چیرۆکی پشت گۆرانی کیژە نان فرۆشەکە… نووسینی: نەجم محەمەد
گۆرانی کیژە نان فرۆشەکە گۆرانیەکی سیاسی خۆمە کەلەساڵی ١٩٩٤ دا ئاوازم بۆدانا و لەهەندێک لەمەراسیمەکانی هەشتی مارسی ساڵانی نەوەدەکاندا ئەم گۆرانیەم دەوت. دواتر لەساڵی ١٩٩٩دا ئەم گۆرانیەم تۆمار کرد کەلەئاوازی خۆمەو لەهۆنراوەی ف.پشکۆیە وکاری مۆزیکاو تۆمارکردنی لەلایەن هونەرمەند هێمن حسینەوە بۆکراوە.
چیرۆکی ئەم گۆرانیە چیرۆکێکی واقیعی و راستەقینەیە، چیرۆکی ئەم گۆرانی یە دەگەڕێتەوە بۆساڵی نەوەدو دوو لە شاری هەڵەبجە کە ئەودەم هەڵەبجە وێران وکاول و کەلاوە بوو، خەڵکە زەحمەتکێشەکەی داروپەردووی ڕووخاوی دوای کیمیایییان کەمێک ڕاست کردبوویەوەو ژیانیان تیا دەگوزەراند، ئەودەمە منیش مامۆستای خۆبەخش بووم لەیەکێ لەقوتابخانەکانی گەڕەکی هاواریەکان .
رۆژێکیان لەهەڵەبجە لەیەکێک لەچاخانەکان دانیشتبووم لەگەڵ هاوڕیەکی خۆمدا وسەرقاڵی قسەوباسی سیاسی و هونەری بووین، لەپڕدا هاوڕێکەم قسەوباسەکەی وەستاندا و بەمنی وت مامۆستا سەیرکە ئەودەست فرۆشە دەبینی وتم بەڵێ، وتی باشە ئەوە کوڕە یان کچە وتم کوڕە، وەڵامی دامەوە و گووتی مامۆستا کوڕ نییە، کچە وتم چۆن ئەی ئەوەنییە جلی کوڕانەی لەبەردایە وقژیشی دریژ نییە، وتی بەڵێ وایە لەکوڕ دەچێ، بەڵام کوڕ نییە کچە وتم چۆن تێم گەیەنە وتی مامۆستا ئەو کچە لەگەڕەکی ئێمەدایە من دەیناسم وچیرۆکێکی ناخۆش وناخهەژێنی هەیە بۆت باس کەم، منیش وتم بەڵێ. وتی ئەم کچە تاقانەیە وکچی بنەماڵەیەکی نەدارو زەحمەتکێشە باوکی ئەم کچە کرێکارە، بەڵام ئێستا نەخۆشە وتوانای کارکردنی نییە وئەوەندە عزەت نەفسیان بەرزە یارمەتی وخێر لەکەس وەرناگرن، هەربۆیە لەبەر بژێوی خێزانەکەیان ناچارن کاری دەست فرۆشی بەم کچە بکەن وکچەکەش خۆی ئامادەیە و پێی باشە لەناچاریدا ئەم کارە بکات. ئەم کچە لەبەر دابونەریتی کۆمەڵایەتی ولەبەر سیستەمی کۆمەڵگای پیاوسالاری ناچاربووە کەقژی خۆی ببڕێت وەک قژی کوڕی لێبکات وجلی کوڕانە بپۆشێت وخۆی وەک کوڕ لێبکات. ئەم کچە قوتابیە بەیانیان بەجلێ کچانەی قوتابخانەوە دەوام دەکات ودوانیوەڕوانیش بەجلی کوڕانەوە کاری دەستفرۆشی دەکات تاخۆر ئاوادەبێت بەتاریکی دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
کەگوێم لەم چیرۆکە بوو زۆر کاری تێکردم و پێی بێتاقەت بووم بڕێ جنیو و نەفرەتم ئاراستەی نیزامی سەرمایەداری کرد کەچ دۆزەخێکی بۆئینسانەکان دروست کردووەو ناوی لێناوە ژیان
ئەم کچە سندوقێکی تەختەی پێ بوو کەبەپەت ئەم سەرو ئەوسەرەکەی بەستبوویەوەو بەبازنەی کردبوویە ملی. ناوسندووقەکە کۆمەڵێ بسکیت ونوقڵ وچکلێت وپاکەتی جگەرەو چەند کیسە نانێکی تێدابوو، ناوە ناوە هاواری دەکردو ناوی شتەکانی ناو سندوقەکەی دەگوت لەهەموویان زیاتر ناوی نانی دەهێنا و دەیگوت وەرە بۆنان نانی تازە کەئەم دیمەنەم بینی وچیرۆکی ئەم کچە بیست و هاواری وەرە بۆ نان نانی تازە لەبیروخەیاڵمدا ئاوازێکی لادروست کردم و لەبەر خۆمەوە ئاوازەکەم دەگووتەوە، هاوڕێکەم وتی ئەو ئاوازە خۆشە هی کێ یە؟ وتم هی کەس نییە هی خۆمە. راستر بڵێم هی ئەوکچەیە ئەوکچە ئیلهامی دروست بوونی ئەم ئاوازەیە، کەهەرئێستا دروست بوو. شیعرەکە دەمێک بوو لام بوو، لەبەرم کردبوو لەژمارەیەکی گۆڤاری پێشەنگی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران دا وەرم گرتبوو، هەربۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆهات کە ئەم بەرهەمە هونەریە بۆ ئەم کچە دەستفرۆشە دروست بکەم و لە مەراسیمەکان دا بیخوێنم
ئەوەبوو لەچەند مەراسیمێکی کرێکاری وچینایەتی دا خوێندم جێگەی ڕەزامەندی خەڵکی بوو…
ئەمە بوو چیرۆکی پشت گۆرانی کیژە نان فرۆشەکە یە چیرۆکی ئەوکیژەی کەقوربانی دەستی سیستەمی گەندەڵی سەرمایەداری بوو، چیرۆکی ئەوکیژەی کە لەبەر سیستەمی پیاوسالاری دەبوو خۆی بکاتە کوڕ تاوەکو بژێوی خۆی خێزانەکەی دابین بکات…