سەردەمی جوانییەکان بەسەرچوو!…
بەشێک لە ژنان و زۆرینەیەکی ڕەها لە کچانی ئەمڕۆ، بۆ بەرکەوتن و دەست لێدان نابن، چونکە دەستبردن بۆ میزەڵان چەند پڕ هەست و بەچێژە بۆ ئەوانیش هەر ئەوەندە.
بە مناڵی هاوڕێیەکم هەبوو ناوی نەوزاد بوو، سمێڵمان تازە گووگرە بوبوو، باوەڕ بفەرموون بە هەردووکمان قلێکمان هەبوو، ئەویش کچۆڵەیەکی ڕەقەڵە، قژلوولێکی ڕەشتاڵەی گڕژومۆن، وەختێ ئەهاتە بەردەرگا هەردووکمان پەنجەمان ئەبرد بۆ سەرمان، قژمان بەرەو ژوور هەڵماندەدایەوە، یەعنی ها بە ئیشارەت پێتدەڵێم حەزم لێتە، جا ئەو ئیشارەت میشارەتەیش هەر نەوزاد فێری کردم، بەڵام نازانم ئەو کێ فێری کردبوو.. وەلحاڵ, مەبەستم ئەو جوانییانەیە کە سروشت بە مرۆڤی بەخشیون، ئەوێ ڕۆژێ بینینی ئەو کچە گرژە، کە هەموو جارێ لە بری خەندە و نیگاکردن خێسەی لێ ئەکردین، زۆر جوانتر و بەچێژتر بوو لە بزەو پێکەنین و نواندن و نازومەکری کچان و ژنانی ئەمڕۆ.
ئەوێ ڕۆژێ دەست و لێوەکان بەر گۆشت و خوێن و پێستی زیندوو دەکەوتن، لێ ئەوڕۆ بەر شتێکی تر دەکەون..
ئێستا لەترسی ئەوەی کاڵ نەبنەوە ناوێرین پەنجە لە برۆکان بخشێنین، لە ترسی ئەوەی بڕۆژڵە و عەدەسەکان نەکەونە خوارێ ناوێرین چاوەکان ماچ کەین، لە ترسی ئەوەی لە گرێژەنە دەرنەچێ و بەلایەکی تردا نەکەوێ ناوێرین پەنجە ببەین بۆ لووت، ناوێرین بە دوو پەنجە ڕوومەت بگوشین بۆئەوەی چرچولۆچ نەبن، بۆئەوەی ناودەممان پڕنەبێ لە لینجاوی فیلەر ناوێرین بە باشی لێوەکان بمژین، بۆ ئەوەی لەپی دەستەکانمان پڕنەبن لە سلیکۆن و نارنجۆک ئاسا نەتەقنەوە بە چڕوچاوماندا ناتوانین بە ئیشتیهای پەنجە مەمکان بگووشین..
ئەوجا ئیدی لەبەر پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی داناگەڕێم بەرەو خوار و ئەو شتانە، خوایە تەوبە.
سەردەمیی جوانییەکان بەسەرجوو، ئەرزشی تام نەما، هۆردووی شوشە دەستیگرت بەسەر بۆنی سروشتی مرۆڤدا، شکۆی بەرکەوتن شکا، میزەڵان جێی بە پێست لێژکرد، قەیرانی دەرکەوتنی خەت و خاڵ و ویقارە ئەمڕۆ، جەستەکان پڕ بوون لە نایلۆن و… زۆر شتی تریش، بەڵام ئەوەندە بەسە.
جا چەند جوان و شیرینن ئەو مرۆڤانەی بە بەشی سروشت ڕازین و دەستی وەستا و کرێکارەکانی جوانکاریی بەریان نەکەوتووە.
ئارام حەسەن