دان نان بە دەوڵەتی فەلەستین، هەنگاوێکی گرنگ!!
دوای ماوەیەکی کەم لە دان نانی دەوڵەتی فەرەنسا بە دەوڵەتی فەلەستیندا، لەم چەند رۆژەدا هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و پورتوگالیش بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا. لە بەرامبەر بە دانپیانانی ئەو دەوڵەتانە بە دەوڵەتی فەلەستیندا، دەوڵەتی ئیسرائیل هەم هەنگاوەی بە “پاداشت بەخشین بە حەماس” ناوزەد کرد و رای گەیاند “هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی بوونی نییە”.
داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، لەجەرگەی داگیرکاری و هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بۆسەر فەلەستینیەکان و جینۆسایدێکی ئاشکرا کە لە غەززە، ئەنجامی دەدات، ئاڵوگۆرێکی گەورەیە لە ریزبەستنێکی نوێی نێودەوڵەتی لە پەیوەند بەکێشەی چارەسەرنەکراوی خەڵکی فەلەستین و لەوەش زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
پشتیوانی بی مەرج و هاوکاری بێدریغ و بەردەوامی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لەو ملهورییە ئاشکرایەی بەبەرچاوی دنیاوە ئەنجامی دەدات، لەلایەکەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار کردووە، هەڵوێستەیەک بە پشتیوانیان لە دەوڵەتی ئیسرائیل بکەن و خۆیان لە ژیڕ هەژموونی رەهای ئەمریکا، دوربخەنەوە، لەلایەکی تریشەوە ئاستی نارەزایەتی شەقام و دنیای شارستانی لەبەرامبەر بە ملهوری ئیسرائیلدا، لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆتە گوشارێکی گەورە لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپا، بۆ بریاردان بە داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا.
کاردانەوەی دەوڵەتی ئەمریکا و ناڕازی بوونی بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپادا بۆ داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، نەک تەنها پشتیوانییە لەو جینۆسایدەی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، بەڵکو رەتکردنەوەی هەر هەنگاوێکە بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پشێوی و ناسەقامگیری ناوچەکەیە.
وێناکردنی داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، بەوەی پاداشتە بە حەماس، لە بنەرەتدا پاداشتی دەوڵەتی ئەمریکایە بە ئیسلامی سیاسی و حەماس. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی پێگرتنی ئیسلامی سیاسی بە حەماس و رەوتەکانی تری ئیسلامی سیاسی، داگیرکاری ئیسرائیل و چارەسەرنەکرانی کێشەی خەڵکی فەلەستینە.
دان پیدا نەنان و رەتکردنەوەی پشتیوانی بە دەوڵەتی فەلەستین و بە فەرمی نەناسینی پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، شتێکی تازە نییەو پەیوەندی بە حەماسەوە نییە. دەوڵەتی ئەمریکا بەر لە بوونی حەماس و باڵادەستی هەژموونی هێز گەلی ئیسلامی بەسەر کیشەی فەلەستیندا، یان خۆ هەڵواسینی ئیسلامی سیاسی بە کێشەی فەلەستینەوە، نەک تەنها دژی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین بووە، بەڵکو رێگری لەوە کردووە کە دەیان و سەدان بریار و بریارنامەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان، بچنە بواری جێ بەجێکردنەوە. ڤیتۆی ئەمریکا لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، یەکێک لە هۆکارەکانی دریژەکێشانی ئەم دۆخەیەو ڕیگر بووە لە چارەسەری کێشەی خەڵکی فەلەستیندا.
بچوککردنەوەی کێشەی خەڵکی فەلەستین و هێنانە خوارەوە و گریدانی بە حەماس یان رەوت گەلی تری ئیسلامی، جگە لە خۆڵکردنە چاوی رای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچی تر نییە، لە کاتێکدا چ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چ رای گشتی شەقام و دنیا و ئۆردوی ئینسانیەتی ئازادیخوازی جیهان، دەزانن کێشەی خەڵکی فەلەستین زۆر کۆنتر لە بوونی ئیسلامی سیاسی و حەماسە و لە بنەرەتەوە حەماس و سەرجەم هیزو لایەنە سیاسیەکانی تر فەلەستینی دەرهاوێشتەی چارەسەر نەبوونی کیشەی فەلەستین و بێ بەشکردنی خەڵکەکەیەتی لە دەوڵەتی ئازادی خۆیدا.
کێشەی فەلەستین لە ئێستای دنیادا، تەنها کێشەیەک نییە، لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستنیەکاندا، بەڵکو لە کیشەیەکی گرنگ و چارەسەنەبووی تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بۆتە کیشەیەک کە رەنگ وبۆی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە گرتووە و بۆتە دۆسیەیەک لە ململانێی بلۆک بەندیەکانی دنیا و جەمسەرە ناوچەییەکان.
زۆر بوونی ژمارەی دەوڵەتەکان، بە داننان بەدەوڵەتی فەلەستیندا لە کۆبونەوەی ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، تەنها هەڵوێستەیەک نییە، بۆ نزیک بوونەوە لە چارەسەری کێشەیەکی سیاسی و گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵکو رووبەرووبوونەوەیەکی ئاشکرای بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
کاردانەوەی توندی دەوڵەتی ئەمریکا و بەتایبەتیش ئیسرائیل بە داننان نان بە دەوڵەتی فەلەستین و پێداگری ئیسرائیل بە کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە، هەنگاوێکی راگەیەنراوی پێشووی ئیسرائیلە، کە نەک تەنها کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپا و هەوڵێکە بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ هەرهەنگاوێکی نێودەوڵەتیدا بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین، بەڵکو راکیشانی زوربەی ناوچەکەیە بۆ بۆ ناو کیبەرکێەیەکی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کە بەناوی “رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ” بانگەشەی بۆ دەکرێت. ئەم سیاسەت و خەونەی دەوڵەتی ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا بە دوور نازانرێت، ئاستی جەنگی ئێستا، فراوانتر بکات و لایەن و دەوڵەتی تری ناوچەکە لە دوور مەودادا بخاتە ناو چوارچێوەی جەنگێکی بەرینتر و فراوانتر، لەوەی ئێستا هەیە.
لە هەموو حاڵەتێکدا، رەوەندی داننانی وڵاتان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، ئەگەر رەمزیش بێت، بەجیا لە ململانێی ناوخۆیی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بلۆکبەندی و جەمسەربەندییە تازەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان، لە بنەرەتدا ئاکامی گوشاری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە. بزوتنەوەیەک لەگەڵ بەردەوام بوون و بەهێزبوونیدا دەتوانێت رۆڵی بەرجەستەی بە ئاراستەی چارەسەری کیشەی فەلەستیندا هەبێت و دەستی دەوڵەتی ئیسرائیل لەو ملهوری نواندنە ببەستێت و ئەمریکاش ناچار بکات، مل بەو ئەمری واقعە بدات، کە بەرهەمی بزوتنەوەی فراوانی جەماوەری دنیای ئازادیخواز و ئاشتیخوازە.
عەبدوڵا مەحمود