراوە بەدڵنییایەوە لەکاتێکى تر بەگڕ وتینى بەهێزترو پڕکاریگەرتر سەرجەم شەقامەکانى شارەکانى ئێران وکوردستان دەگرێتەوە. کەواتە پێویستى بە ڕێکخستى شۆڕشگێرانە هەیە بۆسەرکەوتنى کۆتایی. خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە هەر لەسەرەتاوە دەنگی بە کۆماری ئیسلامی  نەداوە، دژی ئەو دەسەڵاتە وەستایەوەو، تا ئێستاش لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ هێنانەدى ماف وئازادییەکانە. خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وشیارە دەزانێت ڕووخانى کۆمارى فاشیزمی ئیسلامیی بەتێکۆشانى هاوبەشى هەموو خەڵکى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبێت.

جێگای ئومێدو دڵخۆشییە کە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان گەشەی بزوتنەوەی مەدەنی وڕۆشنبیرى ئاستی بەرزەو بەرەو گەشەسەندنى زیاتردەچێت، ئەم گەشەکردنەى جوڵانەوە مەدەنى و ڕۆشنبیرییە دەرگاکانى پەیوەندى بۆ هاوکاریی نێوان حیزبەکان کردۆتەوە، ئەمە دیارە کەبۆتە فشارێکى جدى بۆسەر حیزبەکان وناتوانن فەرامۆشى بکەن. بزوتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکانى ئۆپۆزیسیۆن لەپێشترە لەڕووى کۆمەڵایەتى ومەدەنى بوونەوە. کەئەمەش بۆ داهاتووی خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆر بەسوودە لەبارەى ئەوەى کە لەداهاتووی دوای ڕووخانى کۆماری ئیسلامی گەنجان ولاوان وژنان زۆرباش کاریگەریان هەبێت بۆدیاریکردنى چارەنووسى خۆیان وخەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کەمتر کاریگەرى حیزبایەتیان بکەوێتە سەر و لەململانێى حیزبەکان ئەگەر هاتەکایەوە بەشداربن.

تێڕامان لەوبزوتنەوە مەدەنى و ڕۆشنبیریانەى کەلەقۆناغى ئێستا ڕۆڵى کاریگەر دەبینن بۆ کردنەوەى دەرگاکانى  ئایندەیەکى باشتر بۆ خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، باشترین کارى حیزبەکان بۆئایندە ئەوەیە پشتیوانى ئەم بزوتنەوە مەدەنییە ورۆشنبیریانە بن خۆیان سوودیان لێ ببینن هەماهەنگ و گەشە بەتێکۆشانى هاوبەش بدەن. کۆک بن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوویی ئێران بەگشتى و ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى.

ئەو نەخشەڕێگایەى کەپێویستە هەمووخەڵکى ناڕازى لەدژی سیستەمى چەوسانەوەو نابەرابەرى کۆبکاتەوە ئەویش ئەوەیە کە لەئێستاوە کار بۆدانانى جۆرى سیستەمى داهاتووی دوای ڕوخانى کۆمارى ئیسلامی بکرێت لەئێران، ڕاشکاوانە لەگەڵ یەکترى گفتوگۆ بکرێت. دەبێت حیزبەکان وکەسایەتییە سەربەخۆو ئازادیخوازەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە هەموو ئەو كۆڕو كۆمەڵانەدا بەشدار بن كە باس لە داهاتووی ئێران دەكرێت.  پێویستە بەهەموو لایەک لەسەر یەک جۆر سیستەم کۆک بن ئەویش دامەزراندنى سیستەمێکى سیکۆلارو ئازاد لەئێراندا، ناکرێت بەکەمتر لەوەڕازیبین. خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان مافێکى ڕەواى خۆیەتى کە لەدوای ڕووخانى کۆمارى فاشیزمى ئیسلامی دەستى ڕابگات بەسەرجەم ماف و ئازادی یەکانى. لەبەرئەوە بەشێكی بەرچاو لە چارەنووسی سیاسی، ماف وئازادى و بەرژەوەندییەكانی خەڵکى ئێران بەگشتى وخەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان لە سیستەمى سیکۆلارى داهاتوودا دیاری دەكرێت. كەوایە دەبێت هەر لە ئێستاوە رێگا خۆشكەرو لەو پێناوەدا خۆمانی بۆ ماندوو بكەین.

تازە پارێزەرانی سیستەمى ئیسلامی لەئێران نە رێگاى بەرەو پێش چوونیان هەیەو نە دەتوانێت لەو قەیرانە وکێشانە کە خۆیان دروستیان کردووە رزگاریان بێت. هەروەک کارڵ مارکس گوتویەتى (سەرمایەدارى خۆى گۆڕى خۆى هەڵدەقەنێت). ئەوەتا بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامی ئێران خۆیان گۆڕى خۆیان بۆخۆیان هەڵقەندووە، تەنها ئەوەندە ماوەتەوە خەڵک ئامادە باشى بکات بۆ سازکردنى مەراسیمى ناشتیان. لەئێستادا ئابووریەكی ڕووخاو، تێکشکاو، سیستەمێكی دوگمەداخراو و گۆشەگیر کراو لەجیهانى مرۆڤایەتى دا، دەزگای قەزاییەكی گەندەڵ وفاسدو دز لەهەمان كاتدا سیستەمێكی ئابووری و بانكی ناكارامەی هەیە. سوپایەکى سەرکوتگەرو داپڵوسێنەرو چەتەو تیرۆریستى هەیە وچەندین باندنى جۆراوجۆرى فاشیزمى هەیە. بۆ چارەسەركردنی ئەوکێشەو قەیرانانە پێویستە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەهەموو ئەو بوارانەدا كە ئاماژەی پێدرا پێكبێت كە بەو عەقڵیەتە کۆنەپەرست ودژە مرۆڤایەتییەى كە زاڵە بەسەر دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ڕژیم شتێكی مەحاڵ دەبێت وەك خەون چاوی لێبكرێت. بەڵام خەڵکى تێکۆشەرى ئێران دەتوانێت چارەسەرى سەرجەم کێشەو قەیرانەکانى ئێستاو ڕابردووش بکات ئەویش بە ڕوخانى سیستەمى ئیسلامی و دامەزراندنى سیستەمێکى سیکۆلارو شارەستانى و ئازاد. کە لەوسیستەمەدا ماف وئازادییەکانى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەفەرمى بناسێندرێت، یاخود زۆرئازادانەو دیموکراتیانە دان بندرێت بەجیابونەوەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەئێران و، دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ و سیکۆلار و ئازاد وشارستانى.. هەردوو دەوڵەت هاوکارو یارمەتیدەرى یەکترى بن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.