مەلا بەختیار کە پێویستی بە پارە بێت، لە ماڵی مام جەلال داوا دەکات!
مەلا بەختیار کە پێویستی بە پارە بێت، لە ماڵی مام جەلال داوا دەکات!
لە بەرنامەی هاوڵاتی و دەسەڵاتی لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) کە تایبەت بوو بە نمایشی مەلا بەختیار بەناو شارەکانی خانەقین و کەلار، پێشکەشکاری بەرنامە لە مەلا بەختیاری پرسی”…دەنگۆی ئەوە هەیە کە تۆ دوو ملیۆن دۆلارت لە پارتی وەرگرتوە، ئەو پارە بۆ خۆت بووە یان بۆ یەکێتی؟”
مەلا بەختیار ئەوەی رەت نەکردەوە کە دوو ملیۆن دۆلاری لە پارتی وەرگرتوە، بەڵام “وتی بێگومان بۆ یەکێتی بوو نەک بۆ شەخسی خۆم، من ئەگەر پارەم بۆ خۆم پێویست بێت بۆ لە پارتی داوای دەکەم، دەڕۆم لە ماڵی مام جەلال داوای دەکەم…”!!
ئەم وەڵامە گەلێک پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لە پێشدا پرسیار ئەوەیە کە پارتی ئەم دوو ملیۆن دۆلارەی لە کوێ هێناوە؟ بێگومان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روون و ئاشکرایە کە سەرچاوەی داهاتی ئەم حزبە دەسەڵاتدارە ستەمکار و تاڵانچیانە، شتێک نییە جگە لە بەتاڵانبردنی داهاتی ئەو کۆمەڵگایەی کە دانیشتوانەکەی بە بەهانەی قەیرانی دارایی غەرقی نەداری و نەهامەتی کراون. کرێکار و مامۆستا و فەرمانبەر شەقامی شارەکانیان هەژاندوە و تەنها داوای سەرەتاییترین مافی خۆیان دەکەن کە کرێ و موچەکانیانە، بەڵام دەسەڵات بە داپلۆسین و ڕیژنەی گوللە وەڵامیاندەداتەوە، کەچی وەکو شەریکە تاڵان لە ئاست یەکتریدا ئەوەندە دەست و دڵ فراوانن بە دوو ملیۆن دۆلار پێشکەش بەیەکتری دەکەن. ئەو پارەیە نە موڵکی باوکی پارتیە و نە هیچ رەوایەتیەکی بۆ یەکێتی هەیە، هەردوولایان تاڵانچین و هیچی تر.
خودی ئەوەش کە پارتی بۆچی ئەو بڕە پارەیە بە یەکێتی دەبەخشیت بۆخۆی پرسیاریکە، بەڵام لێرەدا مەبەستان نییە لەسەر ئەوە بڕۆین، چونکە دەمانەوێ فۆکوس لەسەر مەسەلەیەکی تر بکەین. خودی قسەکەی مەلا بەختیار دەربارەی ئەوەی کە “ئەگەر پێویستی بە پارەبیت لە ماڵی مام جەلال داوا دەکات” مانای ئەوەیە ماڵی مام جەلا خەزینەیەکی گەورەیە و سیخناخە لە پارە، بەڵام ماڵی مام ئەم خەزینەیەیان لە کوێ هێناوە؟ ئەوە پرسیارێکی گەورە و شایانی ئەوەیە لەسەری راوەستین. بە تایبەت چەند ساڵ لەمەوبەر مام جەلال لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ “الشرق الاوسط” باسی ئەوە دەکات کە ئەوان لە ماڵی دنیادا خاوەنی هیچ نین جگە لە شوقەیەکی سادە کە لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە!! تەنانەت دەڵێ شەوێک لەگەڵ هێرۆی هاوسەرم باسمان لە نەداری خۆمان دەکرد، هێرۆ وتویەتی ئێمە لەم دنیایە خاوەنی هیچ نیین ئەگەر بمرین مەگەر شارەوانی بمانیژێت!!!! مام جەلال دەڵێ من وتم “نا خەمت نەبێت خەڵک خۆشیان دەوێین و بەڕێزەوە دەمان نێژن. مام جەلال کاتێک ئەم قسانەی کردبوو کە خەڵکی نەدار و بێدەرەتانی کوردستان دەیانزانی کە ئەو لە بەغداوە تا شەقڵاوە لە هەموو شار و تەنانەت شارۆچکەیەک خاوەن کۆشێکێکی شاهانەیە. واتە ژیانی شاهانەی ئەم جۆرە سەرۆک و بەرپرسانە و خەزینە سیخناخەکانیان، نهێنی و هۆکاری بێدەرەتانی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستانە. قسەکەی مەلا بەختیاریش بێ ئەوەی مەبەستی بێت شایەتی دانە لەسەر ئەم راستییە. ئەگینا ماڵی مام جەلال لەپای کام کار و کاسبی خاوەنی خەزێنەی زەبەلاحی ئەوتۆن کە ئەگەر مەلا بەختیار و کەسانی وەکو پێویستیان بە ملیۆن و دوو ملیۆن دۆلار بێت دەتوانن لەوانی داوا بکەن. راستیەکەی ئەوەیە ٢٦ ساڵە ماڵی مام جەلال و بارزانی و حزب و دەوروبەرەکانیان، لە ڕێگای بەتاڵانبردنی داهاتی کۆمەڵگە و تەنانەت سەرانە وەرگرتن لە شیری منداڵ و داودەرمانی نەخۆش و خەرجی مەرگەساتی بەساڵاچوان و پەککەوتەکانیش. خاوەنی خەزێنەی زەبەلاحی ترلیۆن دۆلارین و بەسەر بانکەکانی جیهاندا بڵاوەیان پێکردووە. رێگای کارسازی کۆتایهینان بە بێدەرەتانی ئێستاش کورتکردنەوەی دەستی ئەم تاڵانچیانە و سەندنەوەی سامانی بەتاڵان براوە لەلایەن ئەمانە و هاوبەش و دەوروبەرەکانیانەوە. ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێ ئەم حیسابەیان لەگەڵ بکرێت.
بۆپێشەوە