مانگرتن، نەک بایکۆت!…نووسینی: بنار مستەفا
لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان، پرسی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی هاتۆتە ئاراوە و ڕاگەیاندنیش دراوە. واتە بۆ دەربڕێنی ناڕەزایەتی، مامۆستایان ناچنە قوتابخانە و وانە ناڵێنەوە. ساڵانی ڕابردووش دەست بۆ هەمانشێوەی ناڕەزایەتی دەربڕین براوە و هەر بە “بایکۆت” ناوبراوە.
لە کۆمەڵگەی کوردستان لە زۆر بۆنەی جیاوازدا پرسی بایکۆت بەشێوەیەکی بەرچاو لە مەیدان بووە و دەستی بۆ براوە، بۆ نمونە و بەتایبەتی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان. ئەم شێوە ناڕەزایەتییە وەک خاڵێکی گرنگ تەماشاکراوە و بایکۆت بە دروست وەک کاردانەوەیەکی پڕبەمانا و بە هەڵوێست چاولێکراوە. هەر بۆیە دەستەواژەی “بایکۆت” جێگەیەکی گرنگی لە مەیدانی سیاسی کۆمەڵگەدا پەیدا کردووە، کە بەجیا لە مامۆستایان، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تریش لە ناڕەزایەتییەکانیاندا بەکاری دەهێنن.
جیاواز لەوەی لە کوردستان بایکۆت چ مانایەکی پەیداکردووە، بەکردەوە دەستەواژەکە بە مانای خۆلادان و خۆپاراستنە لە بەرانبەر کردەیەک، واتە نەکردنی. بۆنمونە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن، نەچوون بۆ جێگەیەکی دیاریکراو، نەکڕینی کاڵایەک، گوێنەدان و پشتگوێخستنی کۆمپانیایەک هتد، دەکرێت بە بایکۆت ناوبهێندرێن، کە تێێدا کەسەکە ئازادە لە کردن یان نەکردنی کارەکە، بەڵام ئاگاهانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن و گەیاندنی زیان بە خواستی کەسی و لایەن و کۆمپانیای بەرانبەر، خۆی لێ دەپارێزێت. واتە بایکۆتی دەکات.
بەڵام ئەمە بۆ نەچوونە سەرکار دروست نییە. بەدرێژایی مێژوو، نەچوون بۆ سەر کار بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕێن یان بەرزکردنەوەی خواست، دەستەواژەی “مانگرتن”ی بۆ بەکارهاتووە. بەپێی ڕێکەوتنی نێوان کرێکار و خاوەنکار، کرێکار پێویستە لەکاتی دیاریکراودا لە شوێنی دیارکراو بێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی. کاتێك کرێکارەکە ئاگاهانە وەها ناکات و ناچێتە سەر کارەکەی، ئەوا کرێکارەکە مان دەگرێت. بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بە هەمانشێوەیە و نەچوونە سەر کار بە مەبەستی ناڕەزایەتی، ماناکەی مانگرتنە، نەک بایکۆت.
واتە ئەوەی مامۆستایان لە کوردستان ساڵانێکە دەستیان بۆ بردووە و ئێستاش لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا قسەی لەسەرە، مانگرتنە. دەستەواژەی “مانگرتن” بۆ نەچوونە سەرکاری مامۆستایان دروستە، نەک “بایکۆت”.
دیارە مەبەست تەنها لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی دروست نییە، بەڵكو مانای سیاسیشێ هەیە. مانگرتن خەسڵەتی شۆڕشگێڕانەی هەیە و مێژوویەکی درێژە لەگەڵ خەباتی هەموو ئەوانەی هێزی کاری خۆیان دەخەنە ئیختیاری خاوەنکارەوە لەپێناو دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەیان. مانگرتن جووتە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانە و خەباتی کرێکاران، خاوەن مانایەکی ڕؤشن و چەکێکی گرنگ و کارای دەستی چینی کرێکارە.
بایکۆت سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەوڵەتانیش دەتوانن دەستی بۆ بەرن و لە باشترین حاڵەتدا زیانێک بە لایەنی جێگەی ئامانج دەگەیەنێت، بێ دەستکەوتێکی ئەوتۆ بۆ ئەنجامدەرەکەی. بۆنمونە لە بایکۆت لە هەلبژاردنەکانی کوردستان، پووچی و ڕیسوایی ئەو پڕۆسەیە نیشان دەدات و بێ بەهای دەکات، بەڵام بۆ ئەنجامدەرانی بایکۆت دەستکەوتێکی ئەوتۆی نییە. لەکاتێکدا مانگرتنی کرێکاران ئەنجامەکەی دەکرێت دەستکەوتی فراوان و ڕاستەوخۆی بۆ ئەنجامدەرانی هەبێت. هەر لەبەرئەوەی مانگرتن گرێدراوە بە خەباتی کرێکاران، بە درێژایی مێژوو دنیایەک دەستکەوتی گەورە و مەزنی بۆ ئەم چینە بەدیهێناوە. تەنانەت باس دەکرێت، کە وڵاتانی خۆشگوزەرانی ئەسکەندەناڤیا لە ئەنجامی مانگرتنە گشتییەکان بنیاتنراوە.
هیوادارم مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، کە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین ناچنەوە سەر کارەکانیان، باس لە مانگرتن بکەن و بانگەوازی بۆ بکەن. بەجیا لە دروستی مانای وشەکە، مانگرتن زۆر دروستتر، شۆڕشگێرتر و بەماناترە بۆ خەباتیان لە بری بایکۆت. دیارە مانگرتن یانی ئامادە بوون لە شوێنی کارو ژیان، بەڵام راگرتنی کار. لەکاتێکدا بایکۆت دەشی تەنها بەشداری نەکردن و نائامادەیی بێ یان کۆبونەوەی بەشیکی کەم لە ناڕازیان بێت لە شوێنێکی گشتیدا.. بۆیە مانگرتن ئەلگۆ و فۆرمێکی کاریگەرتر و رێکخراوترە… جیا لەوانە مانگرتن لە شوێنی کار و ژیان و یانی ئامادەبوونی بەشی زوربەی کریکاران و فەرمانبەران یان خەڵکی گەرەک بۆ خواستیک لەدەوری یەکتری و کردنی ئەو جێگایە بۆ سەکۆیەک بۆ گوڕینەوەی بیڕوراو بریاری بەکۆمەڵ و دیاریکردنی نوێنەران بۆ قسەوباس لەگەڵ خاوەن کار و بەڕیوەبەر و لایەنی پەیوەندیدار.
*************