دیاریکردنی چارەنووسی گیراو و کوژراوەکانی لالەزار لە ئەستۆی یەکێتی نیشتیمانییە!

0

 نزیکەی سێ هەفتە بەسەر هێرشی چەکدارەکانی یەکێتی بۆسەر لالەزار و شوێنی حەوانەوەی لاهور شیخ جەنگی تێپەڕدەبێت، کە تیایدا ژمارەیەک چەکدار کوژران و بریندار بوون و بەسەدان کەسیشیان دەستگیر کران، کەچی نەک چارەنووسی گیراوەکان تا ئێستا بەتەواوەتی ئاشکرا نەکراوە و نازانرێت، بەڵکو ژمارەی راستەقینەی کوژراوەکان نادیارەو و هاوکات گەران بۆ دەستگیری لایەنگرانی بەرەی گەل بەردەوامە.

ئەم هێرش و رەفتارەی یەکێتی نیشتیمانی بە پاساوی “کودەتا” و “تێکدانی ئاسایشی شار”، بە بەکارهێنانی چەکی قورسی هەمە چەشن و بە بەشداری هەزاران چەکدار لە ناوجەرگەی شاردا، نەک نیشانەی پابەند بوونی یەکێتی بە یاسا و بەرگرتن بە ئاسایشی شار نەبوو، بەڵکو ژێرپێخستنی هەموو پرانسیپیك و هەموو پێوانەیەکی یاسایی بوو. یەکێتی دەیتوانی بەچەندین رێگای تر بێ ئەوەی شار میلیتاریزە بکات، بێ ئەوەی دەیان هەزار چەکدار بجوڵێنی و بێ ئەوەی ئەو جبەخانە هەمەچەشنە قورسەی چەک، بەکار بهێنێ، ئەو ژمارە چەکدارە بکاتە قوربانی و قەرەبروت  بەسەدان کەس دەستگیر بکات، دەیتوانی لاهور شێخ جەنگی و هاوکارە سەرەکیەکانی دەستگیر بکات و کێشەی خۆی لەگەڵیان بەشێوەی تر یەکلایی بکاتەوە. ئەوەی یەکێتی ئەو ڕیگا بودەڵە سەربازییەی هەڵبژارد، لە بنەرەتدا بۆ ترساندنی کۆمەڵگەو بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری دەنگی نارازی بوو… بەردەوامی لە دەستگیری و بەنادیار هیشتنەوەی ژمارەی قوربانیان و گیراوەکان، بەڵگەی ئاشکرایە کە یەکێتی نیشتیمانی خەریکی یەکلاییکردنەوەی کێشەی سیاسیە و بنەماڵەییە، لەگەل ئامۆزاو نەیارە سیاسیەکەی زۆنی سەوز، لە رێگای سەرکوت و ترساندنەوەو وە رەتکردنەوەی ئازادی هەڵسورانی سیاسییە. ئەگەر وەکو خۆیان دەلێن لاهوری ئامۆزا و چەند هاوکارێکی خەریکی “کودەتا” و پلاندارێژەری “تیرۆری سەرۆک” بوون، ئەی تاوانی لایەنگرانی بەرەی گەل چییە لە شارو شارۆچکەکان دەستگیر دەکرێن؟!!. تەنانەت ئەگەر بەرەی گەل، رەوت و دەستەیەکی نایاساییە!!، بۆچی لە رێگای دادگاوە دەست بەکار نەبوو بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی چالاکی بەرەی گەل و یاساغ کردنی؟

هەموو ئەو رەفتارانەی یەکێتی لە هێرشی چەکداری بۆسەر لالەزارەوە تا دەستگیری بەردەوام و خۆدزینەوە لە راگەیاندنی ژمارەی کوژراو و بریندار و گیراوەکان و مامەڵەی توندوتیژ لەگەڵ گیراوەکان و وەڕیخستنی سیناریۆی دادنپیاننان و بڵاوکردنەوەیان، پێش بریاری دادگا!!، و ساغ بوونەوەی تۆمەتەکانی سەریان نیشانی دەدات، کە یەکێتی نیشتیمانی لە رێگای ئەم سەرکوت و هێز نیشاندانەوە، دەیەوێت زۆنی سەوز چاوترسێن و زەرد بکات و دەنگی نەفرەت و نارەزایەتی کپ بکات. دیارە نەیەکێتی نیشتیمانی نە هیچ هێزێکی سیاسی تر، ناتوانێت زۆنی سەوز، بێدەنگ بکات و بەر بگرێت بە تورەیی و نەفرەتی حەقخوازنەی جەماوەری ئەم زۆنە. بۆیە ئازادکردنی گیراوە سیاسیەکان ولایەنگرانی بەرەی گەل، دەستهەڵگرتن لە دەستگیری و ئاشکرا کردنی ژمارەی کوژراوەکان و چارەنووسی ونبوەکان و گیراوەکان… بژاردەیەکە لە بەردەم یەکێییدا، هاوکات گوشاری خەڵکی ئازادیخوازو بلۆکی ئینسان دۆست و قەڵەم و رۆژنامەنووسە ئازاد و ئازاکان، دەتوانێت یەکێتی ناچار بکات هەرچی زووە، دەست لەو رەفتارە سەرکوتگەرییەی هەڵبگرێت.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.