بێ موچەیی و دەستپێکی ساڵی تازەی خوێندن!

0

چەند ڕۆژێکی تر ساڵی تازەی خوێندن دەست پێدەکات و بریارە ٢١/٩/٢٠٢٥ دەرگای قوتابخانەو پەیمانگا و زانکۆکان بکرێنەوە. لە کاتێکدا بە سەدان هەزار خویندکار لە ئاستە جیاوازەکاندا روودەکەنەوە دەوام، کە کێشەی دواکەوتنی موچە، نەک چارەسەر نەبووە، بەڵکو ئاسۆیەکی رۆشن بۆ چارەسەری لە ئارادا نییە.

دواکەوتنی موچە، کە فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی لەگەڵی بەرەو ڕوون، لەگەڵ خۆیدا سەرجەم کۆمەڵگەی پەلکێشی دۆخێکی نەخوازراوی برسێتی و نەبوونی کردۆتەوە، کە کاریگەری نەک تەنها لەسەر پرۆسەی خوێندن، بەڵکو لەسەر سەرجەم کایەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان هەیە.

پێشمەرجی خوێندنی تەندروست لە هەر جێگایەکی دونیا، بەجیا لە کەشی ئارامی سیاسی، دوورراگرتنی خوێندن و پەروەردە لە قەوم گەرایی و تایفەگەرایی و دین و مەزهەب گەرایی و…تاد، بەهرەمەند بوونی هاوڵاتیانیەتی لە لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستیەکانی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە، لە بینای شیاو و گونجاو، مامۆستای پێویست و پەرەدان بە تواناییەکانیان، تاقیگە و مەنهەجی تەندروست و ئینسانی پشت بەستوو بە زانست و پێشرەویەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە، کەشی ئارام و بەرابەر…

بەداخەوە لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا، بەو هۆیەوە خودی دەسەڵاتی سیاسی خاڵییە لە هەموو ستاندارد و پێوانەیەکی ئینسانی مۆدێرن، خودی پرۆسەی خوێندن، وەکو بەشی زۆری کایەکانی تر، وێران و داروخاوە. نەبوونی قوتابخانەو بینای پێویست، تاقیگە و کەشی ئارام، نەبوونی ژمارەی پێویستی مامۆستا و گوێنەدان بە پەرەدان بە توانا سازیان، نەبوونی مەنهەجی خوێندنی زانستی و سەردەمی، گوێنەدان بە ئاینندەی نەوەکانی، بەهەند نەگرتنی توانایی و لێهاتوویی و زاڵکردنی هەژموونی سیاسی و حزبی بەسەر پرۆسەی خوێندندا، گورزی گەورەیان لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە داوە.

لە هەموو ئەوانە واوتر، برسیکردنی هاوڵاتیان و بێ موچەیی و دواکەوتنی موچەیە… نەبوون و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، کە دەکاتە بڕینی هەموو توانایی و سەلیقیەکی پێویست و بێ بەهاکردنی ژیانێکی سادە، گەورەترین گوزری لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە داوە. بایکۆت و بەردەوامی مانگرتن و کۆبونەوە و خۆپیشاندانی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، وەکو کاردانەوە و بەرگری لە ژیان، هەموو ساڵێک هەنگاوێک پرسی خوێندن و پەروەردەو ئاستەکەی دەباتە دواوە و لەوەش زیاتر ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان رەوانەی ئوردوی بازار و کار و بێبەش لە خوێندن دەکات، کە ئەم دۆخە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسی سەرەکیەتی.

بێ موچەیی و دواکەوتنی وای لە بەشێکی زۆری مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە کردووە، کە بە ناچاری شتی ناوماڵەکانیان بفرۆشن و دەست لە زۆر پێداویستی ژیان کردن هەڵبگرن، هاوکات دەست بۆکاری تر ببەن، تا بتوانن ژیانێکی مەمرەو مەژی بژین، بەجیا لەوانە ئەو دۆخە نەک ساڵانە دەسپێکی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دوا دەخات، بەڵکو ئاستی خویندن و پەروەردەش بەرەو داکشان دەبات.

لە ئێستادا کە تەنها چەند رۆژێک بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ماوە، پرسی بایکۆت و مانگرتن و بۆتەوە بژاردەیەکی ناچاری مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتی سیاسی کە چیتر کایە بەپرسی خوێندن و پەروەردەو ئاینندەی نەوەکانیان نەکات. مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، پێویستە، لە جوڵانەوەی ئەو دەورەیەدا، بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی خەباتکارانەی پێشوویان جوڵانەوەیەک وەڕیبخەن، کە گەورەتر و رێکخراوتر و سەراسەری تر لە پێشوو بێت، کە پشتیوانی سەرجەم کۆمەڵگە و لە پێشیانەوە پشتیوانی کەس و کاری خوێندکاران بۆخۆیان زامن بکەن. جیا لەوەش کاتی ئەوە هاتووە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، دەست ببەن بۆ پێکهێنانی رێکخراوەیەکی سەربەخۆی مامۆستایان، کە بەرژەوەندی هاوبەشی مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە، مەبناکەی بێت.  

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.