ڕادیۆى سیاسى… نووسینی: کۆژین بەهادین
لە بنەرەتدا ریفراندۆم ئەلگۆ و فۆرمێکە بۆ بەشداری پێکردنی هاوڵاتیان لە بڕیاردان بۆچارەسەری پرس و کیشەیەکی ئاڵۆزکاوی سیاسی، یان ئاڵوگۆر و کردنی پرۆژەیەک، کە هاودەنگی گشتی لەسەر بێت… بەو مانایە دەستبردن بۆ ریفراندۆم، لەپێش هەموو شتێکدا، دەبێ بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان مەبناکەی بێت، نەک شتێکی تر.
گومان لەوەدا نییە، خەڵکی کوردستان نەک تەنها تامەزرۆی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، بەڵکو دنیایەک قوربانیان لەو پێناوەدا داوە… وە هاوکات خوازیاری ئەوەن بەشێک بن لە بریاری سیاسی و دەنگ و ویست و داخوازییەکانیان، بەهەند وەربگیرێت.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و لە ژێر سایەی دوو دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی و بنەماڵەیی، هەموو پرس و مەسەلەیەکی سیاسی لە دیدی بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەدا، بریای لێدەدرێت. ڕیفڕاندۆم کاتێک لە زۆرێک لە وڵاتان ناوى دەهێنرێت تەواوى پێکهاتەى ئەو وڵاتە دڵخۆش دەبن و یاد و دیدى ڕۆژى سەربەخۆى و ڕاگەیاندنى دەوڵەتەکەیان بیر دەکەوێتەوە کە چەندین نەوە پێش ئەوان هەوڵیان بۆ داوە و چەندین شەهیدیان بەخشیوە لە پێناو دروستکردنى دەوڵەتەکەیان.
بەتەنها لە کوردستان نەبێت لەگەڵ هاتنى ڕۆژى ٢٥/٠٩ هەموو ساڵێک ڕۆژى ماڵوێرانى و بچووکبونەوەى قەوارەى کوردستان و تێکدانى داهاتوو میلەتێک و بەفیڕۆدانى هەوڵ و قوربانى چەندین نەوەى پێشووە. دێتەوە بیرم کە چۆن مەسعود بارزانى لە ساڵى ٢٠١٧ بەوپەڕى لوت بەرزى و لە خۆبایبوونەوە هاوارى دەکرد (هێندە حساب بۆ ئێوە ناکەم) ئەو کاتەش و ئێستاش نازانم ئەو قسانەى بەرامبەر کێ کر، چونکە لە نێو یاریگاى فرانسۆ هەریر بوو لە شارى هەولێر و ئەوەى بەرامبەرى بوو هاوڵاتیانى بەشمەینەت و زۆرێک لەو میللەتە فریودرا و هەڵخەڵتێنراوە بوون کە بەناوى سەربەخۆیەوە کۆکرابوونەوە کە جەنابى سەرۆک قسەیان بۆ دەکات.
بەڵام دەبوو لەوە تێبگەشتینایە ئەوە مەبەستى میلەتى خۆى بوو کە حساب بۆ کەس ناکات نەوەکو وڵاتانى هاوپەیمان یان عێراق و ولاتانى تری دراوسێ، چونکە هەر لە باوکیەوە ئەو ڕێچکەى گرتووە ئەویش پێیان وت ئاشبەتاڵ مەکە هێز و پارە و پێشمەرگەت هەیە خیانەت لە کۆمارى مهاباد مەکە، بەڵام زۆر بە بێ شەرمانە بە زمانى فارسى لە ڕۆژنامەى ئەوکاتە دەوڵەتى ئێران وتى (کاری من تمام است (کاری من تەواو بوو).. چونکە نابێ مێژوومان بیرچێتەوە مەلا مستەفا و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ روسیا و شای ئێران هۆکارى سەرەکى شکستى یەکەم کۆمارى کوردى بوو…
پێشینان جوانیان وتووە!! (گیا لەسەر بنجى خۆى دەڕووێت) , مەسعود بارزانیش هەموو وڵاتانى دونیا پێیان وت دانیشە شتێک ئەشکێنیت, وتى سەرێکە و هێناومە ئەبێت یان سوار سەرى خۆم ببم یان تێکى بدەم.
بەڵام قسەکەى خۆى بردە سەر و سەرکەوتوو بوو لەوەى هەم سوار سەرى خۆى بوو هەم تێکیشى دا, ئەوەى لەهەمووى ڕووقایمتر و بێشەرمانە ترە ئەوەیە لە دواى ئەو هەموو کارەساتەى دروستى کردووە ئەمڕۆ لە دواى تێپەڕبوونى هەشت ساڵ دەڵێت (ئەوەى ئەمڕۆ دەچێندرێت سبەى دەدورێتەوە).!!!
دیارە بیر چووە چی چاندووە، دڵنیام ڕاوێژکارەکان ئەمجارەش دەستیان لێ بەرداویت و چوویتەتەوە سەر گڵەکە, بەڵام هەموو ئەوانەى تۆ چاندوتن ئەمانەن جەناب هەر لە قەیرانى دارای و لە دەستدانى خاکى کوردستان و خیانەى ٣١ ئاب ١٩٩٦ و ١٦ ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ , ئەو تولە ڕێگەى کە لە پاریس بە کۆڵێک پارە کڕیوتە, یان ئەو ڕادیۆیەى کە پێیان کردیت لە ڕیفراندۆمدا وت دەرگا دامەخەن خۆشت بوویت بە ڕادیۆکردن حکومەتى عێراقی بەردەوام ڕادیۆى سیاسیت پێدەکات، چونکە لەگەڵ هەموو لێدوانێکتدا کێشە بۆ موچەخۆرانى کوردستان دروست دەکەیت, ئەوە هەر باسى ئەوە ناکەم هەموو دەڵێن ڕیفراندۆم چەکى بەهێزە و تاپۆی ڕەشە. بڕوابکە هیچ شتێکى باش نەکردووە هەتاوەکو بیدوریتەوە، چونکە خۆت هەڵگرى دروشمێکیت لە ساڵى ١٩٩٦ کە دەڵێیت (ئەگەر پێمان بڵێن پردێک دروست بکە ناتوانین بیکەین، بەڵام پێمان بڵێن بیڕووخێنە دەزانین) لەبەر ئەوە تۆ تێکدان و ماڵ کاولکردن هەر لە مەعدەنتا هەبووە. بەجۆرێک ناچار کردوویت لەلاى میلەتانى تر بڵێن ئەمە سەرکردەى کورد نییە تاوەکو تۆزێک ئابڕو بکڕینەوە.
*************