پێویستە دەستی حزب لە خوێندن و پەروەردە کۆتا بکرێت!!
کەس گومانی لەوە نییە کە حزب و حزبە دەسەڵات بەدەستەکان، دەستیان ناوەتە سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگە و پاوانی سەرجەم کەرت و بەشەکانی کۆمەڵگە و بازارو داهات و سامانیان کردووە. لەو نێوەدا ئەوەی زۆر مەترسیدارە دەست تیوەردانی حزبە لە بواری خوێندن و پەروەردەو فێرکردندا. بەپێی لێدوانی شارەزایانی بواری پەروەردەو چەندین مامۆستا، حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان لە ئاستی هەرە سەرەتایی و باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان، دەستوەردان دەکەن… بەڕێوبەری قوتابخانەکان و یاریدەدەرەکانیان سەر بەحزبەکانن و بەپێی تەزکیەی حزبی دامەزریندراون. ئەم دۆخە کە حزب دەستی ناوەتە بینەقاقای پرۆسەی پەروەردەو خوێندن و فێرکردن، میراتی بۆگەن و بەجێماوی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ملهوڕەکانی وەکو رژێمی بەعسە. رژێمی بەعس بەمەبەستی زانیاری کۆکردنەوە و لەراستیدا بۆ سیخواری کردن بەسەر خوێندکاران و مامۆستایانەوە بەرێوەبەرەکانی دەبوو بەعسی بوونایە، ئەو میراتە کە گوێ بە توانایی و لێهاتووی نادات و کەسانی حزبی دەکاتە بەرێوەبەر و یاریدەری بەڕیوەبەر و مەرجی ئەم پۆستانە بەندە بە پشتیوانی لق و ناوچە و کۆمیتەو مەڵبەندەکان، هەمان ئەلگۆی بەعسە کە حزبەکانی کوردستان پەیرەوی لێدەکەن.
دیارە دەستوەردانی حزب تەنها لەو ڕێگایەوە نییە، بەڵکو لە رێگای رێکخراوەی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و چەندین رێگای ترەوە دەستوەردان لەم کایەی خوێندن و پەروەردەدا دەکرێت… جیا لەوانە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خویندن و بەتایبەتی لە گێرانەوەی میژوودا، بە سودی بزوتنەوەی کوردایەتی و رابەرانی کەڵکی لێوەردەگیریت. پرۆگرامی کۆنەپەرستانە و تەنانەت هەڵاوردن ئامێز پەیرەوی لێدەکرێت.
ئەم دەستێوردانە لە بواری خوێندن و پەروەردەدا، کاریگەری ئیکجار سلبی لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دادەنێت و ئاستی بەرەو لاوازی دەبات. کاریگەری لەسەر خەلاقییەتی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەدەو خوێندن دادەنێت، کاریگەری لەسەر خویندکاران لەهەموو ئاستەکاندا دەبێت.
پارتی و یەکێتی دوای زیاتر لە ٣ دەهە دەسەڵاتدارێتی لە جێگای ئەوەی ئێستا شوێنەواری میراتی بەعسیان لەناو لەم کایە گرنگ و چارەنووسەسازە کە ئایندەی نەوەکانی کۆمەڵگەی پێوە بەندە، لە بەین بردبا، کەچی تاکو ئێستا دەستیان بەو میراتەی بەعسەوە کردووە کردویانە کوردی. بەراستی مامۆستایان و خوێندکاران و کارمەندانی پەروەردە کاتێک دەبینن هیشتا بە پشتیوانی تەزکەی حزبی بەڕیوەبەر و یاریدەدەرکانیان دادەمەزرێنرین، جگە لە بیرهاتنەوەی کارنامەی بەعس چیت دەبینن؟
کاتی ئەوە هاتووە مامۆستایان و خویندکارانی دڵسۆزو پێشکەوتنخواز، بە خەباتی لێبراوانەو یەکگرتوانەیان گوشار بۆ دەسەڵاتی زۆنەکان بهێنن کە دەست بەرداری دەستوەردان لە کایەی خویندن و پەرەوردە بن و ڕیگا بکەنەوە بۆ خوێندن و پەروەردەیەکی ئازاد و سەربەخۆ، کە کاریگەری گەورەی لەسەر نەوەکانی و ئایندەی کۆمەڵگە دەبێت…
بۆپێشەوە