لەپێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا…

0

ئەم ماوەیە سەرەتای ساڵی خوێندنە لەسەراسەری كوردستاندا، بە سەدان هەزار خوێندكار ڕوودەكەنەوە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن، هەروەها بەهەزاران مامۆستا و كارمەند لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا پێشوازی لە قوتابیان ئەكەن.
 پشووی هاوینە ڕۆشت و پشوو نەبوو، بێ موچەیی، بێئاوی و بێ كارەبایی، نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و گرانی سەرسوڕهێنەر، لە سیمای زوربەی هەرەزۆری قوتابیەكان و مامۆستایان و كارمەنداندا بەڕۆشنی دەبینرێ، هەمووان دەزانن كە ئەوەی پێی وترا پشوو، مەرگەسات بوو.
 دەوام دەست پێدەكات و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، هیشتا موچەی سێ مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە و لەچاوەروانی هات و نەهاتی موچەدان. نارەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان بۆ موچە، خواستی مامۆستایانی گرێبەست بۆ دامەزراندن، دریژەی هەیە، كەچی دەزگا بەرپرسەكان هیچ نابیستن و تا ئێستا وەڵامیان نییە.
 خوێندكاران و مامۆستایان بەدەست دەیان و سەدان گرفتەوە دەناڵێنن، زۆری قوتابی و كەمی بینا، كەمی مامۆستا، كەمی پێداویستیەكانی قوتابخانە، كەمی كتێب و دەفتەرو قەڵەم، ڕەوشی پەروەردەو فێركردنێكی دواكەوتوانەو پڕ توندوتیژی، نەبوونی موچە لەکاتی خۆیدا و كەمی موچەی مامۆستایان و كەم دەرامەتی دایك و باوكانی خوێندكار، لەگەڵ ترس لە سەرماو بێنەوتی و گرانی.. هەموویان یەخەی پرۆسەی خوێندنیان گرتووە.
 خوێندكاران و مامۆستایان لە ناو ڕەوشێكی لەوبابەتەدا دەست دەكەنەوە بە دەوامی ساڵ. لە هەموو گۆشەیەكی ئەم دنیایەدا ئەگەر خەبەرێك لە ژیانی سەردەمی و پێشكەوتن هەبێت، ئەوا خوێندكاران و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن، بنەمای بنیاتنانی پێشكەوتن و نەخشاندنی باشتری ئایندەی كۆمەڵگەیە. زۆرترین بودجەو ئیمكانیات بۆ خوێندن و پەروەردە دابین دەكرێت و توانایی هەمەچەشنی بۆ تەرخان دەكرێت. باشترین دۆخی پڕ ئارام  فەراهەم دەكرێت. ساڵ بەساڵیش نەخشەو پرۆژە نوێ بۆ پێشخستنی دادەنرێت و هەموو هەوڵێك دەخرێتە گەر تا ئاستی زانست و خوێندن بەرەو سەر بڕوات. بەداخەوە لەكوردستاندا ئەمانە نەك نیین، بەڵكە بەهۆی فەرامۆشكردنی لەلایەن دەسەلاتەوە، بۆتە وێرانە.
 هێشتا ژمارەی بارەگا حزبیەكان، و دەزگا هەمەڕەنگەكانی حزب چەند بەرابەری قوتابخانەكان، ئامادەییەكان، ئامادەییە پیشەییەكان، باخچەی ساوایان، و زانكۆو پەیمانگا و.كانن.
 ژمارەی موچەخۆرەكانی حزب بێئەوەی خێرێكیان بۆ كومەڵگە هەبێت، چەند بەرابەری ژمارەی مامۆستایانە.
 موچەی وەزارەتە زیادەكانی حكومەت چەند بەرابەری موچەی هەموو مامۆستایانی كوردستانە.
 پێداویستی وەزارەتە تەشریفاتیەكانی حكومەت، چەند بەرابەری پێداویستی باخچەی ساوایان و هەموو ئاستەكانی تری خوێندنە.
 پارەیەك كە سەرفی پێگەیاندنی كادرانی حزبی دەكرێت، چەند بەرابەری ئەو پارەیەیە كە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان و پێشكەوتنی تەخەسوسیان تەرخان دەكرێت.
 سیما و و نەخشەی بارەگا حزبیەكان و چەند بەرابەری قوتابخانەو باخچەی ساوایان و گرنگی پێدراوە.
 هەموو پێداویستیەكانی وەكو فینك كەرەوە و گەرم كەرەوە بۆ گەرماو سەرما، لەهەموو دامو دەزگا حزبی و حكومیەكان بەزیادەوە هەن، و خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایانیش لەهەموو ئاستەكاندا، یان زۆركەمیان هەیانە یان هەر نیانە.
 باسی بێ ئاو و كارەبایی و هۆڵەكانی سەرگەرمی و وەرزشی و تاقیگە، پێداویستیە سەرەتاییەكانی فێركردن و پەروەردە وەكو كۆمپیوتەرو هۆڵی پشودان و. دەتوانرێ بەشێوەی گشتی بووترێت لە ئاستی نەبووندایە.
 وەسائیلەكانی هاتووچۆو دەماڵەی تێروتەسەل بۆ خوێندكاران و مامۆستایان، تا ئێستا خەونە و ئەوەی كەهەیە زۆرتر لە سوڵكەرانە دەچێت.
 بوار بۆ چێژوەرگرتنی خوێندكاران و مامۆستایان لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا، نزیكە لەسفرو ئەوانەی بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانیاری و پێشكەوتن دەخوێنن بەداخەوە فەزایەك زاڵكراوە بەسەریاندا كە زۆرتر وێڵی تێپەراندن و وەرگرتنی بەڵگەنامەن بۆ دامەزراندن و دابینكردنی و بژێوی ژیانی مەمرەو مەژیان. باسی كۆنی مەنهەجەكان و شێوەی وتنەوەی دەرس و تاقیكردنەوەكان و ترساندنی قوتابیان لە جەنگی دەچوون و دەرنەچوون و دەرەجە هێناندا، جەنگێكە هێندەی ڕووی لە كۆتایی ساڵی خوێندنە، نیوئەوەندە بیركردنەوە لە ئایندەو پێشكەوتنی زانستی دورماوە نییە.
 ترساندنی قوتابیان لەیەكتری و لێك جیاكردنەوەی كوڕان و كچان، جیاكرنەوەی یاری كچانەو كورانە. زۆرجار پەڕاندنی چەند بەش لە بەشی بایۆلۆژی و لە ژێرناوی شەرم عەیبەو دواكەوتووی كەلتوریدا، هەڕەشەو ڕەقی و تەنانەت مانەوەی لێدان و سزای ناپەروەردەیی لە قوتابخانەكاندا، بەسەر خوێندكاراندا، بیروكراتیەت. چەند بەشێكی ترن لە واقعیەتی قێزەونی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن.
 ساڵی تازەی خوێندن، سیخناخە لەو ڕاستیانە، ئەو ڕاستیە تاڵانەی پرۆسەی خوێندن وپەروەردەو زانستی هێناوەتە خوارەوە.
 ئەوانەی لایان وایە لە دۆخێكی ئاوادا دەتوانن خوێندن و پەروەردە بەرەوپێشبەرن، دەتوانن نەوەی سالم و تەندروست بەرهەم بهێنن، لە وەهمدا مەلەئەكەن، لەوەهەمدا دەڕوانە پەروەدەو فێركردن و زانست.
 ئاخر خوێندكار و قوتابیان، جێگای شیاویان نەبێت بۆ دانیشتن، گەرم كەرەوەو فێنكەرەوەیان نەبێت، مامۆستای پێویستیان نەبێت، دەرس و مەنهەجەكانیان ئابدەیت نەكرێت، دەرماڵەی هاتوچوویان نەبێت، كتێب و دەفتەرو دەستڕاگەیشتنیان بەسەرچاوەی پێویست نەبێت، خوێندن خورایی نەبێت، ترس وەكو مۆتەكە دەستی خستبێتە سەر سنگی خوێندگاكان و خوێندكاران…تاد، چۆن دەكرێت چاوەڕێی ئاینندەی باشیان لێبكرێت.
 ئەوەی لەم پاشاگەردانیەی پرۆسەی پەروەدەو فێركردن بەرپرسە، لە هەلومەرجی خوێندكاران و مامۆستایان بەرپرسە، لە ترس و فەرهەنگی دواكەوتوانە بەرپرسە.. نە خوێندكاران و نە مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردەن، بەڵكو دەسەلاتێكی بنیاتنراوی خاڵییە لە زانست و پەروەردەو فێركردنێكی تەندروست و سەردەمی.
 بۆ ئەوەی ئەم تاریكستانەو كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی فێركردن و خوێندن و زانست لە كوردستان وەلابنرێن، تەنها بە سیمینار گێران و كۆنفرانسی پەروەردەیی ناكرێت، بە ئیمزاكۆكردنەوە و پاڕانەوە ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتییە، كە خوێندكارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانكۆكان ودەست لەناودەستی یەك وەرێی بخەن بەجۆریك كە بتوانی دەسەڵات ناچار بكات، بودجە پێویست، زانستی سەردەم، مەنهەجی نوێ، شێوازی پەروەردەو فێركردنی مۆدێرن، وەلانانی ترس و جیاكاری… بكاتە ئەمری واقع.

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.